شايلۆغانى مه‌ڕان
تێبینی: ئه‌مه ده‌ربڕینێكی حیكایهتئاساى هه‌ستی نووسه‌ره له گه‌رمه‌ى ئاوديوكردندا وه‌ك نامه‌یه‌ك بۆ بۆ هاوڕێی به‌رێز كاك سه‌ردار فه‌تاحم ناردبوو.
ده‌باره‌ی گه‌له‌ی بێ شوان و شوانی نائینسان، رهوهگورگی برسیی بێ ویژدان و باڕه‌و باعه‌ی مه‌ڕی نیوه‌گیان، فۆلكلۆری مه‌ڕان پڕه له به‌سه‌رهات و ئه‌فسانه‌ی پڕعیبرهت و جوان. ده‌گێڕنه‌وه دێرزه‌مان له دۆڵێكدا كه كێوی بڵندی دیوارئاسا موچڕكه‌ی له‌رزی له بناری خۆرنهدیودا ده‌خوڵقاند و ئاسمان ئه‌وه‌ندی بۆ بارینی نه‌فره‌تی خوا پێویست بێ به‌دی ده‌كرا، ده‌نگ ته‌نیا له‌گوێی خاوه‌نیدا ده‌زرنگایه‌وه و گوێچكه ترپه‌ی پێی مێرووله‌ی ئه‌وپه‌ڕی دنیای ده‌بیست… له دۆڵێكی ئه‌فسانه‌یی ئاوادا ده‌گێڕنه‌وه دێرزه‌مان گه‌له‌گورگێكی چاوسوور په‌لاماری مه‌ڕان ده‌ده‌ن.
ژماره‌یان بێ سنوور
كه‌ڵبه تیژ و رق ئه‌ستوور
گورگی له‌خوا بێ خه‌به‌ر
ڕانه مه‌ڕ ده‌ده‌نه به‌ر
نه یه‌ك نه دوو نه هه‌زار، هه‌تا ده‌توانن ده‌كوژن، هه‌تا ده‌توانن ده‌خۆن. ئه‌وی باره‌ی بێ ده‌خورێ، ئه‌وی ده‌ستی بێ ده‌برێ، ئه‌وی قاچی بێ ده‌خرێ. به‌م جۆره سایه‌ی گورگ وڵاتی مه‌ڕان تاریك ده‌كا و بۆتی گورگ تێكه‌ڵی هه‌وا ده‌بێ و كه‌س به‌بێ ئیجازه ناتوانێ هه‌ناسه بدا.
ڕانه مه‌ڕی بێ چاره
زیندانی چوار دیواره
له گوێچكه‌ی خۆی نارازی
له چاوی خۆی بێزاره
سه‌د خۆزگه‌یان به لاڵی
زمام مایه‌ی ئازاره
مه‌ڕی به‌سته زمان له ژێر زوڵمی گورگاندا پشتیان ده‌نه‌وێ و برایه‌تییان ده‌پسێ. ده‌سته‌یه‌ك بڕیار ده‌ده‌ن ببنه گورگ، كۆمه‌ڵێك بڕیار ده‌ده‌ن بده‌نه كێ‌و، ئه‌وانی تریش بریار ده‌ده‌ن ده‌ست بگرن به دووگی خۆیانه‌وه و نه ببنه گورك و نه دوژمنی گورگ، به‌ڵكوو هه‌ر مهرهكهی جاران بن به‌ڵام سه‌ركز.
رۆژ به‌رۆژ رێ و ره‌وشتی گورگان زیاتر له ناو مه‌ڕاندا ره‌گ داده‌كوتێ و وای لێ دێ هه‌موو كه‌س ناتوانێ دووگی مه‌ڕ له كلكی گورگ جیا بكاته‌وه. ژماره‌ی مه‌ڕانی گورگ سیفه‌ت روو له‌زیادی و مه‌ڕی سه‌ركز له‌كه‌می ده‌بێ. مه‌ڕانی كێویش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان پێ ده‌كرێ جارجار چاوێك له گورگان زیت بكه‌نه‌وه و ڵاكێكیان له‌ده‌م بفڕێنن.
