هه‌موومان زاڵم، هه‌موومان مه‌زڵووم
لای ئێمه هێشتا قوتابی ئه‌بێ وه‌ک په‌یکه‌ر له پۆلدا دابنیشێ و به ترسه‌وه له مامۆستا بنوارێ تا نه‌که‌وێته به‌ر پلار و سه‌رزه‌نشتی مامۆستا. نه‌خۆش ئه‌گه‌ر توزێ موجاده‌له له‌گه‌ڵ دکتۆر بکا بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌کانی دوور نیه دکتۆر پیاهه‌ڵنه‌شاخێ بڵێ “من دکتۆر م یان تۆ، ئه‌گه‌ر خۆت حه‌کیمی بۆ هاتووی بۆ لای من!” که ئه‌چیته لای فه‌رمانبه‌رێک بۆ به‌دواداچوونی کاره‌که‌ت، دوورنیه بیه‌وێ پێت بسه‌لمینێ که تۆ مه‌جبووری و موحتاجی ئه‌ویت تا ئه‌ویش به منه‌تێکه‌وه کاره‌که‌ت بۆ بره‌وێنێ. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که به‌پاره خزمه‌تگوزارییه‌کت پێشکه‌ش ده‌ده‌ن یان کاڵات پێ ده‌فرۆشن و تۆ وه‌ک مه‌عمیلێک پێویسته ئه‌وپه‌ری نازت رابگرن تا به‌رده‌وام بی له به‌رکارهێنانی فرۆشراوه‌که‌یان، ره‌نگه ئه‌وه‌نده به منه‌ت مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ بکه‌ن وه‌ک بلێی تۆ قازانج له‌وان ده‌که‌ی، وه‌ک که‌سێکی خاوه‌ن ماف سه‌یرت ناکه‌ن، دوور نیه له وه‌ڵامی گله‌ییه‌کدا پیت بڵێن “پێت خۆش بێ و پێت ناخۆش هه‌رئه‌وه‌یه، نه‌مان ناردووه به دواتا!” به‌رپرسانی فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌کانیش زیاتر له‌وه‌ی داوای لێبوردن بکه‌ن له‌خه‌ڵک بۆئه‌و کارانه‌ی نه‌یانتوانیوه (وه‌ک ئه‌رکی سه‌رشانیانه) ئه‌نجامی بده‌ن، زیاتر لاف‌و گه‌زاف به‌و شته که‌مه‌وه لێ ئه‌ده‌ن که کردوویانه‌و خه‌ڵکی تاوانبارده‌که‌ن که نازانن به‌باشی خزمه‌تگوزارییه‌کانیان به‌کاربێنن.
ئه‌م کلتووری غرور و خۆ به‌زل زانین و بێ منه‌تییه چییه وا تانوپۆی ره‌فتاری زۆرمانی ته‌نیوه؟ ئایا به‌راستی ئێمه ئه‌وه‌نده پڕ زانیاری و به‌ده‌سته‌ڵات و له خۆرازین و باوه‌ڕمان به خۆمان پته‌وه که بتوانین له هه‌موو که‌سێک بێ منه‌ت و له هه‌موو عه‌یبێک به‌ری بین؟ ئایا ئێمه کۆمه‌ڵێکی ئه‌وه‌نده بێ رێز و بێ ماریفه‌تین ته‌حه‌مووللی دوو پرسیار و سێ رسته‌ی گوماناوی نه‌که‌ین و هه‌ڵ بچین و دیوارێک له بێڕێزی و بێ منه‌تی له‌به‌ینی خۆمان و به‌رامبه‌ره‌که‌ماندا دروست بکه‌ین؟. ئایا ئێمه سروشتمان زاڵمانه‌و خۆسه‌پێنه‌رانه‌یه و حه‌ز ناکه‌ین که‌س له قسه‌ماندا قسه بکات؟ یا خود ئه‌مه په‌یوه‌ندی به ئاستی رۆشنبیری و ره‌فتاری و نه‌زانینی ئادابی مامه‌ڵه‌کردنه‌وه هه‌یه؟
هۆی ئه‌م ره‌فتاره‌مان هه‌رچییه‌ک بێ، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی زۆرمان له‌م هونه‌ری خۆسه‌پاندن و یه‌کتر شکاندنه‌دا وه‌ستاین. نه‌خوێنده‌وار، خوێنده‌وار، شا، گه‌دا، گوندنشین، شارنشین. سه‌یر له‌وه‌دایه خۆشمان دڵمان وه‌ک په‌ڕه‌ی گوڵ ناسکه و به که‌مترین شت دڵمان ده‌شکێ و هه‌ڵده‌چین، که‌چی خۆشمان ئه‌وه‌نده ئازا‌و ده‌ستبه‌کارین بۆ شکاندنی یه‌کتری. زۆرمان به‌راستی نازانین چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌کتر بکه‌ین وه‌ک مرۆڤ، چۆن رێزی مرۆڤی به‌رامبه‌ر بگرین، چۆن دڵی مرۆڤ رابگرین، چۆن پێ بنێین به غرووری بۆشی خۆماندا و به دڵێکی کراوه‌وه گوێ بۆ یه‌کتی شل که‌ین و هه‌ق بده‌ین به به‌رابه‌رکه‌مان ، خۆمان بخه‌ینه شوێنی ئه‌و تا لێی تێ بگه‌ین. زۆرمان ناتوانین ئه‌وه‌ی بۆ خۆمان به ره‌وای داده‌نێین بۆ خه‌ڵکیشی به هه‌ق بزانین. ئێمه ناتوانین بڵێین راسته تۆش هه‌قته، تۆش راست ده‌که‌ی به‌ڵام ڕای من جۆرێکی تره. ئێمه واده‌زانین یه‌ک راستی هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که “من” ده‌یکه‌م و ده‌ی ده‌یزانم! وادیاره ئێمه، هێشتا وانه‌ی یه‌که‌ممان له مافی مرۆڤدا وه‌رنه‌گرتووه: قبووڵ کردن و رێزگرتن له جیاوازی ویه‌کتری نه‌شکاندن.
