ئه‌و رۆژه‌ی نه‌خۆشخانه گازباران کرا
پێش ئه‌و کاته‌ش چه‌ند جارێک ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ که‌وتوبووه به‌ر هێرشی کیمایی، به‌ڵام ئه‌وه یه‌که‌مجار بوو نه‌خۆشخانه وا له نزیکه‌وه یببَته نیشانه‌ی فرۆکه‌کانی رژێم ئه‌ویش به چی. به گازی کیمیایی.
نه‌خۆشخانه‌ی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ک له په‌نا چه‌مۆڵکه‌یه‌کدا بوو له دۆلێکی بچووکدا له ده‌ره‌وه‌ی گوندی به‌له‌کجار به‌لاشانی به‌رزاییه‌کی بچووکه‌وه و رووه‌و ده‌به‌رند به‌ره‌وڵی و “حه‌وشی گه‌وره”ی کێوی سه‌رکه‌ش و دیوارئاسای قۆپی قه‌ره‌داخ. به‌چوارده‌وری نه‌خۆشخانه‌دا تا چه‌ندسه‌د مه‌تریش هیچ بینایه‌کی تر نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه نه‌خۆشخانه تا ئه‌و کاته شوێنێکی ئه‌مین بوو و پێ ده‌چوو، هیچ نه‌بێ خۆمان وامان هه‌ست ده‌کرد، که نه‌بووبێته جێی سه‌رنجی فرۆکه‌کانی رژێم که زۆر جار به‌سه‌ر ئاسمانی ئه‌و ناوه‌دا سووڕابوونه‌وه بۆردومانیان کردبوو. کارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه، ئه‌وانه‌ی ئه‌م ساته له‌بیرمدا بن، بێجگه له به‌نده، بریتی بوون له د. فایه‌ق( که ئه‌و ساته له ناو مه‌ڵبه‌ند بوو) د. جه‌لال(که ئه‌و کاته له‌گه‌ڵ هێزدا له‌ناوچه‌ی مه‌ڵبه‌ندی دوو بوو) ، د.مه‌حموود، د. ناجح، وه پزیشکیاره‌کان بۆتان(یادی به‌خێر) و حه‌سه‌ن و عوسمان برایم و جووتیار و شوان سه‌رکه‌وت، سه‌ره‌ڕای مام برایم و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی تر.
ئه‌و رۆژه، 27 ی شوباتی 1988 واته بیست ساڵی رێک له‌مه‌وبه‌ر، رۆژێکی نیمچه ساماڵی زستانی بوو، هه‌وا له‌چاو چله‌یه‌کی دره‌نگدا گه‌رم و ئاسمان شین و دید ڕوون بوو و چه‌ند گه‌واڵه هه‌ورێک شینایی ئاسمانیان له نێوان خۆیاندا به‌ش کردبوو. پێنج شه‌ش نه‌خۆشمان هه‌بوو له دوو ژووی نه‌خۆشخانه‌دا راکشابوون و ئێمه‌ش هه‌ریه‌که‌مان له ژوور و ده‌شتی به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌که‌دا مه‌شغوولی شتێک بووین. هه‌رچه‌نده گوێی پێشمه‌رگه‌و گوندنشین ئه‌وکاته بۆ ده‌نگی فرۆکه مشک ئاسا تیژ بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ستت به ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ری ئه‌و ده‌نگه دوابڕاوه ده‌کرد، به ئاسته‌م فریای ئه‌وه ده‌که‌وتی خۆت بگه‌یه‌نیته کونه‌ته‌یاره‌یه‌ک یان بن به‌ردێک. کاتژمێر سێ و نیو بوو ئه‌وه‌نده‌مان زانی گرمه‌ی فرۆکه هات تا سه‌رمان به‌رز کرده‌وه چه‌ند فرۆکه‌یه‌کمان بینی به‌سه‌ر به‌له‌کجاردا ده‌سوورانه‌وه. به نزمی و سورانه‌وه‌که‌یاندا دیاربوو نیازی ئه‌و ناوه‌یان هه‌یه. ئه‌وه‌نده‌ی به‌په‌له پێمان کرا به فڕکانێک خۆمان گه‌یانده ناو ئه‌و په‌ناگه‌یه‌ی که له به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌که‌دا دروستمان کردبوو.
