ئایا بەکارهێنانی مۆبایل کاریگەریی لەسەر تەندروستی هەیە؟
رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەدەم ئاژانسی نێونەتەوەیی توێژینەوەی شێرپەنجەوە رایگەیاند کەوا ئەو کایە کارۆموگناتیسییەی لە مۆبایلدا بەکاردێت ئەگەری ئەوەی هەیە بۆ مرۆڤ شبَرپەنجەسازبێت. رێکخراوی ناوبراو مەترسیی تەندروستیی مۆبایلی لە ریزبەندی گروپی 2B داپۆلێن کردووە و ئەم ریزبەندییەش ئەوەدەگەیەنێت ئەو پەیوەندییەی لە نێوان هۆکارەکە و نەخۆشییەکەدا تێبینی کراوە جێگەی باوەرە بەلام ئیحتمالی چانس و هەڵەی تریش هەیە بۆ لێکدانەوەی ئەو پەیوەندییە.
لە هەندێ ناوچەی جیهاندا مۆبایل تەنیا هۆکاری پەیوەندی کردنی تەلەفۆنیە. لە کۆتایی ساڵی 2009 دا نزیکەی 4.6 ملیار ژمارەی مۆبایل لە جیهاندا تۆمارکراوە. هەر لەبەر ئەم ژمارە زۆرەی بەکارهێنەرانی مۆبایلە کە زانایان بەپێویستی دەزانن لیکۆلینەوە لەسەر مەترسییە ئیحتیمالییەکانی ئەم ئامێرە بکەن لەسەر تەندروستی مرۆڤ. مۆبایل لەرێگەی گواستنەوەی لەرەلەری رادیۆییەوە پەیوەندی دروست دەکات کە لەرێگەی ژمارەیەکی زۆر ئەنتێنای جیگیرەوە (وێستەگەی سەرەکی) رەوانەدەکرێن. شەپۆلە رادیۆییەکان بریتیتن لە کایەی کارۆموگناتیسی و بە پێچەوانەی تیشکدانەوەی ئایۆنسازەوە (وەک تیشکی ئێکس و گاما) ناتوانن بۆندە کیمیاییەکان بشکێنن یاخود لە لەشی مرۆڤدا ئایۆن دروستبکەن هەر لەبەر ئەوەشە وەک ئەو تیشکدانەوانە مەترسیدار نین.
مۆبایل پەخشکەرێکی لاوازی شەپۆلی رادیۆییە کە لە لەرەلەری نێوان 450 تا 2700 میگاهێرتز دا کاردەکات و هێزەکەشی لە نێوان 0.1 تا 2 واتدایە. مۆبایل تەنیا کاتێک کە داگیرساوە شەپۆل پەخش دەکات. هەتا ئامێرەکە دوورتر لە گوێچکەوە بگیرێت هێزی ئامێرەکەو و رادەی بەرکەوتنی بەکارهێنەریش بۆ لەرەلەری رادیۆیی کەم دەبێتەوە. بۆنموونە ئەگەر بەکارهێنەرێک لە دووری 30 سانتیمەترەوە مۆبایلەکەی بگرێت چ لە کاتی مێسەج کردندا یان تەلەفۆن کردن بە کردنەوەی بڵندگۆی ئامێرەکەی، بڕێکی زۆر کەمتر لەرەلەری رادیۆیی دەگاتە لەشی و کاری تێدەکات. بەهەمان شێوە کەمتر تەلەفۆن کردن و کەمکردنەوەی ماوەی هەر تەلەفۆنێک دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە شەپۆلی رادیۆیی. لەو شوێنانەشدا کە رادەی داپۆشینی تۆڕ بەهێزە بەرکەوتن کەمترە چونکە ئامێرەکە دەتوانێت بە بەکارهێنانی هێزێکی (واتیەیەکی) کەمتر سیگناڵەکان وەربگرێت.
کاریگەرە تەندروستییەکان
لەماوەی بیست ساڵی رابوردوودا ژمارەیەکی زۆر توێژینەوە ئەنجامدراون سەبارەت بە کاریگەرییە خراپەکانی بەکارهێنانی مۆبایل لەسەر مرۆڤ بەڵام تا ئێستا هیچ کاریگەرییەکی خراپی مۆبایل لەسەر تەندروستی نەسەلمێنراوە. میکانیزمی سەرەکی کارلێکردنی نێوان لەشی مرۆڤ و ئەو وزەیەی لە لەرەلەری رادیۆییدایە بریتییە لە گەرمبوونی شانەکانی لەش. لە مەودای ئەو لەرەلەرانەدا کە مۆبایل کاری پێدەکات زۆربەی وزەکە لەلایەن پێست و شانە رووکارییەکانی ترەوە دەمژ رێت و لەئەنجامدا گەرمبوونێکی ئەوتۆ لە مێشک و ئەندامەکانی تردا روونادات. چەند توێژینەوەیەک دەربارەی کاریگەریی لەرەلەری رادیۆیی لەسەر چالاکیی کارەبایی مێشک و فرمانی ئەقلی و خەو و ترپەی دڵ و پەستانی خۆێن ئەنجامدراوە لە کەسانی خۆبەخشدا. بەلام تا ئەمرۆ بەڵگەی دروست بەدەستەوە نیە نیشانەی ئەوە بێ بەکارهێنانی مۆبایل لەئاستی ئاساییدا کە نابێتە هۆی گەرمبوونی شانەکانی لەش ، کاریگەریی خراپی تەندروستیی لێبکەوێتەوە. بەڵگەش نیە بۆ راستی پەیوەندیی نێوان مۆبایل و ئەو نیشانە تەندروستییانەی خەڵک سەبارەت بە خۆیان باسی دەکەن و دەیبەستنەوە بە بەکارهینانی مۆبایلەوە (هەستیاریی کارۆموگناتیسی). بەکارهێنانی مۆبایل رەنگە کار لە چالاکی مێشک و کاتی کاردانەوە و ریتمی خەو بکات بەڵام ئەمانە کاریگەریی بچووکن و لەرووی تەندروستییەوە گرنگ نین. سەبارەت بە رووداوی هاتوچۆش، توێژینەوەکان دەریان خستووە بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی ئۆتۆمبیل لێخوڕیندا مەترسی رووداوی هاتوچۆ زیاد دەکات بە رادەی سێ تا چوار جار.
