پوازی قین
قین پێچه‌وانه‌ی خۆشه‌ویستییه و بریتیه له رقێکی بێ ئه‌ندازه به‌رامبه‌ر به که‌سێک یا شتێک که وا له خاوه‌ن قین ده‌کات حه‌ز به خۆلێ لادان و تێشکاندنی قین لێ‌بوو بکات. قین سۆزێکی ئێجگار به‌هێزه و پاڵنه‌رێکی کاریگه‌ره بۆ ئاراسته‌کردنی ره‌فتاری خاوه‌نی. قین مه‌ودای مه‌نتیق و بیرکرنه‌وه‌ی خاوه‌نی ته‌سک ده‌کاته‌وه و هه‌موو تواناکانی خاوه‌نی چڕده‌اته‌وه به‌ئاراسته‌ی تۆڵه‌و تێشکاندنی به‌رامبه‌ر. لۆرد بایرۆنی شاعیر ده‌لێ “قین ئێستا درێژخایه‌نترین خۆشییه، مرۆڤه‌کان به‌په‌له خۆشه‌ویستی ده‌که‌ن به‌ڵام به‌ئیسراحه‌ت قین هه‌ڵده‌گرن.” قین بێگومان له‌هه‌موو که‌سێکدا جارجار سه‌رهه‌ڵده‌دات هه‌ندێ جاریش ئه‌گاته ئه‌و ئاسته ترسناکه‌ی کاری وێرانکه‌رانه‌ی لێ بکه‌وێته‌وه. به‌ڵام له‌وه ترسناکتر قینی به‌کۆمه‌ڵه که که به‌ئه‌نقه‌ست له‌ناو کۆمه‌ڵێکی ناکامی چه‌شتوودا به شێوه‌یه‌کی عاتیفییانه ده‌چێنرێت به‌رامبه‌ر به قوربانییه‌ک که ده‌کرێ به ره‌مز و هۆکاری ناکامی و شکسته‌کانی خاوه‌نقینه‌کان. ئه‌م جۆره قینه له مێژوودا زۆرجار مرۆڤی کردووه به درنده‌ترین ئاژه‌ڵ که زوڵمی وای به‌رامبه‌ر هاوره‌گه‌زه‌کانی نواندووه زمان له ئاستیدا لاڵ ده‌بێت. کوشتاره قیناوییه‌کانی له‌م جۆره‌ی مێژوو زۆرن و هه‌ندێک له‌وانه‌ی ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی دوایی بریتین له کوشتاره‌کانی عێراقی دوای سه‌دام و دوو بورجه‌که و و موسڵمانه‌کانی بۆسنه‌و روانداو ئه‌نفالی کورد و کوشتاری جووله‌که و کوشتاری چینییه‌کان به‌ده‌ستی له‌شکری یابان و کوشتاری کورد و ئه‌رمه‌ن به‌ده‌ستی تورکه‌کان.
بێرتراند راسل ده‌رباره‌ی قین و قینداران ده‌ڵێ “قین هه‌ڵگرتن له دوژمن ئاسانتر و به‌تینتره له خۆشویستنی دۆستان به‌ڵام هیچ چاکه‌یه‌کی ئه‌وتۆ له‌و که‌سانه چاوه‌روان ناکرێ که زیاتر تامه‌زرۆی بریندارکردنی نه‌یاره‌کانیانن تا سوودگه‌یاندن به جیهان.” مه‌ترسیی قین کاتێ خۆی ده‌نوێنێ که به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک له‌ناو تاکه‌کانی میلله‌تدا ده‌چێندرێت له‌لایه‌ن ئایدیۆلۆژی و لایه‌نێکی دیاریکراوه‌وه به‌مه‌به‌ستی دابه‌شکردنی میلله‌ت و شێلگیرکردنی لایه‌نداری و هاندانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و له‌ناوبردنی لایه‌نی به‌رامبه‌ر. رۆزڤێڵت له‌م رووه‌وه وتوویه‌تی” ئه‌بێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بێ که هه‌موو جۆرێکی سه‌رکوت کردن و ناعه‌داله‌تی و قین، پوازن داده‌کوترێن به‌ناو شارستانێتیه‌که‌ماندا.”