ئه‌وانه‌ی له‌و نزیکانه بووین و فریاکه‌وتین به پرتاوێک خۆمان خزانده ناو په‌ناگه‌که‌وه. ئه‌وی بۆردومانی فرۆکه‌ی جه‌نگیی بینیبێ یا موشه‌ک و تۆپ به‌ره‌و رووی هاتبێ، ناسینه‌وه‌ی ده‌نگی بۆردومان به‌ره‌و رووت زۆر ئاسانه. ویژه‌یه‌کی قایم تا دێ زیاد ده‌کات و وا هه‌ست ده‌که‌ی بۆمبه‌که راست به‌ره‌و تۆ دێ و هه‌ر ئََێستا ئێسک و پروسکت ده‌با به ئاسمانا. ویژه‌ی دابه‌زینی فرۆکه تا ده‌هات زیاتر ده‌بوو. ئێمه‌ش هه‌ناسه‌مان له‌خۆمان بریبوو، که‌س هیچی بۆ نه‌ده‌هات. خواخوامان بوو هه‌رچی زووتره بۆمبه‌که بدات له‌ئه‌رز و له‌و چاوه‌روانییه رزگارمان ببێ. ویژه‌ی دابه‌زینی فرۆکه گه‌یشته ئه‌وپه‌ری و ده‌نگێکی کپ وتی “ترپ!”
“حه‌و!” له دڵی خۆمدا وتم، ” ئه‌مه هی ئه‌و دابه‌زینه نه‌بوو!”
به‌ڵام من پێشتر بۆردمانی کیمیاییم بینیبوو و له‌ده‌وره‌یه‌کی راهێنانی کیمیاییشدا به‌شداریم کردبوو له گوندی یاخسه‌مه‌ر. له‌به‌رئه‌وه زۆر سه‌یر نه‌بوو به‌لامه‌وه. که ده‌نگی فرۆکه که‌م بووه‌وه، یه‌کسه‌ر له په‌ناگه‌که‌وه سه‌رم هێنایه ده‌ره‌وه. رێک به‌رامبه‌ر کونی په‌ناگه‌گه په‌نجا مه‌ترێک دوور له‌خۆمان به‌سه‌ر به‌رزاییه‌که‌وه دووکه‌ڵێکی سپی چووبوو به‌ئاسمانا.
“کیمیاییه، کوڕینه، وه‌رنه ده‌ره‌وه” به هه‌ڤاڵه‌کانم وت.
هه‌موو به‌په‌له هاتینه ده‌ره‌وه و شپرزه بووین، چی بکه‌ین. به پێی رێنماییه‌کان پێویسته تا ئه‌توانی له شوێنیه‌که دوور که‌ویته‌وه بۆ به‌رزایی و به پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی باوه برۆی. ئه‌ی نه‌خۆشه‌کان؟ خۆناتوانین ئه‌وان بگوێزینه‌وه. بۆیه سه‌ره‌تا به په‌له چووینه ژووری نه‌خۆشه‌کان پێمانوتن که‌وا کیمیاییه، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته خۆیان بپارێزن. په‌رده‌کانمان دادایه‌وه، ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌مان لێ داخستن و وتمان خاولیه‌ک ته‌ڕکه‌ن و بیده‌ن به‌سه‌ر ده‌موچاویاندا و نه‌چنه ده‌ره‌وه تا خۆمان پێتان ده‌ڵێین. خۆشمان به راکردن سه‌رکه‌وتین بۆ به‌رزایه‌کانی به‌رامبه‌ر نه‌خۆشخانه و له بن به‌رده‌کاندا خۆمان مه‌ڵاس دا‌و چاودێری بارودۆخه‌که‌ما ده‌کرد. فرۆکه‌کان نزیکه‌ی 20 ده‌قیقه مانه‌وه چه‌ند سوورێکی تریان خوارد به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا و نزیکه‌ی 40 بۆمبایان هاویشت. بێجگه له‌وه‌ی که یه‌کسه‌ر بینیبوومان، سێ بۆمباری تریش له ده‌وروبه‌ری نه‌خۆشخانه به دووری 50-100 مه‌تر دایان له زه‌وی. دێهاته‌کانی تریش که گازباران کران بریتی بوون له به‌له‌کجار و به‌ردێ و ته‌کیه و به‌ڵخه و گومه‌ته و مه‌ڵبه‌ند.