ئەگەری کاریگەریی درێژخایەن
زۆربەی ئەو توێژینەوانەی کراون سەبارەت بە کاریگەریی درێژخایەنی بەکارهێنانی مۆبایل، بەدوای پەیوەندیی نێوان لووی مێشک و مۆبایلدا دەگەرێن. بەڵام زۆربەی لووە شێرپەنجەییەکان ماوەی چەندین ساڵیان پێویستە تا گەورەببن و دەستنیشان بکرێن و مۆبایلیش ماوەی بیست ساڵێکە بڵاو بۆتەوە، هەربۆیەش توێژینەوەکان زیاتر دەربارەی ئەو لووانەن کە لەماوەیەکی کەمتردا دەردەکەون. ئەو توێژینەوانەی لە ئاژەڵدا کراون نەیانتوانیوە هیچ زیادکردنێکی مەترسیی روودانی شێرپەنجە بسەلمێنن لەو ئاژەلانەدا کە خراونەتە بەر لەرەلەری رادیۆیی. چەند توێژینەوەیەکی گەورەی نێونەتەوەیی ئەنجامدراون و لەئارادان سەبارەت بە کاریگەریی مۆبایل لەسەر مرۆڤ. گەورەترینی ئەو توێژینەوانە بەناوی (ئینتەرفۆن) لەلایەن ئاژانسی نێونەتەوەیی توێژینەوەی شێرپەنجەوە لە 13 وڵاتدا ئەنجامدرا سەبارەت بە پەیوەندی مۆبایل بە شێرپەنجەی سەر وملەوە لە مرڤی گەورەدا. ئەنجامی گشتیی توێژینەوەکە هیچ پەیوەندییەکی دەرنەخستووە لەنێوان بەکارهێنانی مۆبایل بۆ ماوەی زیاتر لە دەساڵ و شێرپەنجەی مێشک لە جۆری گلایۆما و لووی پەردەی مێشکدا. بەهەرحاڵ، ئەو کەسانەی کە لەرووی کاتژمێرکانی بەکارهێنانی مۆبایلەوە لە ریزی 10% ی سەرەوەدا بوون، پێدەچێ کەمێ مەترسیی تووشبوونی شێرپەنجەی لەجۆری (گلایۆما)یان لەوانی تر زیاتر بێت. هەرچەندە لەلێکدانەوەی ئەم ئەنجامەدا توێژەرەوەکان دەڵین ئیحتیمالی هەڵە و بایەز هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاژانسی نێونەتەوەیی شێرپەنجە وای بەباش زانیوە کایەی کارۆموگناتیسی لەلەری رادیۆیی وەک شێرپەنجەساز بۆ مرۆڤ پۆلێن بکات بە شێوەی ئیحتیمالی نەک سەلمێنراو. ئەم پۆلینەش کاتێک دەکرێ کە زانیارییەکان دەربارەی پەیوەندی هۆکارێک و نەخۆشییەک بە توێژینەوە هەین بەڵام بێ چەندوچوون نەبن، واتە پەیوەندیەکە تێبینی کرابێن بەڵام نەسەلەمێنرابێت و رەنگە لێکدانەوەی تریشی هەبێ.
هەر لەم روانگەیەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هانی توێژینەوەی زیانر دەدات سەبارەت مۆبایل و مەترسیی شێرپەنجەی مێشک لەبەرئەوەی بەکارهێنانی مۆبایل ئێجگار زۆر بەربڵاوە بەتایبەتی لە ناو گەنجەکاندا کە ئەمەش مانای وایە گەنجان بۆ ماوەی ساڵانێکی زیاتر دەکەوتە ژێر کاریگەریی لەرەلەری رادیۆییەوە و بەوهۆیەوەش ئەگەر کاریگەرییەکی خراپی هەبێ ئیحتیمالی دەرکەوتنی لەواندا زیاتر دەبێ.
****
:سەرچاوە: ئەم بابەتە لە سایتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی وەرگیراوە
http://www.who.int/mediacentre/factsheets/fs193/en/index.html ; https://www.who.int/news-room/q-a-detail/what-are-the-health-risks-associated-with-mobile-phones-and-their-base-stations