Nasih Othman ——- د. ناصح قه‌ره‌داغى

Writings, research and lectures by Dr. Nasih Othman


کوردستان

ئەم ماڵ و گەڕەکانە

گشت ئەم گوند و شارانە

ئەم هەموو دەشت و شاخە

ئەو دارستان و باخە

ئەم ئاسمان و هەورانە

ئەم بەفرە و ئەم بارانە

ئەم کانیاوو چەمانە

ئەم هەوا پاک و جوانە

نیشتمانم ئەوانەن

کوردستانم ئەوانەن


فێربوون

ماڵی خۆمان ئەزانم

ناوی گشتمان ئەزانم

ئەزانم خۆم بگۆڕم

ئەزانم دەست بشۆرم

ئەزانم یاری بکەم

شتەکانم ون نەکەم

چیرۆکێکم پێ بڵێ

فێری ئەبم دەست بەجێ

سەیری هەموو شت ئەکەم

گوێ بۆ قسە هەڵئەخەم

زۆر شتی باش فێر ئەبم

هەتا بۆ مەکتەب ئەچم


هاوڕێ

هەرکەس یاریم لەگەڵ کا

هەرکەس یارمەتیم بدا

هەرکەس شتم فێر بکا

هەرکەس ئازارم نەدا

هەرکەس منی خۆش بوێ

قسەی خۆشم بۆ بڵێ

هاوڕێی منن ئەوانە

ڕێزیان لەسەر چاوانە


خاوێنی

بڕوانە دەست و چاوم

جلوبەرگ و پێلاوم

سەیری دەست و نینۆکم

چەندە خاوێن و کۆکم

لەدوای ئاودەست دەست ئەشۆم

بەدەستی پیس هیچ ناخۆم

هەرکاتێ دایە بڵێ

ئەچمە حەمام دەست بە جێ

بۆنم بکە و بم بینە

وەک گوڵ جوان و شیرینە.

***


من و ئێوە

لەسەر زمانی دیکتاتۆرەکان

لە دڵتانا من ئۆمێدم

لە چاوتانا من رٶشنایی دیدەتانم.

لە ئەژنۆتانا من تینم،

لە دەستانا

پەنجەی سەر پیتکەی تفەنگی تۆڵەتانم.

لە بیرتانا من بەرنامەی رۆژانەتان،

نەخشەی سادەی

مێژووی ئاڵۆزی بە ئینسان بێگانەتان.

لە بینتانا

نەڕەی شێری بێشەتانم.

ئێوە بێ من

دڵی ڕووخاو،

چاوی تاریک،

دەست و قاچی ئاماس کردوو،

گەرووی تاساو،

مێشکی بە هیچ پەی نەبردوو.

ئێوە بێ من

گەلەی بێ شوان،

ڕانەمەڕی سەرگەردانی بیابانن.

تیکەی گورگن،

ئەسیری شەوی تاریک و کەڵبەی مەرگن.

ئێوە بەفری بەر هەتاوی بەهارانن،

تەنیا منم کە سێبەری بنارمتان بۆ ڕائەخەم.

ئێوە کێڵگەی هەڵقرچاوی بێ بارانن،

تەنیا منم

لێزمەی بەهار ئەرژێنمە ناو

گەرووی وشکی چڵتانەوە.

ڕەنگی چاوانم هەرچی بێ

من شەبەنگی تیشکی خۆرم،

تەنیا منم

سەوزی بە گەڵای ىەڕووتان،

زەردی بە چاوی نێرگس و

سووری بە ڕوومەتی گوڵاڵەی مێژووتان

شینی بە ئاسمانی تاری تەم گرتووتان

خەڵات ئەکەم.

تەنیا منم

تیشک بە چاوتان،

هاوار بە گەرووی تاساوتان،

واقیع بە خەیاڵی خاوتان

ئاشنا ئەکەم.

تەنیا لە ئاسمانی مندا

خۆر تاریکی وەدەر ئەنێ،

باران تەنیا

لەهەوری من ڕێژنە ئەکا.

تەنیا گەنمی کێڵگەی من

بەدەم کەروێشکەی نازەوە،

گوڵی پڕزاد بۆ جووتیاری رائەژەنێ.