دوای ئه‌وه‌ی فرۆکه‌کان رۆیشتن ئێمه دابه‌زینه خواره‌وه بۆ نه‌خۆشخانه. ئه‌و رۆژه نه‌مان وێرا بچینه سه‌ر شوێنی بۆمبه‌کان. به‌ڵام له دووره‌وه سه‌یری نزیکترینیانمان کرد. رێک له‌به‌ر لووتی ئه‌مبولانسه‌که‌ماندا دابووی له زه‌وی. دیار بوو ئه‌مبوڵانسه‌که‌ی به‌دی کردبوو. ئه‌م ئه‌مبوڵانسه‌مان له ئازادکردنی شارۆچکه‌ی قه‌ره‌داخ ساڵی پێشوو ده‌ست که‌وتبوو. به قوڕ سواخمان دابوو و له ژێر داربه‌روویه‌کدا دامان نابوو به‌ڵام رۆژی پَشتر باران بوو و زۆربه‌ی قووره‌که‌ی شۆرابووه‌و و دیاربوو لامه‌زه‌ب بریقه‌که‌ی خه‌به‌ری ئێمه‌ی به فرۆکه‌وان دابوو.
یه‌کسه‌ر چووینه لای نه‌خۆشه‌کان، خۆشبه‌ختانه هه‌موو سه‌لامه‌ت بوون. دوای دوو کاتژمێر به‌رایی برینداری کیمیایی له گونده‌وکانه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا. له به‌ردێ و به‌له‌کجار زیانی باشی دابوو، زیاتر له سی سه‌ر بزن و چه‌ند مانگایه‌کی کوشتبوو. بۆمبێک راست له‌به‌رده‌م باره‌گای له‌شکری به‌دردا دابووی له زه‌وی و ئه‌وانیش پارێزیان لێ نه‌کربوو و تێر به‌ده‌وریدا گه‌ڕابوون. زۆربه‌ی زۆری برینداره‌کان، زیاتر له 80% هی له‌شکری به‌در بوون (ره‌نگه ئامانجێکی بۆردمانه‌که‌ش هه‌ر ئه‌وان بووبن چونکه چه‌ندی رۆژ له‌وه‌و پێش چالاکییه‌کیان له سه‌ر رێگه‌ی سه‌نگاو ئه‌نجام دابوو و چه‌ند سه‌ربازێکیان کوشتبوو). ژماره‌یه‌ک هاوولاتیش بریندار بووبوون. تێکڕا نزکه‌ی 200 بریندار هه‌بوو، بێجگه له خۆمان ستافی نه‌خۆشخانه که شه‌و به خۆمان زانی. نیشانه‌کانی برینداره‌کان بریتی بوو له چاو سووربوونه‌وه، ئاوکردن، رشانه‌وه، کۆکه، ته‌نگه‌نه‌فه‌سی، بڵۆق. ئه‌مانه هه‌مووی نیشانه‌ی گازه بلۆقێنه‌ره‌کان بوو له جۆری خه‌رده‌ل و ئه‌وانی تر. ئه‌م گازانه کوشنده نین ئه‌گه‌ر پیاو زۆریان لێ هه‌ڵنه‌مژێ. من پێشتریش له ئازادکردنی قه‌ه‌رداخدا ئه‌م جۆره بۆردمانه‌م بینی بوو و بریندرام چاره‌سه‌ر کردبوو. ئیتر ئه‌و عه‌سره تا نیوه شه‌و ئێمه په‌یتا په‌یتا نه‌خۆشمان بۆ ده‌هات و چاره‌سه‌رمان ده‌کردن. ئه‌و ده‌رمانه‌نانی به‌کارمان