ناکامیی رۆشنبیری عه‌ره‌ب و که‌وشه‌کانی ئه‌لزه‌یدی
مرۆڤی ئازارچه‌شتوو، له هه‌مان کاتدا که ئه‌بێ هه‌قی ئه‌وه‌ی بدرێتێ تووره‌یی خۆی ده‌رببرێ به‌رامبه‌ر به‌و زوڵمه‌ی هه‌ست ده‌کا لێی کراوه، پێویسته چاوه‌روانی ئه‌وه‌شی لی َبکرێ ئاماده‌بێ ئه‌نجامی تووره‌ییه‌که‌ی بگرێته ئه‌ستۆ. له‌سایه‌ی پره‌نسیپه‌کانی مافی مرۆڤدا مونته‌زه‌ر ئه‌لزه‌یدی وه‌ک تاکێک مافی خۆیه‌تی ناره‌زایی و تووره‌یی خۆی به‌رامبه‌ر جۆرج بوش ده‌ببرێت با سه‌رۆکی تاکه زلهَیزی جیهان و میوانی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی عێراقیش بێت. پێڵاو تێگرتن که ئه‌لزه‌یدی به‌مه‌به‌ستی نیشاندانی ئه‌وپه‌ری بێزو سووکایه‌تی پێکرندن به‌کاری هێناوه، ره‌نگه به هه‌ندێ لێکدانه‌وه‌ی یاسا بخرێته به‌ر لێپێچینه‌وه و سزادان به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پێڵاوتێگیراو یا میواندار سکاڵای له‌سه‌ر تۆمار بکه‌ن. پاڵنه‌ره‌کانی زوبه‌یدی بۆ ئه‌م کاره، که وه‌ک له جوانی نیشانه‌گرتنه‌که‌یه‌وه دیاربوو، پێده‌چوو ته‌مرینێکی باشی بۆکردبێ، ئه‌شێ تاکه‌که‌سی بێ به‌مه‌به‌ستی ناوده‌رکردن به ئه‌نجامدانی کارێکی گرنگی که‌س نه‌کردوو، ره‌نگیشه ته‌نیا به‌هۆی قین و تینووبوون بێ به‌سه‌ری بووش، یاخود ئه‌شێ له‌وه‌ش گه‌وره‌تر و شتێکی رێکخراو بێ و له پشتیه‌وه ئیراده‌یه‌کی سیاسی هه‌بێ و وه‌ک چالاکییه‌کی سیاسی و پاڵه‌وانێتییه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی بیری لێکرابێته‌وه.
ئه‌سڵی کاره‌که‌ی ئه‌لزه‌یدی قابیلی تێگه‌یشتنه ئه‌گه‌ر چی هاوپیشه‌کانی و رێکخراوه‌که‌یان ده‌توانن تۆمه‌تباری بکه‌ن به ئیستیغلال کردنی پیشه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری و به‌کارهێنانی شێوازی ناشایسته بۆمه‌به‌ستی ده‌سکه‌وتی تاکه‌که‌سی. کاردانه‌وه‌ی شه‌قامی عه‌ره‌بیش وه‌ک شه‌قامێکی ناکامی به‌سۆزهاتوو، هه‌ر ده‌کرێ ده‌رک بکرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوورمانه کاردانه‌وه‌ی زۆرێک له رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب بوو. زۆر له رۆشنبیران و‌ر رێکخراوه پیشه‌ییه ره‌سمی و ناره‌سمییه‌کان ئه‌م کاره‌یان وه‌ک پاڵه‌وانێتییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی باس کرد. له رێپێوانێکی رۆژنامه‌نووسانی میسریدا به‌رپرسێکی رۆژنامه‌نووسان ئه‌م کاره‌ی به “کارێکی ئیستیشهادی” ناوبرد و کابراش به پاڵه‌وانێکی نه‌ته‌وه‌ییی. بیستمان و بینیمان چۆن ژماره‌یه‌کی زۆر سیاسی و رۆژنامه‌نووس و رۆشنبیر به‌یت و بالۆره‌یان به‌م کاره‌دا گوت و بۆیان هۆنده‌وه وخستیانه ریزی سه‌روه‌رییه میللییه‌کانه‌وه! راسته جارجار گوێمان له هه‌ندێ رۆشنبیریش ده‌بوو که مه‌وزووعیانه‌تر ئه‌م رووداوه‌یان لێک ده‌دایه‌وه دوور له شکۆمه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی سۆزی شه‌قام. دڵنیام گه‌لێکی تریش هه‌ن له‌م بابه‌ته. به‌ڵام وادیاره ئه‌مانه که‌مینه‌ن و پێده‌چێ زۆر له رۆشنبیره مه‌وزوعییه‌کان هه‌ر نه‌شوێرن (شه‌رم بکه‌ن) رای خۆیان ده‌ربڕن نه‌بادا بکه‌ونه به‌ر ته‌شه‌ری بێگانه په‌رستی.
