ئەم وڵاتە هەمووی تەڵەیە، وریاری سەلامەتیی خۆتان بن
2007
پار بەیانیەکیان ئەچووم بۆ هەولێر. تازە خۆر کەوتبوو بەجادەی کەناری چەمچەماڵ دا رەت دەبووم لەپڕ گەڵابەیەک خۆڵی داکراو لە ناوەراستی جادەکەدا لێم تاین بوو کە پانتایی سایدەکەی گرتبوو و ناچاری کردم ئەوەندەی گوڕی کاردانەوە رێگە بدات، ئۆتۆمبیلەکە هێور کەمەوە و خۆم بگەیەنمە سەر خۆڵەکە. نەعلەتێکم لە بێخەمیی خاوەنی گەڵابە خۆڵ کردو پاش قەدەرێک هاتمەوە سەر قیرەکەو ئیدی لەبیرم چووەوە. ئێوارە لە گەڕانەوەدا کە گەیشتمەوە هەمان شوێن لە دوورەوە ئیحتیاتم وەرگرت بەڵام کە گەیشتمە جێ بینیم تەڵەی مڵۆزم نیچیری خۆی تەخت کردووە! ترێلەیەکی پڕ لە چیمەنتۆ (کە بە تەعبیری بێ شعوورانەی خاوەن تەڵە دیار بوو کوێرایی داهاتبوو! )لەم دیو خۆڵەکەوە لەسەر لا خەڵتانی خۆڵ بووبوو و شاگردەکەشی بە کزۆڵییەکەوە پاڵی دابوو بە تایەکانیەوە و دیاربوو نەفرەتی رەوانەی سەبەبکار دەکرد!. رەنگە ئەم خۆڵە تازەترین ئیبتیکاری خاوەنکارەکە بێ( نازانم شارەوانی بووبێ یا رێگاو بان یا بەڵێندەر!) بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەکان کاری پردی هەوایی سەر جادەکەی نێوان چەمچەماڵ و شۆرشی لێ تێک نەدەن. ئافەرین بۆ خۆت و سەلیقەت بە گەڵابەخۆڵ؟ بەڵام کێ بە کێیە، تەڵەی خۆت دانێ و ئیشی خۆت بکە
ئەمە رووداوێکی هاوشێوەی لە بەریتانیا بیر هێنامەوە. ئوتێلەکەمان لەسەر جادەیەکی سەرەکی بوو لە کانتەربێری، کەنت. بەیانییەک کە هاتینە دەرەوە پارچەیەکی بچووکیان لەشەقامەکە هەڵدەکەند بۆ ئیشی کیبڵ. ئەوەندە ئیحتیاتیان وەرگرتبوو بۆئەوەی کەسێک یا ئۆتۆمبیلێک تووشی کارەسات نەبێ هەموو سەیرمان لێ دەهات. چواردەوری چاڵەکەیان بە لاوانەی پلاستیکی گرتبوو، ئینجا قووچەکی هاتوچۆیان دانابوو. لە دووری زیاتر لە سەد مەتریش تابلۆی ئاگاداری و لەوەش زیاتر ترافیک لایتێکی کاتییان (سەییار) دانابوو بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەکان وریا بن و بەنۆرە بڕۆن!! ئەی خاکت بەسەر تاکی کورد بڵێی کەی ئەوەندە حسابت بۆ بکەن؟
ئەم بێخەمی و قیروسییاییە شتێکی ئاساییە لای خۆمان. کەسمان هەیە نەی بیستبێ خەڵک کەوتبێتە چاڵی ئاوو و زیراب و عەمود و بینا و هەزار جۆر چاڵی ترەوە کە هەڵکەندینان ئاسانە و پڕکردنەوەیان زەحمەت! بێجگە لە کوێرایی داهاتنێکیش هیچی لە پاداشت وەرنەگرتوە! هەر دوێنێ بوو ئۆتۆمبلێکم بینی کەوتە چاڵی ئاوەوە لە شەقامی سابوونکەران. باش بوو تەنیا تایەیەکی تێ کەوت و ئەو خاو رۆشتنەی جەنجاڵی ترافیکی ناوشاریش بۆی بوو بەخێر و زیانی پێ نەکەوت و چەند خێرومەندێکیش دەریان هێنایەوەَ