ده‌هێنان، پاش پاکردنه‌وه‌ی نه‌خۆش بریتی بوون له قه‌تره‌ی سڕکه‌ری زایلۆکاین بۆ ئازاری چاوو ، ده‌رمانی رشانه‌وه‌و …… چه‌ند که‌سێکیشمان له له‌شکری به‌در داخڵ کرد که گازه‌که کاری له سییه‌کانیان کردبوو، نزیکه‌ی دوو هه‌فته مانه‌وه و سه‌ره‌نجام یه‌کێکیشیان شه‌هید بوو. ئه‌مه یه‌که‌م قوربانیی گازی کیمیایی بوو له ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ تا پێش کارساتی سێوسَینان.
ئه‌و رۆژه و رۆژی دوایی به‌رده‌م نه‌خۆشخانه، به ته‌عبیری ئه‌وسام، وه‌ک له رۆژژمێره‌که‌مدا نووسیومه، وه‌ک به‌رده‌م مه‌رقه‌دی شێخ عبدالقادری گه‌یلانی وابوو ، هه‌رکه‌سه‌و به‌تانیه‌کی دابوو به شانی‌دا و له په‌نا دیوار و له حه‌وشه‌ی نه‌خۆشخانه‌دا کزۆڵه‌ی کردبوو و چاوه‌رێ بوو جارجار قه‌تره‌یه‌ک یا ده‌رزییه‌کی به‌رکه‌وێ تا تۆزێ ئازاری بشکێ.
ئێمه به‌م جۆره مه‌شغووڵی نه‌خۆش بووین بێخه‌به‌ر له‌وه‌ی خۆشمان بریندرابووین. سه‌یر له‌وه‌دابوو ئێمه خه‌می نه‌خۆشکانی خۆمان بوو که به‌جێمان هێشتبوون، ئاخر به‌حساب ئێمه دوور که‌وتبووینه‌وه له شوێنی بۆمبه‌کان.!! خه‌تێکی موه‌لیده‌مان له مه‌ڵبه‌نده‌وه بۆهاتبوو که شه‌وان کاره‌بای بۆ هه‌ڵده‌کردین. ئه‌و شه‌وه که کاره‌با هاته‌وه گڵۆپه‌کان تینی نه‌بوو. له‌سه‌ر سفره دانیشتبووین و هه‌ندێ مشتومڕیشمان کرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆچی گڵۆپه‌کان تینیان نیه.. هه‌رکه‌سه شتێکی ئه‌وت، یه‌کێکیش به سوعبه‌ته‌وه وتی دیاره موه‌لیده‌که کیمایی لێی داوه و سه‌ره‌نجام وتمان دیاره موه‌لیده‌که ئه‌مشه‌و ناته‌واوه. ئه‌وه‌مان قه‌بووڵ کرد تا کاتژمێر نزیکی هه‌شت که ئه‌چووین بۆ لای نه‌خۆشه‌کان ده‌رمانیان بده‌ینێ. نازانم کام له براده‌ران بوو باسی گڵۆپه‌کانی کردبوو لای نه‌خۆشه‌کان و وتبووی ئه‌مشه‌و تینیان نیه. نه‌خۆشه‌کانیش قسه‌که‌یان به‌لاوه سه‌یر بووبوو وتبوویان وه‌لڵا هیچ عه‌یبی نیه، هه‌ر وه‌ک شه‌وانی تره. ئه‌ویش حه‌په‌سابوو. چۆن شتی وا ئه‌بێََ! لای پێشمه‌رگه‌کان گڵۆپ کز‌و لای نه‌خۆشه‌کان ئاسایی!! بانێکه‌و دوو هه‌وا!