رۆشنبیری زاڵی عه‌ره‌ب (ئه‌وانه‌ی زیاتر چالاکن و ده‌نگیان ده‌بیسترێ) پێده‌چێ وازی له‌وه‌هێنابێ هه‌وڵ بدات ئاستی شه‌قام به‌رزبکاته‌وه و له‌جیاتی ئه‌وه له‌هه‌ولێ به‌رده‌وامدایه بۆ دابه‌زین بۆ ئاستی شه‌قام و شانازی به‌وه‌وه ده‌کات که له‌پاشکۆی جه‌ماوه‌ردایه. رۆشنبیری عه‌ره‌ب پێده‌چێ نا‌ئومێد بووبێ و چیتر توانای ئه‌وه‌ی نه‌مابێ له‌به‌رامبه‌ر عه‌قڵی قین به‌ستووی جه‌ماوه‌ری بێ‌ئومێد و ناکام دا راوه‌ستێ و به‌ناچار هه‌میشه په‌له‌ی ئه‌وه‌یه‌تی خۆی بخزێنێته ناو هه‌راو هاوار و که‌فوکوڵی شه‌قامه‌وه پێش ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ک تاکێکی به‌ئاگاتر له جه‌ماوه‌ر، لێکدانه‌وه‌یه‌کی مه‌نتیقی و مه‌وزووعی بۆ رووداوه‌کان بکات، نه‌بادا بخرێته‌لیستی خائین و نۆکه‌رانی ئه‌مه‌ریکاوه. رۆشنبیری عه‌ره‌ب پێده‌چێ چیتر جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بێ بچێته بنجوبناوانی رووداوه‌کان و وه‌ک چاودێرێکی مه‌وزوعی له کێشه‌کان بروانێ چونکه نایه‌وێ به‌هیچ کلۆجێک گومان بخاته سه‌ر خود، نایه‌وێ هیچ دان به‌وه‌دا بنێ که سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی کێشه‌کان له ناوه‌وه هه‌ڵده‌وقوڵێ، هه‌ر له مه‌نتیقی تاکه‌کانه‌وه تا ئایدیۆلۆجی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و ده‌سه‌ڵات و دیکتاتۆریه‌ت و ئه‌ساره‌تی مێژوو.