قین به‌راستی پوازێکی ئه‌ستووره داده‌کوترێ به جه‌سته‌ی میلله‌تدا و دابه‌شی ده‌کات بۆ “ئێمه” و “دوژمنی ئێمه”، بۆ “هه‌ق” و “ناهه‌ق” بۆ “نیشتمانپه‌روه‌ر” و”خائین” بۆ “ره‌ش” و سپی”. ئه‌وانه‌ی قین ده‌چێنن مه‌به‌ستیانه ئه‌وه‌نده نه‌یاره‌کانیان له‌به‌رچاوی یاره‌کانیان ره‌ش بکه‌ن و قینێکی ئه‌ستوور له‌ناو دڵیان‌دا بچێنن که هاوبه‌ست بێ به سۆزێکی به‌تیته‌وه تا بتوانێ ئه‌قڵی هۆشیار کوێر بکات و مرۆڤ بخاته ژێر رکێفی کاردانه‌وه‌ی عاتیفیه‌وه به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌کان. وه‌ک له مێژووشدا بینراوه نموونه‌ی ترسناک له‌م ره‌فتاره قیناوییانه که‌وتۆته‌وه که له کوشتاری بێبه‌زه‌ییانه‌ی مرۆڤدا به‌ده‌م پێکه‌نین و شایی و ته‌قه‌ی سه‌رکه‌وتنه‌وه خۆی نواندووه.
له‌ناوه‌راستی حه‌فتاکانه‌وه پاش هه‌ره‌سی شۆرشی کورد، یه‌کێتیی کوردیش هه‌ره‌سی هێناوه. به دامه‌زرانی هه‌ڵگرێکی تری ئاڵای کوردایه‌تی و گه‌شه‌کردنی، بارودۆخێکی وا هاته کایه‌وه که چیتر کورد “کورد” نه‌بوو، به‌ڵکو کورد “ئێمه” و “ئه‌وان” بوو. “ئه‌وان”یش کورد نه‌بوون به‌ڵکوو دوژمنی کورد بوون بگره له دوژمنی کوردیش “پیستر” بوون. چه‌ند که‌فوکوڵی دڵی پێشمه‌رگه دژی حکومه‌تی به‌غدا تاو ده‌درا، ئه‌وه‌نده‌و بگره زیاتریش دژی “ئه‌وان” که له‌راستیدا به‌شه‌که‌ی تری کورد بوون، فوو ده‌درا. ئه‌م پرۆسه‌ی دابه‌شکردنه‌ی کورد و فوودانی مووشه‌ده‌مه‌ی قین به‌درێژایی سی ساڵی رابوردوو به‌شێوه‌یه‌کی رێکخراو ئیشی بۆ کراوه و قینێکی ئه‌وه‌نده ئه‌ستووری به‌رهه‌م هێناوه و پوازێکی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ی چه‌قاندووه‌ته جه‌سته‌ی کورده‌وه که کارێکی مه‌ردانه و شێلگیر و درێژخایه‌نی ده‌وێ بۆ سارێژکردنی. له کۆتایی حه‌فتاکان و سه‌ره‌تای هه‌شتاکان و ناوه‌راستی نه‌وه‌ده‌کاندا سه‌دان کوردی به‌قین گۆشکراو به‌ربوونه‌ته گیانی یه‌ک و زه‌برێکی کوشنده‌یان له میله‌ته‌که‌یان داوه و خزمه‌تێکی بێ به‌رامبه‌ریان به دوژمنانی کورد کردووه. جێگه‌ی داخه ئه‌م پرۆسه‌ی قین چاندنه زۆر جار هه‌موو تواناکانی میلله‌تی بۆ خراوه‌ته گه‌ڕ: ساسییه‌کان بریاریان بۆداوه، بێژه‌ره‌کان به حه‌ماسێکی شێتانه‌و و به تیکرارێکی بێتامه‌وه به گوێی خه‌ڵکیاندا هه‌ڵداوه، زوڕنا ژه‌نه‌کان مارشی کوشتاریان بۆ ژه‌نیوه، قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌کان به مه‌ره‌که‌بی خوێن هۆنیویانه‌ته‌وه و خه‌ڵکی بێچاره گوێیان بۆ شل کردووه و پێشمه‌رگه‌ی داماویش وه‌ک قوربانی و پیاوکوژ سه‌نگه‌راو سه‌نگه‌ر هه‌ڵه‌داوانی بووه.
