گۆیژه و ئه‌زمڕ: زبڵدانی سه‌یرانکه‌ران و مه‌ینۆشان
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش له‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌کدا له سه‌ر شه‌قامی شه‌تیییه‌وه قه‌دبڕ به گۆیژه‌دا سه‌رکه‌وتین به‌مه‌به‌ستی به‌گوڕخستنه‌وه‌ی تینی هه‌ناسه‌و هێزی ماسولکه‌کانمان. له دامێنی شاخدا لێره‌و له‌وێ دوو دوو و سێ سێ خه‌ڵک دانیشتنبوون و سه‌رگه‌رمی سه‌یران و خواردنه‌وه بوون. به‌درێژایی رێگه‌ش تا بنار بوتڵه ساردی و ئاو‌و قوتووه شاردی و بوتڵه بیره‌و ودره شووشه به‌ده‌وه‌ری رێگه و شوێن کۆنه ئاگردانی سه‌یرانکه‌ره‌کاندا ده‌بنیرا. که گه‌یشتینه بنار و هه‌ڵزناین به شاخدا ورده‌ورده شوێنه‌واری خرابکارانه‌ی سه‌یرانکه‌ر که‌م بووه‌و و خاکێکی پاک و گیا و پووشێکی نه‌رم گۆیژه‌ی داپۆشیبوو. له‌و به‌رزه‌وه که سه‌یری شاری سلێمانی ده‌که‌ی وا هه‌ست ده‌که‌ی گۆیژه سلێمانی له ئامێز گرتووه و نازی ده‌کێشێ به‌ڵام ئایا خه‌ڵکی سلێمانی نازی گۆیژه راده‌گرن؟
یه‌ک کاتژمێرمان پێ چوو تا ورده ورده به هه‌ناسه‌برکێ گه‌یشتینه‌وه سه‌ر جاده‌کانی سه‌رشاخ. له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌دا له (ئاوه‌دانی) دیسانه‌وه شوێنه‌واره ناشیرینه‌کانی سه‌یرانکه‌ر و مه‌ینۆش ده‌ماری پیاوی کرژده‌کرد. تا چاو بڕکا شووشه بیره، بوتڵه نایلۆن، ورده شووشه، عه‌لاگه‌دڕاو، کیسه چپس، به‌کورتی هه‌رچی زبڵی سه‌رخوانی خورادن و خواردنه‌وه‌یه په‌رش و بڵاو کراوه‌ته‌وه و دامێنی جاده‌که‌ی داپۆشیوه. ئه‌و دێراوانه‌ی بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو بۆ سنه‌وبه‌ره‌کان دروستکراون وه‌ک له‌مپه‌ر له لێژاییه‌که‌دا بوون به زبڵدانی زبڵی بێباکانه په‌رت کراوی ده‌ستی سه‌یرانکه‌ر و مه‌ینۆشه بێخه‌مه‌کان! که سه‌رده‌که‌وی وریابه پێ به ئه‌سپایی دانێ نه‌کا له‌سه‌ر عه‌لاگه‌یه‌ک بخزێیت و خه‌نجه‌ری پارچه شووشه زه‌فه‌رت پێ به‌رێ. ئه‌م دیمه‌نه قێزه‌ون و حه‌یابه‌ره به درێژایی که‌ناری جاده‌کانی سه‌ر گۆیژه شان به شانی ئه‌و هه‌موو بۆرییه نازداره به‌فیرۆدراوه‌ی پرۆژه فاشیله‌که‌ی ئاوی سه‌رشاخ ده‌بینرێن له‌که‌ناری جاده‌ی ئه‌زمریشِه‌وه له‌و شوێنانه‌دا که سه‌یرانکه‌ر داده‌نیشن، سه‌یری دۆڵه‌کانی دامێنیت بکه‌ی چی ده‌بینی؟ زبڵخانه‌یه‌ک ده‌بینی له بوتَل و قوتوو و عه‌لاگه و شووشه‌شکاو. له‌هه‌ندێ شوێندا به‌شی پێ دانان خاکی پاک نه‌ماوه. ته‌نانه‌ت سه‌ر دارگۆیژه‌کانیش بێبه‌ش نه‌بوون له خه‌نجه‌ریی پیسنشینی و بێباکیی سه‌یرانکه‌ره‌کان. له ناو لقی درخته‌کاندا چاو بگێڕی تۆش وه‌ک من بوتڵه بیره ده‌بینی به لاقرتیه‌وه تێت ده‌روانێ و به سه‌لیقه‌ی خاوه‌نه‌که‌ی پێ ده‌که‌نێ