کەس شۆستەی بینویە مەترو نیوێک بەرز بێ و لاوانەشی نەبێ؟ ئەمەش ئیبتیکارێکی تری ئەم شارەیە. رۆژێکیان لە شەقامەکەی بەردەم ویلادەوە گەیشتمە سەر جادەی قەنات. لەپڕ گوێم لە زرمەو “یائەلڵا” یەک بوو. کە ئاوڕم دایەوە بینیم ژنێکی بەساڵاچوو لە عەباکەیەوە ئاڵاوە و تەختی ئەرز بووە. دەستم دایە دەستی و یارمەتیم دا هەستێتەوە سەر پێ. “بەخوا رۆَڵە چاوم نابینێ!” ژنی خۆڵاوی وتی، “ئەوە تازە لە لیجنە توبییەکەش دێمەوە!”. منیش پێم وت ” خەتای چاوی تۆ نیە، خەتای چاوی شارەوانیەیە ئەو تەڵەیە نابینێ بۆ ئەو خەڵکەی ناوەتەوە ! ئاخر ئەبوایە ئەو شۆستەیە موحاجەرەی هەبوایە، تۆ لە بن دیوارەکەوە دێیت چوزانی لە پڕدا شۆستە تەواو ئەبێ و مەترو نیوێکیش بەرزە!” کارمەندێکی گەنحینەکان لەو کاتەدا گەیشتە لامان و وتی “بە خوا کەم رۆژ هەیە خەڵکی لێوە نەکەوێتە خوارەوە!” زۆر کەس ئەزانن تەمەنی ئەم تەڵەیە چەند ساڵە بەڵام مەگەر بەس راوچییەکەی بزانێ گەلە لە چەندە، بۆیە تا ئەو کاتە کە بە جادەی قەناتدا دێنەوە وریای خۆتان بن
شۆستەکانی تر وەنەبێ زۆر لەمە باشتر بن. کام لە ئێمە لەسەر قادرمەکانی شەقامی پیرمێرد و ئەوانی تر کە بەناهەق پێیان دەوترێ شۆستە، سەرسمی نەداوە؟ خۆ ئەگەر یەک سات چاوت خافڵ بێ لەبەرپێت ئەوا ئەگەر زوو نەیەیتەوە هۆش رەنگە لە دوکانەکەی ئەولاتر بدەی لەزەوی! ئەگەر ناچار بوون بەسەر شۆستەکاندا برۆن، وریابن ئەو تەڵانە بۆیە دانراون قاچتان بگرێ و تووشی ئینزیلاقتان بکات! بۆ نەگبەتی شۆستەرەوەکان و کارایی تەڵەکانیش، هەندێ دوکاندار بەر دووکانی خۆیان داوە لە هەسان یا بڵێین بۆ جوانی مەڕمەریان کردووە!)
لەم بەینەدا ریپۆرتاجێک لە سەرهاتوچۆ بڵاوکرایەوەو ئەو تاسانەی کە لەسەر جادەکان دروستیان کردوون. هاووڵاتییەک دەستی بۆ تاسەیەکی قیری دەسکرد راکێشا و بە کامێراکەی هاتوچۆی وت ئەم تاسەیە بووەتە هۆی روودانی حەوت هەشت کارەساتی ئۆتومبیل!! تاسە کە بە حساب بۆ ئەوە دروستکراوە گیانی خەڵک بپارێزێ، خەڵکی تێدا سەرو ماڵ وێران دەبێ! ئەی ئەمە تەڵە نیە چییە؟ لەوباوەرەدام ئەم تەڵانە بەردەوام دەبن لە گرتنی قاچی نێچیرەکانیان چونکە بەراستی تەڵەن بەو بەڵگەیەی تا نەگەیتە سەریان پێیان نازانی. هەرچەندە هەندێ لەم تاسانە کەچە بۆیەیەک کراون (هەر بۆ دەفعی مەلامەت) بەڵام ئەگەر بگەیتە سەر تاسەیەک کە چلەی بۆیەکردنی چووبێ، لە ئۆتۆمبیلەکە سەر بەریتە دەرەوە و جوان لێی وردبیتەوە ئینجا رەنگە بتوانی بڵێی “بەمەزەنەی عەقڵم ئەمەیان بۆیە کراوە”
کە لەماڵەوەین، کە دێینە کۆڵان، کە بەسەر شۆستەکاندا دەرۆین، کە شتی بازار دەکڕین، کە ئۆتۆمبیل داژۆین، کە دەچینە سەیران، بەکورتی هەر ساتێک هەوای ئازادی ئەم نیشتمانە بێنازە هەڵدەمژین ئەبێ چلوەروانی ئەوەبین میردەزمەی بەڵایەک ملمان بگرێ و بەلایەکدا هەڵمان دێرێ. لەناو ماڵی خۆشماندا بەڵا هەر بەدوامانەوەیە. ئەوەتا هەموو بینیمان ئەم هاوینە ئاو چی پێکردین. رۆژێک ژەنگاو، رۆژێک زەرداو، رۆژێک خڵتەو لیتەو قوڕاو، یا حەسرەتی یەک قەترە ئاو! کۆلێرای دەم داچەقاویش نەک هەر شایەتی دا لە فەشەلی سیستەمی ئاو بەڵکو لە هی خزمەتگوزاریی هەڵوەشاو !