که براده‌ره‌که‌مان به ئێمه‌ی وت، ئێمه‌ش هه‌موو سه‌یرمان لێ هات. باوه‌رمان نه‌ده‌کرد گڵۆپ لای ئێمه کزبێ و لای ئه‌وان ئاسایی. هه‌موو چووینه‌وه لای نه‌خۆشه‌کان بۆ دڵنیایی! که‌چی گاڵته‌یان پێ کردین، وتیان بابه هه‌ر وه‌ک شه‌وانه‌ی، هیچ فه‌رقی نیه!!
که‌واته خۆیه‌تی، دیاره چاومان ته‌ڵخ بووه و کاریگه‌ریی کیماییه‌که‌یه. شته‌کانی ترم بیستبوو له وێنه‌ی چاو سووربوونه‌وه و ئاو کردن و ئازار، که ئێمه هیچیمان نه‌بوو، به‌ڵام کزبوونی چاو بێ ئه‌وه‌ی هیچ نیشانه‌یه‌کی تری له‌گه‌ڵ بێَ، ئه‌مه‌م نه‌بیسبوو. به‌هه‌رحاڵ وتمان دیاره کیمیاییه‌که کاری له‌چاومان کردووه. هه‌موو دامانه پێکه‌نین گه‌رچی نیگه‌رانیش بووین. ئیتر زوو زوو به لاقرتییه‌وه به یه‌کمان ده‌وت، “به‌ڵێ گڵۆپه‌کان کز بوون!”
به‌وجۆره خه‌وتین به‌ده‌م نیگه‌رانیی چاومانه‌وه. به‌یانی که له‌خه‌و هه‌ستاین، هه‌موو که‌م تازۆر تووشی چاو سووربوونه‌وه بووبووین. ئینجا دڵنیا بووین که به‌ڵێ ئێمه که به‌حساب چووبووینه به‌رزاییه‌کان و خۆمان پاراستبوو، کیمایی لامه‌زه‌ب کاری لێ کردووین، که‌چی نه‌خۆشه‌کان، که له ژووره‌کاندا مانه‌وه پارێزراوبوون. لێکدانه‌وه‌کان بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌بوو، ئێمه زۆر نزیک بووین له یه‌که‌م بۆمب و له‌کاتی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌دا و کاتێ چووینه‌ته‌وه لای نه‌خۆشه‌کان پاشان تا گه‌یشتووینه‌ته به‌رزاییه‌کان هه‌وا هه‌ندێ له گازه‌که‌ی ماڵیوه به سه‌روچاوماندا به‌ڵام نه‌خۆشه‌کان چونکه له شونێکی قه‌پاتدا بوون، گازه‌که زه‌فه‌ری پێ نه‌بردوون.
رۆژی دوایی بارانێکی چاک باری. شوێنی بۆمبه‌کانی تاراده‌یه‌ک پاک کردبۆوه. من چوومه سه‌ر جێگه‌ی بۆمبی لای ئه‌مبوڵانسه‌که تا بزانم چۆنه. چاڵێک بوو به به تیره‌ی سێ مه‌تر و قووڵایی یه‌ک مه‌تر. له‌ناو چاڵه‌که‌دا پارچه بۆمبێکم دۆزیه‌وه لێ نووسرابوو LVZ، که وابزانم کورته‌ی لویزایته که یه‌کێکه له گازه بڵۆقێنه‌ره‌کان.
2008شوباتى
****