هه‌فتانه هه‌زاران که‌س سندووفی ئۆتۆمبیله‌که‌یان پڕده‌که‌ن له عه‌لاگه و بوتڵ و شووشه و ئه‌چن له له بنارو سه‌رشاخ له ورگیاندا به‌تاڵیان ده‌که‌نه‌وه و پاشماوه‌که‌شیان بێباکانه ده‌ده‌ن به روومه‌تی ناسکی سروشتدا. بێگومان خه‌ڵکانێکی زۆریش هه‌ن سه‌یرانی خۆشیان ده‌که‌ن و پاشه‌رۆکه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌هێننه‌وه به‌ڵام ئه‌و ناشیرین بوونه‌ی سروشتی گۆێژه‌و ئه‌زمه‌ڕ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که‌سانێکی زۆر هه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی پێڵاوی خۆیان و تایه‌ی ئۆتۆمبیله‌کانیان خه‌م له‌و چیا و خاکه نازداره ناخۆن. که‌سانێکی زۆر هه‌ن که ساردیه‌که ده‌خۆنه‌وه قوتووه‌کانی هه‌واده‌ده‌ن، که‌سانێکی زۆر هه‌ن که بیره‌که ده‌خۆنه شووشه‌کانی به‌جێ ده‌هێڵن، که‌سانێکی زۆر هه‌ن بوتڵه شووشه‌کان ده‌که‌ن به نیشانه و به‌ربه‌ردیان ده‌ده‌ن یا به‌ردێک ده‌که‌ن به نیشانه و بوتڵه‌که‌ی پێدا ده‌ماڵن! که‌سانێکی زۆر هه‌ن سه‌عاتێک ده‌گه‌رێن تا شوێن حه‌سیرێک خاکی پاک په‌یداکه‌ن بۆ دانیشتن، به‌ڵام ئه‌م تۆزه شوێنه‌ش ( چ به‌مه‌ستی و چ به هۆشیاری) به زبڵدانی به‌جێ ده‌هێڵن. که‌سانێکی زۆر هه‌ن که ده‌رۆنه‌وه وا ده‌زانن ئیتر هه‌رگیز نایه‌نه‌وه بۆ سه‌یران، که‌سانێکی زۆر هه‌ن که…هه‌یهوو… ئه‌م که‌سانه کێن؟ ئایا ئه‌م که‌سانه دوژمنی خۆیانن؟ دوژمنی ئه‌م خاک و بوومه‌ن؟ نه‌زانن؟ یا مه‌غرور و بێباکن؟
ئه‌م که‌سانه بێگومان خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ن، بۆیه‌ش ئه‌چنه ئه‌و به‌رزاییه داده‌نیشتن دڵیان به دیمه‌نی ئه‌م شاره ده‌کرێته‌وه و خۆشیان ده‌وێ. ئه‌م که‌سانه ته‌نیا گه‌نجه‌کان نین، نه‌خوێنده‌واره‌کان نین، ته‌نیا هه‌ژارو زه‌حمه‌ت کێَشه‌کانی شار نین، به‌ڵکو له هه‌موو چین و توێژه‌کانی شارن، بگره ئه‌مانه ره‌نگه باشتره‌کانی شاربن له رووی خوێنده‌واری و باری ئابووریی و مه‌قامه‌وه. ره‌نگه سیفه‌تی هاوبه‌ش له‌م که‌سانه‌دا بێجگه له‌وه‌ی که دانیشتووی شارن، بێباکی بێ، گوێ نه‌دان بێ، بێخه‌می بێ به‌رامبه‌ر به ژینگه‌ی وڵات. ئایا که‌س له‌مانه رازی ده‌بێ یه‌ک بوتڵه شووشه له حه‌وشه‌ی ماڵی خۆیدا ورد بکات؟ یا له باخه‌که‌یدا؟ ئه‌ی بۆچی له شوێن سه‌یرانه‌که‌یدا به‌هه‌ر چوارده‌وریدا زبڵ بڵاو ده‌کاته‌وه؟ به‌تایبه‌تیش ئه‌و زبڵانه‌ی که ئۆرگانی نین و هه‌رگیز نافه‌وتێن؟ که‌واته ئه‌مانه ئه‌و خاکه به‌هی خۆیان نازانن یا لانی که‌م دڵیان پێی ناسووتێ، ئه‌گینا بڵێ که‌س هه‌بێ نه‌زانێ وردکردنی شووشه و بڵاوکردنه‌وه‌ی بوتڵ له جه‌سته‌ی ئه‌و خاکه‌دا چه‌ند ناشیرین و زیانبه‌خشه!