مامۆستایه‌ک ره‌نگه هه‌موو به‌نده‌کانی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤی له‌به‌ر بێ به‌ڵام ئاماده نیه بواری قوتابییه‌که‌ی بدات بۆ ته‌بریری ره‌فتارێکی که مامۆستاکه به ناشایسته‌ی زانیوه، قسه‌ی خۆی بکات. دکتۆرێک بێگومان ئادابی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌خۆش بیستووه و خوێندووه به‌ڵام ره‌نگه بوار نه‌دات به‌نه‌خۆش ناره‌زاییه‌ک یا گومانێک ده‌ربڕێ به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ره‌که‌ی. سیاسییه‌ک ره‌نگه ده‌رسی دیموکراسیی خه‌ڵکی دابدات به‌ڵام ناتوانێ له‌به‌رامبه‌ر رایه‌کی جیاوازدا تووره‌یی خۆی بخواته‌وه!
نازانم ئاخۆ ئه‌م ره‌فتاره‌مان په‌یوه‌ندی به جینه‌کانمانه‌وه هه‌یه یان نا به‌ڵام دڵنیام له له‌دایکبوونه‌وه بارودخی چه‌که‌ره‌کرن و گه‌شه‌کردنی ئه‌م ره‌فتاره‌مان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ. منداڵ ئه‌وه‌نده‌ی هۆشی کرده‌وه له هه‌لسوکه‌وت و ئیشارات و قسه‌ی باوانی گه‌یشت ده‌که‌وێته به‌ر لێشاوی خۆ فه‌رزکردنه‌وه. خێزانی ئێمه به شێوه‌یه‌کی گشتی جێگه‌یه‌کی له‌بار نیه بۆ گه‌شه‌ی ئاسایی منداڵ. خێزانی ئێمه که‌شو هه‌وای نه‌رمی و لێک تێگه‌یشتن و هاوده‌ردی و رێزگرتن له یه‌کتری وبه‌رامبه‌ری و یه‌کسانی ناخولقێنێ. خێزانی ئێمه دیمه‌نگه‌لێک نیشانی منداڵ ده‌دات که پڕه له هات و هاوار، خۆ سه‌پاندنی دایک یا باوک به‌سه‌ر ئه‌وی تردا، فه‌رزکردنی کوڕ به سه‌ر کچدا، ناکۆکی پیرو گه‌نج و یه‌کتر شکاندن و نا یه‌کسانی. ئێمه له‌وکاته‌وه‌ی چاو هه‌ڵده‌هێنین له‌ناو ده‌ریای ره‌فتاری ناهاوسه‌نگدا گه‌وره ده‌بین . ئه‌وانه‌ی پێش ئێمه له‌دایک ده‌بن و گه‌وره‌ده‌بن فێر نابن چۆن مامه‌ڵه‌ی هاوسه‌نگ و یه‌کسان له‌گه‌ڵ یه‌کترو ئێمه‌دا بکه‌ن، ئێمه‌ش له‌وانه‌وه هه‌مان شت فێر ده‌بین. ئێمه ناتوانین له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانمان به نه‌رمی بدوێین و قه‌ناعه‌تیان پێ بکه‌ین، به‌ڵکوو ویستی خۆمان فه‌رز ده‌که‌ین به‌سه‌ریاندا بۆیه ئه‌وانیش که گه‌وره ده‌بن هه‌مان شت ده‌که‌ن. ئێمه هه‌ر له منداڵیه‌وه تۆوی گرێی خۆ به‌که‌م زانین له منداڵه‌کانماندا ده‌چێنین ئه‌لبه‌ته له دره‌خته‌که‌ی خۆمانه‌وه که ساڵه‌هایه ره‌گی داکوتاوه‌و به‌ر ده‌دات. ئێمه گرێی خۆبه‌که‌م زانینمان هه‌یه و ئه‌و خۆ سه‌پاندن و شکاندنه‌شمان ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و گرێیه‌ن.
