Nasih Othman ——- د. ناصح قه‌ره‌داغى

Writings, research and lectures by Dr. Nasih Othman

من و ئێوە

لەسەر زمانی دیکتاتۆرەکان

لە دڵتانا من ئۆمێدم

لە چاوتانا من رٶشنایی دیدەتانم.

لە ئەژنۆتانا من تینم،

لە دەستانا

پەنجەی سەر پیتکەی تفەنگی تۆڵەتانم.

لە بیرتانا من بەرنامەی رۆژانەتان،

نەخشەی سادەی

مێژووی ئاڵۆزی بە ئینسان بێگانەتان.

لە بینتانا

نەڕەی شێری بێشەتانم.

ئێوە بێ من

دڵی ڕووخاو،

چاوی تاریک،

دەست و قاچی ئاماس کردوو،

گەرووی تاساو،

مێشکی بە هیچ پەی نەبردوو.

ئێوە بێ من

گەلەی بێ شوان،

ڕانەمەڕی سەرگەردانی بیابانن.

تیکەی گورگن،

ئەسیری شەوی تاریک و کەڵبەی مەرگن.

ئێوە بەفری بەر هەتاوی بەهارانن،

تەنیا منم کە سێبەری بنارمتان بۆ ڕائەخەم.

ئێوە کێڵگەی هەڵقرچاوی بێ بارانن،

تەنیا منم

لێزمەی بەهار ئەرژێنمە ناو

گەرووی وشکی چڵتانەوە.

ڕەنگی چاوانم هەرچی بێ

من شەبەنگی تیشکی خۆرم،

تەنیا منم

سەوزی بە گەڵای ىەڕووتان،

زەردی بە چاوی نێرگس و

سووری بە ڕوومەتی گوڵاڵەی مێژووتان

شینی بە ئاسمانی تاری تەم گرتووتان

خەڵات ئەکەم.

تەنیا منم

تیشک بە چاوتان،

هاوار بە گەرووی تاساوتان،

واقیع بە خەیاڵی خاوتان

ئاشنا ئەکەم.

تەنیا لە ئاسمانی مندا

خۆر تاریکی وەدەر ئەنێ،

باران تەنیا

لەهەوری من ڕێژنە ئەکا.

تەنیا گەنمی کێڵگەی من

بەدەم کەروێشکەی نازەوە،

گوڵی پڕزاد بۆ جووتیاری رائەژەنێ.

گەر حەز ئەکەن:

خۆر لە زەوی یاخی نەبێ،

باران لە کێڵگە نەڕەنجێ،

دڵ لە جەستەتان  نەتۆرێ

تەنیا یەک ڕەنگ،

تەنیا یەک گوڵ،

تەنیا یەک دڵ و بەس یەک دەنگ

بپەرستن.

گەورە و بچووک،

ڕەش و سپی

زبر و ناسک،

تێر و برسی

تەنیا یەک من بپەرستن.

من بتۆرێم

خۆر ئەتۆرێ،

ئاسمانتان ڕەش دائەگەڕێ

موچڕکەی لەرز

دڵتان درزی ئاژن ئەکا.

زریانی ڕق

کۆڵان کۆڵان هەڵتان ئەبڕێ.

من وەکوو نووح

ئەوی گوێ بۆ پەندم نەگرێ

لە تۆفانی ڕقی خوادا،

ئەی خنکێنم.

وەکوو چەکوشی دەسک سوور،

ئەوی گیرفانی لەگەڵ من دابەش نەکا

لەژێر شەختەی سیبیریادا

ئەی تەزێنم.

وەک مەشخەڵەکەی دنیای نوێ،

ئەوەی وەک من “ئازاد” نەبێ،

بە ئاگری هێرۆشیما

ئەی سووتێنم.

من تاقە ڕاستیی پیرۆزم

من دوژمن نینم

لێم مەترسن!

ئەگەر چاوتان بە گلێنەی من ئەبینێ،

لێم مەترسن!

پەنجەتان ئەگەر دەستی من ئەیجووڵێنێ،

لێم مەترس!

قاچتان ئەگەر

ئێسکی من رای ئەوەستێنێ،

لێم مەترسن!

من راستی و ڕقی پیرۆزم

پەیامی ئیشق و نەورۆزم.

لێم مەترسن!

دوژمنتان نیم، چاوڕاستتانم

گەورەتان نیم،

خاکی بەرپێی بچووکتانم،

باوکتانم ،

من خۆتانم.

                                  بەهاری ١٩٩٤

***

Comments are closed.