ئاسه‌واره‌کانی ئه‌م ماوه دوورودرێژه له دوژمنایه‌تی و قینداری هێشتا له دڵماندا که‌مینی کردووه و زۆری ده‌وێ پاک بکرێته‌وه. میلله‌تێک نیوه‌ی قینی له نیوه‌که‌ی تری بێ چۆن ئه‌توانێ له جێی خۆی بجووڵێ. میلله‌تێک دڵی پڕ بێت له سوێ و برینی سارێژنه‌بووی کۆنه قین، چۆن ئه‌توانێ به یه‌ک زمان بدوێ و به یه‌ک ئاراسته بروات؟ ئه‌وانه‌ی خه‌ریکی چاندنی تۆوی قین بوون، توانیویانه میلله‌ت دابه‌ش بکه‌ن بۆ ره‌ش و سپی و سپی و ره‌ش. ئه‌م ره‌ش و سپێتییه له ناو هه‌موو توێژه‌کانی جه‌ماوه‌ردا ره‌نگی داوه‌ته‌وه و ره‌گی داکوتاوه. هه‌موو ره‌فزکردنێکی یه‌کسه‌ری ره‌نگدانه‌وه‌ی قینه. ئه‌و هه‌موو جنێونامه‌یه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی رۆژنانه‌وانیدا بڵاوده‌بێته‌وه کۆنه‌قینی له‌پشته‌وه‌یه. پێشینیانی دنیادیده‌ی کورد وتوویانه شه‌ڕ به کۆنه قین ده‌کرێ و به‌راستیش ئه‌گه‌ر حیزبه به‌رپرسیاره‌کان کاری جیددی نه‌که‌ن و رۆشنبیران وریا نه‌بن و تاکه‌کان سه‌ربه‌خۆیی خۆیان نه‌پارێزن، ئه‌وا که‌ڵه‌که‌بوون و ته‌قینه‌وه‌ی بورکانی قین ره‌نگه مه‌ترسیی گه‌وره‌ی به‌دواوه بێ.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ میلله‌ت دروست بکه‌ین و ئاشته‌وایی بڵاوبکه‌ینه‌وه، ئه‌وا پێویسته هه‌وڵی شێلگیر و دڵسۆزانه بده‌ین بۆ ده‌رهێنانی پوازی به‌ژانی قین له جه‌سته‌ی کورد. ئه‌و سه‌رکردانه‌ی کورد که‌خۆیان به دووربین و دڵسۆز ده‌زانن ده‌بێ ئه‌وه‌یان له‌لا روون بێ که ته‌نیا به قه‌بووڵکردنی هه‌موو ره‌نگه‌کان، ده‌توانن میلله‌ت له ده‌وری خۆیان کۆ بکه‌نه‌وه. دابه‌شکردنی میلله‌ت بۆ ره‌ش و سپی و بوغزاندنی ره‌ش، مامه‌ڵه‌یه‌کی دۆڕاوه و چه‌ند دۆست دروست ده‌کات ئه‌وه‌نده‌و زیاتریش سه‌ره‌نجام دوژمن یا دوژمنی داهاتووی لێ په‌یدا ده‌بێ.
هيوادارم ئه‌و که‌سانه‌ی که ره‌نگه به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک، راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ، وه‌ک ئامێر یا وه‌ک شۆفێر، به‌ئاگا یا بێ ئاگا، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی دنیایی یا ئایدیۆلۆژی، خه‌ریکن یا ئه‌یانه‌وێ له وه‌شاندنی تۆوی قیندا به‌شداری بکه‌ن، هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ن و بڕواننه بزه‌ی سه‌ر لێوی منداڵێکی مه‌شغووڵی یاری، گوێ هه‌ڵخه‌ن بۆ قاسپه‌ی که‌وێکی بناری کێو، بۆنی چڵێ رێحانه‌ی ده‌ستی خۆشه‌ویستێکیان بکه‌ن و چێژێک له خواردنی سه‌رسفره‌ی خێزانێکى جه‌م وه‌ربگرن! تا بیریان بێته‌وه که ئه‌مانه هه‌موو دیارده‌ی زاده‌ی خۆشه‌ویستین و قین ته‌فروتونایان ده‌کات! ره‌نگه قین وه‌شاناندن هه‌ندێ ده‌سکه‌وتی کاتیی تێدا بێ به‌ڵام بۆ مرۆڤی مه‌رد ئینجیل واته‌نی، “شێوێک له گژو گیا که خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵدا بێ باشتره له گایه‌کی بر‌ژاو که ئاوێته‌ی قین بێ.”
22-1-2007
**