بۆ هاوڕێم کاک سەردار
کاکە سەردار ژنت هێنا ژیانت خۆش
هەستە خیرا لە رووی مانگا لادە سەرپۆش
باوی نەما برسیەتی و سک هەڵگوشین
تا ئەتوانی مانگی عەسەل هەنگوین بنۆش
گەرچی لاشەو مەعیدەت وەکوو پۆڵایە
بەس وریابە زێدەخۆری نەتکا بێهۆش
زۆرکەس ئەڵێن بنی هەنگوین پیساییە
گوێ مەدەرێ وەکوو ئێمە بینۆشە تۆش
نائۆمێدی بەری داوی رۆژت شادە
هەڵبەپەرە و هۆرە بکە و ناز بفرۆش
پایەی ژینت لەکۆنکرێت و پۆڵا بێ
دڵی ژنی وەکوو لۆکە نەرم بێ و خۆش
لەساغیدا دۆست و هاوکاری یەکتر بن
لە ناساغی پەرستاری لەبۆ نەخۆش
ئەگەر خەفەت رێی پێ گرتی چۆک دامەدە
لەهەورازا ماشێنی دڵ مەخەرە بۆش
لە ژیانا دڵت گەرم و بیرت چاک بێ
تا ئەتوانی بۆ بەختیاری تێ بکۆش
قبووڵی کە پیرۆزبایی شۆی دوور وڵات
هەیە دڵی بۆ بینینت ئیجگار پەرۆش
****
1994