ئه‌م کاره‌ی زه‌یدی پێده‌چێ نیشانه‌ی دیارده‌یه‌کی خه‌مناک بێ که ئه‌ویش ئیفلاسی رۆشنبیری عه‌ره‌به، مه‌به‌ستم ده‌نگه زاڵه‌که‌یه. ئایا هیچکام له میدیا عه‌ره‌به‌کان باسیان له‌شه‌هامه‌تی کاردانه‌وه‌ی بووش کرد؟ ئایا که‌سیان بیریان له‌وه کره‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌وشانه بگیرایه‌ته سه‌رۆک یا شا‌و ئه‌میرێکی عه‌ره‌ب ، یا ته‌نانه‌ت له وڵاتێکی تری عه‌ره‌بیدا بگیرایه‌ته میوانێکی له‌وجۆره، چ به‌ڵایه‌ک به‌سه‌ر خاوه‌ن که‌وشدا ده‌هات؟ ئایا به‌راستی رۆشنبیری عه‌ره‌ب له‌و باوه‌ردایه ئامانجه‌کانی میلله‌تی عه‌ره‌ب به تاودانی قینی جه‌ماوه‌ر له دژی رۆژاوا دێته دی؟ ئایا به‌راستی رۆشنبیری عه‌ره‌ب له‌وباوه‌ره‌دایه تێگرتنی جوتێ که‌وش به‌کارتر ده‌بێ له هه‌ڤده ساڵ به‌ردتێگرتن بۆ رزگارکردنی قودس؟ ئایا به‌راستی رۆشنبیری عه‌ره‌ب به‌لایه‌وه ئیفتیخاره له‌ژێر خێمه‌که‌یدا که‌وش بگرێته میوانه‌کانی! ئایا به‌راستی رۆشنبیری عه‌ره‌ب لای وایه ئیهانه‌کردنی سه‌ره‌ک کۆماری ئه‌مه‌ریکا ئه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی تاکی عه‌ره‌ب له وڵاته عه‌ره‌بییه‌کاندا زیاتر هه‌ست به که‌رامه‌تی خۆی بکات؟
پێ ده‌چێ شه‌قامی عه‌ره‌بی ئه‌وه‌نده خۆی به به‌ش خوراوو ناکام و و ئیهانه‌کراو بزانێ ناچاربێ دڵ به هه‌موو رووداوێک خۆش بکات، چه‌ند هیچ و بچووک، که بۆنی ئه‌وه‌ی لێ بێ بتوانێ وه‌ک تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له دوژمنه ده‌ره‌کییه‌کانی لێکی بداته‌وه. هه‌موو به‌ڵایه‌کی سروشتی و خودایی و رێکه‌وت و ده‌ستکرد و به‌کورتی هه‌ر موویه‌ک له به‌رازی دوژمن بێته‌وه ئه‌کرێته موناسه‌به‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و شایلۆغانی سه‌رکه‌وتن!!! شه‌قامی عه‌ره‌بی که له‌راستیدا زیاتر به‌شخوراوو سه‌رکوتکراوی ده‌سه‌ڵاتی ناوخۆیه و زۆربه‌ی کات رێگه‌ی ئه‌وه‌ی نیه راسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر رژێم راوه‌ستێ، هه‌موو رقی خۆی گواستۆته‌وه بۆ ده‌ره‌وه و ده‌یماڵێ به‌سه‌ری ئه‌مه‌ریکاو ئیسرائیل‌دا. ده‌سه‌ڵاتیش، چ دۆستی ئه‌مه‌ریکا بێ و چ دوژمنی، ئه‌مه‌ی پێ خۆشه چونکه له رژێمی دکتاتۆریدا هه‌میشه ئه‌بێ شه‌یتانێکی وه‌همی هه‌بێ به‌رپرسی هه‌موو شکسته‌کانی میلله‌ت بێ و تا تاکه‌کانیش بێئاگاتر و بێ تواناتربن ئه‌وا شوورای ده‌سه‌ڵات بێ مه‌ترسیتر ده‌بێ. په‌یامی رۆشنبیر ئه‌بێ به‌رزکردنه‌وه‌ی هۆشیاری جه‌ماوه‌ربێ به‌ڵام کێشه‌ی رۆ شنبیری زاڵی ئه‌مرۆی عه‌ره‌ب له‌وه‌دایه که‌وتۆته دوای ئه‌م قینه عاتیفییه‌ی شه‌قام و توانای لێکدانه‌وه‌ی مه‌وزووعیی روواوه‌کانی نه‌ماوه. به‌م کاره‌شی نه‌ک هه‌ر رێگه‌ی له به‌ره‌وپێشچوونی خۆی و هۆشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر گرتووه به‌ڵکوو بووه‌ته مووشه‌ده‌مه‌یه‌ک بۆ گه‌شاندنه‌وه‌ی کووره‌ی قینی جه‌ماوه‌ر و ئاراسته‌کردنی به‌ره‌و لایه‌ک که باوه‌رناکه‌م هیچ کۆمه‌کێک به که‌مکرنه‌وه‌ی چه‌رمه‌سه‌رییه‌کانی تاکی عه‌ره‌ب بکات.
کانووی یه‌که‌می 2008
***