که‌سوکاری منداڵه‌کان هه‌ر ئه‌مجۆره ره‌فتاره ده‌زانن، منداڵه‌کانیش ناچنه باخچه‌ی ساوایانی ئه‌وروپایی تا له‌وێ فێری جۆرێکی تر مامه‌مه‌ڵه ببن. که‌پێ ده‌گرین و ئه‌چینه کۆڵان بۆ یاری دیسان ئه‌که‌وینه‌وه به‌ر کاریگه‌ریی هه‌مان ره‌فتاری خۆسه‌پێنه‌رانه‌ی مناڵ و گه‌وره‌تره‌کانی کۆڵان و ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه گه‌شه ده‌که‌ین. له قوتابخانه‌ش فێرمان ده‌که‌ن له مامۆستا بترسین، وه‌ک بت له پۆلدا دانیشن، له هه‌موو جووڵه‌یه‌ک بسڵه‌مینه‌وه، و به هه‌زوارو یه‌ک داوی “ئه‌ده‌ب” ده‌مانبه‌ستنه‌وه و سنوورمان بۆ داده‌نێن. مامۆستاکان گوێچکه‌مان پڕ ده‌که‌ن له ئامۆژگاریی وشکی هه‌زار ساڵه! هێشتا له قوتابخانه‌ی ئێمه‌دا شتێکی ئه‌وتۆ نه‌کراوه بۆ به‌هێزکردنی که‌سایه‌تی قوتابی، بۆ بره‌ودان به هه‌ستی باوه‌ر به‌خۆکردنی قوتابی، بۆ هاندانی به‌شداریکردنی قوتابی. ئێمه له قوتابخانه قوتابی زانیاری فێری قوتابی ده‌که‌ین به‌ڵام فێری ژیانی ناکه‌ین.
ئێمه به‌م گرێی خۆبه‌که‌مزانیه‌وه گه‌وره‌ده‌بین، له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رکوت کردنه به‌رده‌وامه‌دا گه‌وره ده‌بین. هه‌رچه‌ند به‌زاهیر زاڵ و زاڵم و باوه‌ر به خۆ قایمین به‌ڵام له ناخماندا با ئاگاشمان لێ نه‌بێ له‌خۆمان به شک و لاوازین. ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ره‌فتارمان بریتیه له‌م که‌م چیکڵدانه‌یی و هه‌وڵی خۆ فه‌رزکردن و به‌رگه‌نه‌گرتنی ڕای جیاواز و زوو هه‌ڵچوونه. ئینجا به‌م لاوازییه‌ی خۆمانه‌وه خه‌ڵکی له‌خۆمان لاوازتر، یا خه‌لکی وه‌ک خۆمان ده‌شکێنین و زوڵمیان لێ ده‌که‌ین.
زوڵم بێگومان مه‌رج نیه هه‌ر زیان پێگه‌یاندنی جه‌سته‌یی و مالی بێت. هه‌موو بریندارکردنی هه‌ستی مرۆڤێک به ناهه‌ق، هه‌موو هه‌لکوتانه سه‌ر ژیانی تایبه‌تیی که‌سێک، هه‌موو پێشیلکردنی مافی که‌سیک زوڵمه جا ناهه‌قی به‌رامبه‌رکراو پێ بزانێ یا نه‌زانێ. ئێمه به غروری بۆشی خۆمان، به هه‌وڵی خۆ بردنه پێش و خۆ سه‌پاندنمان دیوارێک دروست ده‌که‌ین له سه‌هۆڵ له به‌ینی خۆمان و به‌رامبه‌ره‌که‌ماندا. ئێمه به‌م کاره‌مان رێ له له‌یه‌ک تێ گه‌یشتن ده‌گرین، رێ خۆش ده‌که‌ین بۆ پشت کردنه یه‌ک، له‌یه‌ک خوێندن، له‌یه‌ک جیابوونه‌وه، تۆڵه کردنه‌وه.
ئێمه ئه‌بێ فێر بین و قه‌ناعه‌ت بێنین و نیشانی بده‌ین که دنیا هه‌مووی یه‌ک ره‌نگ نیه. ئێمه ئه‌بێ فێر ببین و قه‌ناعه‌ت بێنین و نیشانی بده‌ین که “من” مه‌رکه‌زی جیهان نیه، “من” زاناترین که‌س نیه، “من” ته‌نیا خاوه‌ن هه‌ق نیه، “من” ته‌نیا که‌سی خاوه‌ن بۆچوونی راست نیه. ئێمه ئه‌بێ فێربین و قه‌ناعه‌ت بێنین و نیشانی بده‌ین که له ده‌ره‌وه‌ی “من”یش خه‌ڵکانێک هه‌ن ره‌نگه راست بکه‌ن، خه‌ڵکانێک هه‌ن ره‌نگه خاوه‌ن هه‌ق بن، خه‌ڵکانێک هه‌ن ره‌نگه له ئێمه زاناتر بن. به‌ڵام ئه‌م قه‌ناعه‌ت ته‌نیا به‌وه دروست ده‌بێ که ئێمه بتوانین له ده‌ره‌وه‌ی غروری بۆشی خۆمانه‌وه، له‌ده‌ره‌وه‌ی “منه‌وه” بروانینه جیهان تا هه‌موو ره‌نگه‌کان ببینین
2007
*****