رۆژان هاتن رۆژان چوون
گورگان سواری مه‌ڕان بوون
زۆڵه مه‌ڕی كه‌ڵبه‌دار
ده‌ستیان خسته بینی شار
ئه‌وی ده‌یه‌وێ نه‌مرێ
سه‌رچۆپییان بۆ بگرێ
له‌ودیو شواری قه‌سابخانه‌ی گورگانیشهوه مه‌ڕانی كێوی، دوژمنانی زوڵم و گورگ، شه‌وو رۆژاتی تاریك ماندوویان ده‌كا. ئه‌وه‌نده چاودهبرشنه چاوی گورگ كوێراییان دادێ، ئه‌وه‌نده گوێ بۆ ترپه‌ی پێی دوژمن شل ده‌كه‌ن گوێیان كپ ده‌بن، ئه‌وه‌نده ددان له گورگان جیڕ ده‌كه‌نه‌وه كه‌ڵبه‌یان تیژ ده‌بن، ئه‌وه‌نده ویژدانی گورگان هه‌ڵده‌ته‌كێنن ویژدانیان له‌رزۆك ده‌بێ.
پێشینیان واته‌نی جام كه پڕ بوو لێ ی ده‌رژێ. پاش سه‌ختی و كوێرهوهریهكی زۆر ته‌ونی زوڵمی گورگان ده‌پسێ و خه‌ونی دێرینه‌ی مه‌ڕان دێته دی.
گورگ قڕانه و گورگ قڕان
گورگان هه‌ڵاتنه كێوان
باره‌و باعه‌ی ئازادی
مه‌ڕانی مه‌ستی شادی
حه‌وت شه‌وو رۆژ بێ وه‌ستان
كۆشكی زوڵمی ههلتهكان
پاش ئه‌وه‌ی مه‌ستیی ئازادی به‌ری دان، له دیوه‌خانی پیری مه‌ڕان كۆبوونه‌وه و رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو برا و یه‌كسان بن و گه‌رچی مه‌ڕ به خوری و دووگ و باعهدا ده‌ناسرێته‌وه، به‌ڵام نابێ ده‌وڵه‌مه‌ندی له هیچكام له‌وانه‌دا ببێته هۆی ئیمتیاز و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی. بێچاره خافڵ بوون له‌وه‌ی زوڵمی گورگان كردوونی به سێ برا، دوانی گه‌وره و یه‌كێكی بچووك.
مه‌ڕی گورگ سیفه‌تی هار
دوێنێ شا‌و ئه‌مڕۆ شالیار
مه‌ڕی كێویی سه‌ختی دیو
دوێنێ رووت و سم ته‌زیو
ئه‌مرۆ خاوه‌ن ئه‌مباره
شوانی بێ پا و پاداره
مه‌ڕی سه‌ركزی هه‌ژار
ئه‌مڕۆش وه‌ك دوێ كۆڵه‌وار
ئه‌مباری گورگان، گورگانی چاوبرسی و بێ ئیمان، پڕبوو له‌نان، له‌گۆشتی كاوڕی جوان، له ئاڵفی مه‌ڕان. مهرانی تادوێنێ ترسا‌و، مه‌ڕانی تا دوێنێ برسی، مه‌ڕانی گورگ لێ نراو، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له دیوه‌خانی پیر هاتنه ده‌ره‌وه قۆره‌ی سكیان گوێچكه‌ی ویژدانییانی كاس كرد و وه‌ك تازه خوێ درابن و به‌رو چه‌م رایی كرابن، ئارامیان لێ هه‌ڵده‌گیرێ و به‌له‌سه ده‌بن. ده‌گای ئه‌مبار ده‌شكێنن، ئه‌مبار ده‌ڕمێنن، ئالف ده‌ردێنن، تیكه‌ی ده‌می یه‌كتر ده‌رفێنن.
سه‌یرانه براگه‌ل سه‌یرانه
سه‌یرانی دوای گورگ قڕانه
تاراجی میراتی گورگانه
ئه‌مبار بڕین و فڕان فڕانه
پادار شاییه و بێ پا شێلانه
شاخدار دابه‌ستن، بێ شاخ خورانه
ده‌ڵێن پاش ئه‌وه‌ی ئاخوری گورگان فووی لێ ده‌كرێ و هیچ نامێنێ شه‌ڕی له‌سه‌ر بكه‌ن، مه‌ڕان ئارام ده‌گرن و ده‌گه‌رێنه‌وه سه‌ر سروشتی پاكی خۆیان. به‌ڵام ریوایه‌تێك كه گوایه له ده‌می گورگانه‌وه بڵاوبۆته‌وه ده‌ڵێ له‌م كه‌ین و به‌ینه‌دا گورگه‌ل فرسه‌ت دێنن و دووباره كه‌ڵبه له‌قوڕگی مه‌ڕان گیرده‌كه‌نه‌وه.
به‌هاری 1993
******