ره‌نگه ئه‌م که‌سانه بێزار و بێتاقه‌ت بن له ده‌ستی خۆیان و خێزانیان، له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیان، له داخی سیاسییه‌کانیان، به‌ڵام گوناهی خاک چییه؟ ئه‌و خاکه‌ی که ئه‌وان پیسی ده‌که‌ن هێشتا تاپۆی میلله‌ته و تاڵانفرۆش نه‌کراوه. ره‌نگه شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار و ژینگه ئیهماڵییان کردبێ و زبڵدانیان دانه‌نابێ، یان زبڵدانی ریوه‌ڵه‌یان دانابێ که به زبڵی یه‌ک خێزان پڕده‌بێته‌وه، به‌ڵام تاوانی دۆڵ و چه‌می چیا چییه بکرێ به زبڵدانی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار؟ ره‌نگه بڵێن هه‌ندێ له به‌رپرسه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی له خه‌می نه‌مامه‌کانى خۆیاندان ئه‌وه‌نده بیر له داربه‌رووه‌کانی وڵات نه‌که‌نه‌وه به‌ڵام خۆ نابێ داخی ئه‌مانه به خاک و ژینگه‌ی وڵات بڕێژین. به‌راستی حکومه‌ت هیچی کردبێ یا نه‌کردبێ بۆ رێگرتن له‌م پیسبوونه‌ی ژینگه، ته‌قسیری سه‌ره‌کی هی خۆمانه چونکه ئه‌وه ئێمه‌ین، تاکه تاکه و به کۆمه‌ڵ، ئه‌م شوێنپیسییه ئه‌نجام ده‌ده‌ین. هیچ حکومه‌تێک ناتوانێ له هه‌موو گوێ چه‌م و بن دارێکدا ته‌نه‌که‌ی خۆڵ دابنێ و که پڕبوو کۆیان بکاته‌وه. به‌ڵام هه‌موو سه‌یرانکه‌رێک ده‌توانێ یه‌کێک له‌و هه‌موو عه‌لاگانه‌ی که به پڕی ده‌یانبات، که ده‌گه‌رێته‌وه زبڵه‌که‌ی تێ کات و له‌گه‌ڵ خۆی بیهێنێته‌وه. مه‌گه‌ر خه‌می ئه‌وه‌مان بێ سندووقی ئۆتۆمبیله‌که‌مان پیس ببێ!! ئه‌گه‌ر وابێ ئه‌بێ بڵێین ئه‌ی بێ‌ناز خاکی نیشتمان!
ئێمه میلله‌تێکن له کۆنه‌وه خاک و میلله‌تی خۆمان خۆش ویستووه و به‌ته‌نگیانه‌وه هاتووین. باپیرانمان به ده‌ست به‌ردی کێلگه‌کانیان بۆ کۆکردووینه‌ته‌وه و کردوویانه به که‌ڵه‌ک، چیاکانیان ته‌خت کردووه و کردوویانه به‌ته‌ڵان، به‌لاپاڵی چیاکانه‌وه ره‌زیان بۆ ناشتووین و داربه‌رروه‌کانیان بۆ پاراستووین. باپیره‌کانمان چونکه له باوه‌شی سروشتا ژیاون و رۆزییان لێ به‌ده‌ست هێناوه له ئێمه زیاتر قه‌دریان زانیوه. ئێمه‌ی شارنشین چونکه رۆزیمان له مامه‌ڵه‌ی بازار و ژمێریاری فه‌رمانگه‌کانمان وه‌رده‌گرین نازی سروشتمان لانه‌ماوه و له‌یادمان کردووه سه‌لامه‌تی سروشت چه‌ند بۆ سه‌لامه‌تی خۆمان پێویسته!