گەر حەز ئەکەن:

خۆر لە زەوی یاخی نەبێ،

باران لە کێڵگە نەڕەنجێ،

دڵ لە جەستەتان  نەتۆرێ

تەنیا یەک ڕەنگ،

تەنیا یەک گوڵ،

تەنیا یەک دڵ و بەس یەک دەنگ

بپەرستن.

گەورە و بچووک،

ڕەش و سپی

زبر و ناسک،

تێر و برسی

تەنیا یەک من بپەرستن.

من بتۆرێم

خۆر ئەتۆرێ،

ئاسمانتان ڕەش دائەگەڕێ

موچڕکەی لەرز

دڵتان درزی ئاژن ئەکا.

زریانی ڕق

کۆڵان کۆڵان هەڵتان ئەبڕێ.

من وەکوو نووح

ئەوی گوێ بۆ پەندم نەگرێ

لە تۆفانی ڕقی خوادا،

ئەی خنکێنم.

وەکوو چەکوشی دەسک سوور،

ئەوی گیرفانی لەگەڵ من دابەش نەکا

لەژێر شەختەی سیبیریادا

ئەی تەزێنم.

وەک مەشخەڵەکەی دنیای نوێ،

ئەوەی وەک من “ئازاد” نەبێ،

بە ئاگری هێرۆشیما

ئەی سووتێنم.

من تاقە ڕاستیی پیرۆزم

من دوژمن نینم

لێم مەترسن!

ئەگەر چاوتان بە گلێنەی من ئەبینێ،

لێم مەترسن!

پەنجەتان ئەگەر دەستی من ئەیجووڵێنێ،

لێم مەترس!

قاچتان ئەگەر

ئێسکی من رای ئەوەستێنێ،

لێم مەترسن!

من راستی و ڕقی پیرۆزم

پەیامی ئیشق و نەورۆزم.

لێم مەترسن!

دوژمنتان نیم، چاوڕاستتانم

گەورەتان نیم،

خاکی بەرپێی بچووکتانم،

باوکتانم ،

من خۆتانم.

                                  بەهاری ١٩٩٤

***


چاوەڕوان

لەسەر رێدا وەستاوە لاوی دڵدار

سووتاوی عیشق، کوشتەی رەوت و لەنجەولار

بتە لاشە، نابیستێ گوێ، کوێرە چاو

وێڵە خەیاڵ، شەماڵ- لەرەی قژی خاو

شەپۆل ئەدا خەیاڵ لەناو ئاواتا

وەسڵی یاری بەندەرە لە گشت کاتا

لەپڕ ترپەی پێیەک لەسەرخۆ بە ناز

ئەشڵەقێنێ مێشکی فوولی بیر و راز

سەرهەلئەبڕێ گەنجی دنیای دلداری

بەیەک دەرزیی نیگا بەنجە دەماری

سەیری چی کا، جوانێکی باڵا بەرزە

لەش کەڵەگەت، چاورەش، سنگ قوت و بەرزە

هەموو گیانی چاوە گەنجی هۆش نەماو

بەڵام کوێی لەش رادەگرێ سەرنجی چاو

دوورکەوتەوە ، نایگاتێ نیگا ئیتر

جێی هێشت لاوی وەکو مردوو سارد و سڕ

1977

***


خۆزگەی مناڵانە

خوایە کاتی لەدایک بوون

هیچ مناڵێ

بێ حاڵ نەبێ

هیچ دایکێ،

نە پڕووکێ!

هیچ باوکێ،

خەمی تێکردنی سکی کۆرپەی تازەی داینەگرێ!

خوایە هیچ دەمێکی ساوا

لە شیری دایەی کەم نەبێ

خوایە هیچ دڵێکی بەبە

دوچاری دەرد و خەم نەبێ

خوایە سفرەی هەموو ماڵێ

پڕ خۆراک بێ!

دایە و بابەی گشت مناڵێ

لە وەزعی سبەی بێباک بێ!

گوێی خوای شەڕ کەڕ!

خویە ئاشتی

لە ماڵان و لە کۆڵان و

لەشاران و لە وڵاتان

بەرقەرار بێ

دەربەدەری خەونەکانی هیچ مناڵێ

ناکام نەکا!

