گەرچی رۆژم لە بان سەکۆی ماڵەکانی نیشتمانم
تەمەنێکە لە چاوەچاو
زیندانێکە لە خەونی سەوز
ژووانێکە لەگەڵ حەزو تاسەی ڕاماو!
***
گەرچی شەوم لە کۆڵانی شارەکانی نیشتمانم
ئاسمانێکە رەش داگەڕاو
شەرمن بە ماچی ئەستێرە
نامۆ بە خەرمانەی مانگ و تیشکی هەتاو!
***
گەرچی زەمان لەسەر کوڵمی کێوەکاى نیشتمانم
فرمێسکێکی قەتیس ماوە
نیگایەکه ئەسیری چاو
رووبارێکی راوەستاوە!
***
گەرچی مێژوو لە بن دارو بەردەکانی نیشتمانم
جۆگەی ئارەقە و خوێن و نان
رێچكەیەکه توناو تون وێڵ
ياداشتێکە پڕ لە گومان!
***
گەرچی، گەرچی، گەرچی… بەڵام
تروسکەیەک لە نیگاما
چەخماخەیەک لە ناو دڵی بەهیواما
بۆنیک لە ئەشق لە ناو باخچەی تەمەنناما
بانگم ئەکەن بۆ باوەشی ئەم دۆزەخەی بەهەشتی من
لوولم ئەدەن بۆ گێژەنی خەیاڵی ون.
بە گوڵاوى ئەشقى شیرین
مەستم ئەکەن.
بە زنجیری جادووی حەنین
دیلم ئەکەن.
وێڵم ئەکەن
بە سەرابى خەونی رەنگين،
ئەم جادووەى ئەشق و حەنين.
بەهارى 2007
*****