ئه‌و ورده شووشه‌و پلاستیک و قوتووانه‌ی به گۆیژه‌و ئه‌زمڕدا بڵاو بوونه‌ته‌وه به ئاسانی نافه‌وتێن و بۆ سالیانی بێبڕانه‌وه ئه‌بنه مایه‌ی پیسیی ژینگه و زیان: دیمه‌نی شوێنه‌که ناشیرین ده‌که‌ن، رێگه ده‌گرن، زیان به رووه‌ک و رێبوار ده‌گه‌یه‌نن. ئه‌گه‌ر ئه‌م ره‌وتی سه‌یران و شوێنپیسییه‌ش به‌رده‌وام بێ ئه‌وا چه‌ند ساڵێکی تر رێبورانی ئه‌م سه‌یرانگایانه ئه‌بێ یا خاکه‌ناز له‌گه‌ڵ خۆیان به‌رن بۆ شوێن پاکردنه‌وه‌یا له‌سه‌ر قیره‌که سفره راخه‌ن!
له‌م وڵاته‌دا هه‌موو شتێک زۆر‌و بۆره به‌و مانایه‌ی ژماره گرنگه نه‌ک جه‌وهه‌ر، چه‌ندایه‌تی نه‌ک چۆنایه‌تی. بۆ هه‌موو شتێک جۆره‌ها داموده‌زگا هه‌یه، به‌ڵام به‌هه‌موویان کاری ده‌زگایه‌کی چاک ناکه‌ن. ره‌نگه فه‌رمانگه‌کانی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار و ژینگه له‌وه‌دا ته‌قسیریان هه‌بێ که نه‌یان توانیوه ئه‌ندازه‌ی کێشه‌که تێ بکه‌ن و خزمه‌تگوزاری پێویست له سه‌یرانگه‌کاندا دابین بکه‌ن. بۆنموونه ئایا ئه‌و زبڵدانانه‌ی له ده‌باشان دانراون به‌شی ئه‌و هه‌موو سه‌یرانکه‌ره ده‌که‌ن؟ یا ئه‌و تاکه تاکه سه‌تڵه له که‌ناری جاده‌ی ئه‌زمڕدا دانراون که‌ی به‌شی پاشماوه‌ی ئه‌م هه‌موو ساردی و مه‌شرووب خۆره ده‌که‌ن! ئه‌ی پاک کردنه‌وه چی؟ هیچ خزمه‌تتگوزارییه‌ک بێ به‌رده‌وامی و سیانه نابێ. ئامانجی ئه‌م ده‌زگایانه نابێ ئه‌وه‌بێ بڵێن فڵان شتمان کردووه، سه‌تڵمان داناوه، یه‌کجار پاکمان کردۆته‌وه. هه‌تا زبڵ بمێنێ ئیشی ئه‌مانیش ئه‌بێ به‌رداوام بێ و که‌ڵه‌که‌بوونی زبڵ وه‌ک له‌و وێنانه‌دا دیاره چه‌ند خه‌تای سه‌یرانکه‌رانه ئه‌وه‌نده‌ش نیشانه‌ی نوشوستی ئه‌م لایه‌نانه‌یه له ئه‌نجامدانی ئه‌رکه‌کانیاندا. ئه‌مانه‌و هه‌ندێ رێکخراوی ناحکومیش زیاتر باس له هۆشیاری ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌رنانه‌ی هۆشیاری به بێ تۆژینه‌وه نابێ. هۆشیاری به‌بێ خزمه‌تگوازری ئه‌نجامێکی وای نیه. هۆشیاریی پێویسته به‌ڵام ته‌سه‌وری خۆت بکه قوتووه ساردییه‌کت به‌ده‌سته‌وه‌یه و نیو سه‌عات ده‌رۆی زبڵدانێک نابینی، چی لێ ده‌که‌ی سه‌ره‌نجام له‌وانه‌یه تفوویه‌ک بکه‌یت و فرێی ده‌ی!!
پلان دانان بۆ پاکردنه‌وه‌ی ژینگه به‌رنامه‌یه‌کی فره لایه‌نه‌ی ده‌وێ که سه‌ره‌تا تۆژینه‌وه له خۆ بگرێ بۆ ده‌ستنیشان کردنی هۆیه‌کانی ئه‌م جۆره ره‌فتاره‌ی خه‌ڵک و دیاریکردنی شوێن و پێداویستییه‌کان و پاشان ده‌سته‌به‌رکردنی خزمه‌تگوزاریی پێویست بۆ کۆکرنه‌وه‌ی زبڵ شانبه‌شانی به‌رنامه‌ی هۆشیاری بۆ ئاشناکردنی سه‌یرانکه‌ران. داکوتانی چه‌ند لافیته‌و تابلۆیه‌کی ره‌نگاوره‌نگ و بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یامی رووت کارگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی نابێ له‌م کێشه ره‌فتارییه‌دا
2008.
******