هەموو ساڵێ

دایە و بابە خزم و دۆستان

بووکە شووشە و دیاری جوان جوان

بۆ مناڵانی چاوگەشی

تەندروست و

گوێڕایەڵی شیرین زمان،

پێشکەش بکەن

لەگەڵیانا پێبکەنن،

مناڵانی هەموو جیهان.

***

1994


داسی زەمان

وا ئەمجارەش وەرزی دروێنە هاتە دەست

داسی زەمان،

هەمیشە تیژ، هەمیشە مەست

ڕووی بریقەی کردە سەرابی تەمەنمان

لەگەڵ هەر گوژمێکی داسا

مۆمی تەمەن گڕ ئەگریت و

بەدەم فووی بەزم و سەماوە،

خۆڵەمیشی پارجەیەکمان

دەرژێتە ناو روباری پار!

زەمان مەست و داس مەست و ئێمە خومار

پێمان ناڵێن،

نە ژمارەی مۆمی تەمەن

نە هی پارچەی لەشی بێزار

تا بەیەک فوو

مۆمەکان هەموو خامۆش کەین،

پارجەکان غشت خۆڵەمێش کەین،

یاخود هەر ساڵ

نە بە شادی و نە بە سەیران

بەڵکوو بە شین و هەنسک دان

بچین بەدەم وەرزی دروینەی تازەوە!

***

نەورۆزی 1993


پیرۆزبایی خۆمانە

بۆ هاوڕێم کاک سەردار

کاکە سەردار ژنت هێنا ژیانت خۆش

هەستە خیرا لە رووی مانگا لادە سەرپۆش

باوی نەما برسیەتی و سک هەڵگوشین

تا ئەتوانی مانگی عەسەل هەنگوین بنۆش

گەرچی لاشەو مەعیدەت وەکوو پۆڵایە

بەس وریابە زێدەخۆری نەتکا بێهۆش

زۆرکەس ئەڵێن بنی هەنگوین پیساییە

گوێ مەدەرێ وەکوو ئێمە بینۆشە تۆش

نائۆمێدی بەری داوی رۆژت شادە

هەڵبەپەرە و هۆرە بکە و ناز بفرۆش

پایەی ژینت لەکۆنکرێت و پۆڵا بێ

دڵی ژنی وەکوو لۆکە نەرم بێ و خۆش

لەساغیدا دۆست و هاوکاری یەکتر بن

لە ناساغی پەرستاری لەبۆ نەخۆش

ئەگەر خەفەت رێی پێ گرتی چۆک دامەدە

لەهەورازا ماشێنی دڵ مەخەرە بۆش

لە ژیانا دڵت گەرم و بیرت چاک بێ

تا ئەتوانی بۆ بەختیاری تێ بکۆش

قبووڵی کە پیرۆزبایی شۆی دوور وڵات

هەیە دڵی بۆ بینینت ئیجگار پەرۆش

****

1994


مێرگێک لە ساتدا

وەرگێران لە فارسییەوە: شیعری سوهراب سپیهری

گەر بۆلای من دێی

من هام لەپشتی هیچستانەوە

پشتی  هیچستان بۆخۆی  جێیەکە

پشتی هیچستان دەماری هەوا پڕ نامەبەرە

هەواڵ دەهێنن

لە گوڵی کراوەی دوورترین بنچکی خاکەوە،

لەسەر لمەکەش نەخشی شوێن سمی ئەسپی سوارانی نەجیبی لێیە

کە ئەو بەیانیە بۆ سەر تەپۆڵکەی میعراجی گوڵاڵە رۆشتبوون.

چەتری ئارەزوو هەر کراویە لە پشت هیچستان :

هەرکە نەسیمی تینوێتی ئەدا لە دەنکێ گەڵا

زەنگۆڵەی باران دەکەوێتە لێدان

مرۆڤ لێرە تەنیان

لەم تەنیاییەش سێبەری دارێک بێ کۆتاییە

گەر دێی بۆلای من

زۆر بە ئاسپایی و بەنەرمی وەرە

نەک درزی تێ بێ

شووشەی ناسکی تەنیایی ئەمن!

***