لەسەر رێدا وەستاوە لاوی دڵدار
سووتاوی عیشق، کوشتەی رەوت و لەنجەولار
بتە لاشە، نابیستێ گوێ، کوێرە چاو
وێڵە خەیاڵ، شەماڵ- لەرەی قژی خاو
شەپۆل ئەدا خەیاڵ لەناو ئاواتا
وەسڵی یاری بەندەرە لە گشت کاتا
لەپڕ ترپەی پێیەک لەسەرخۆ بە ناز
ئەشڵەقێنێ مێشکی فوولی بیر و راز
سەرهەلئەبڕێ گەنجی دنیای دلداری
بەیەک دەرزیی نیگا بەنجە دەماری
سەیری چی کا، جوانێکی باڵا بەرزە
لەش کەڵەگەت، چاورەش، سنگ قوت و بەرزە
هەموو گیانی چاوە گەنجی هۆش نەماو
بەڵام کوێی لەش رادەگرێ سەرنجی چاو
دوورکەوتەوە ، نایگاتێ نیگا ئیتر
جێی هێشت لاوی وەکو مردوو سارد و سڕ
1977
***