وا ئەمجارەش وەرزی دروێنە هاتە دەست
داسی زەمان،
هەمیشە تیژ، هەمیشە مەست
ڕووی بریقەی کردە سەرابی تەمەنمان
لەگەڵ هەر گوژمێکی داسا
مۆمی تەمەن گڕ ئەگریت و
بەدەم فووی بەزم و سەماوە،
خۆڵەمیشی پارجەیەکمان
دەرژێتە ناو روباری پار!
زەمان مەست و داس مەست و ئێمە خومار
پێمان ناڵێن،
نە ژمارەی مۆمی تەمەن
نە هی پارچەی لەشی بێزار
تا بەیەک فوو
مۆمەکان هەموو خامۆش کەین،
پارجەکان غشت خۆڵەمێش کەین،
یاخود هەر ساڵ
نە بە شادی و نە بە سەیران
بەڵکوو بە شین و هەنسک دان
بچین بەدەم وەرزی دروینەی تازەوە!
***
نەورۆزی 1993