ئەی ئەم بوتڵە غازانە؟ ئەم داماوانە ئەوەندە پیرن سەریان لە گوێ قەبر ئەلەرزێ و ئەوەندەش لەسەر پیکاب و لۆریەوە فرییان داونەتە خوارەوە ئازای ساغیان نەماوە. زۆربەیان توانای ئەوەیان نەماوە لەسەر پێ راوەستن و گەلێکیشیان هەوایان پێ راناگیرێ. هەموو ماڵێک لەم بۆمبا کاتییانەی تێدایە و کەم رۆژ هەیە بە داماوێکدا نەتەقنەوە ! کەچی حکوومەت هەر مێشێکیش میوانی نیەَ! ئەگەر لە وڵاتی خواپێداواندا بوتڵێکی سەقەت بکەوێتە بازارەوە ئەو دنیا نیشانی کۆمپانیای بەرپرسی دەدەن، بەڵام لە وڵاتی داماواندا ئەبێ شوکری خوا بکەی کە ئەم بەڵایەت بەهەزار منەت و کۆڵێ پارە لە لۆریەکەوە بۆ فرێ دەنە خوارەوە
لەسەر خواردنیش قسە زۆرە! هەموو باسی خراپی ئازووقە دەکەن و دەوترێ خەتای ئێمە نیە، خەتای بەغدایە!! ئەی بازاری ناوخۆ؟ ئایا دڵنیانی لەو ئاوەی دەی خۆینەوە؟ ئایا شلەمەنی و شیرەرمەنی و ئەو گۆشتە بەستووانەی لەبازاردان و هەندێکیان لەوپەرَی دنیاوە دێن، مەرجی تەندروستییان تێدایە؟ رەنگە بەڵام کەس ئەتوانێ بە دڵنیاییەوە بڵێ. من خۆم قەناعەتم نیە، ناتوانم بەخۆم قایل کەم لەم سەردەمی نەبوونی کۆنترۆڵ و کێبەرکێی پارەو گەرمەی خاتروخۆترەدا، خواردنی سەقەت و گۆشت و مریشکی نەخۆش و تۆپیو نەکەوێتە بازارەوە! یا ئەڵێم لەم بێ کارەباییەدا قابیلە ئەگەر کابرا فرێزەریە گۆشتەکەی خاوبۆوە، فڕێی بدات؟ یا ئەگەر هەزار مریشک تۆپین فرێ بدرین؟ من تا گۆشتی زیندوو دەست کەوێ ئەڵێم حەیفە گۆشتی بەستوو بەکار بێنێ هیچ نەبێ زیندووەکە لەبەرچاوتەو و ئەزانی چییە و چۆنە! من خۆم مریشکی دەواجنێکی زۆر مەشهورم کڕیوە لایەکی رەش بۆتەوە و بردوومەتەوە بۆ دووکاندارەکە. بستەی زەردانەم کڕیوە کەچی کە لە سەیران کردوومەتەوە سەیر دەکەم لە بنەوە بە ئوستادانە یەکاڵایان کردۆتەوە و بستەیەکی سەقەتیان تێکردووە و دایان دووریوەتەوە! ئەگەر چاوی تیژو بێ باک و بێ خاتروخۆتری کۆنترۆڵ نەبێ قەت بازاڕ بەو شێوەیەی پێویستە مەرجی تەندروستی تێدا نابێ! تا ئەو کاتەی ئەم چاوە دەکەوێتە گەڕ، هەیهوو، ئەبێ خۆمان وریا بین، چار چییە؟
بەکورتی ئێمە وەک ئەوە وایە بە دەشتێکدا گوزەر بکەین کە موڵکی راوچییانە و چێنراوە بە تەڵە. کەس وەک خۆمان خەممان ناخوات و لەوەش ناچێ کەس بەتەمابێ بەم زووانە ئەم تەڵانە بچنێتەوە. خۆتان وریای خۆتان بن و تا ئەو کاتەی داودەزگا پەیوەندیارەکان ئەتوانن دڵنیاییەیەکی باشترمان پێ ببەخشن، چاوێک بکەن بە هەزار چاو و وریای بەرپێ و هەنگاوەکانتان بن. 2007 نووسراوە
***