Nasih Othman ——- د. ناصح قه‌ره‌داغى

Writings, research and lectures by Dr. Nasih Othman


هەمووی تەڵەیە

ئەم وڵاتە هەمووی تەڵەیە، وریاری سەلامەتیی خۆتان بن
2007
پار بەیانیەکیان ئەچووم بۆ هەولێر. تازە خۆر کەوتبوو بەجادەی کەناری چەمچەماڵ دا رەت دەبووم لەپڕ گەڵابەیەک خۆڵی داکراو لە ناوەراستی جادەکەدا لێم تاین بوو کە پانتایی سایدەکەی گرتبوو و ناچاری کردم ئەوەندەی گوڕی کاردانەوە رێگە بدات، ئۆتۆمبیلەکە هێور کەمەوە و خۆم بگەیەنمە سەر خۆڵەکە. نەعلەتێکم لە بێخەمیی خاوەنی گەڵابە خۆڵ کردو پاش قەدەرێک هاتمەوە سەر قیرەکەو ئیدی لەبیرم چووەوە. ئێوارە لە گەڕانەوەدا کە گەیشتمەوە هەمان شوێن لە دوورەوە ئیحتیاتم وەرگرت بەڵام کە گەیشتمە جێ بینیم تەڵەی مڵۆزم نیچیری خۆی تەخت کردووە! ترێلەیەکی پڕ لە چیمەنتۆ (کە بە تەعبیری بێ شعوورانەی خاوەن تەڵە دیار بوو کوێرایی داهاتبوو! )لەم دیو خۆڵەکەوە لەسەر لا خەڵتانی خۆڵ بووبوو و شاگردەکەشی بە کزۆڵییەکەوە پاڵی دابوو بە تایەکانیەوە و دیاربوو نەفرەتی رەوانەی سەبەبکار دەکرد!. رەنگە ئەم خۆڵە تازەترین ئیبتیکاری خاوەنکارەکە بێ( نازانم شارەوانی بووبێ یا رێگاو بان یا بەڵێندەر!) بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەکان کاری پردی هەوایی سەر جادەکەی نێوان چەمچەماڵ و شۆرشی لێ تێک نەدەن. ئافەرین بۆ خۆت و سەلیقەت بە گەڵابەخۆڵ؟ بەڵام کێ بە کێیە، تەڵەی خۆت دانێ و ئیشی خۆت بکە

ئەمە رووداوێکی هاوشێوەی لە بەریتانیا بیر هێنامەوە. ئوتێلەکەمان لەسەر جادەیەکی سەرەکی بوو لە کانتەربێری، کەنت. بەیانییەک کە هاتینە دەرەوە پارچەیەکی بچووکیان لەشەقامەکە هەڵدەکەند بۆ ئیشی کیبڵ. ئەوەندە ئیحتیاتیان وەرگرتبوو بۆئەوەی کەسێک یا ئۆتۆمبیلێک تووشی کارەسات نەبێ هەموو سەیرمان لێ دەهات. چواردەوری چاڵەکەیان بە لاوانەی پلاستیکی گرتبوو، ئینجا قووچەکی هاتوچۆیان دانابوو. لە دووری زیاتر لە سەد مەتریش تابلۆی ئاگاداری و لەوەش زیاتر ترافیک لایتێکی کاتییان (سەییار) دانابوو بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەکان وریا بن و بەنۆرە بڕۆن!! ئەی خاکت بەسەر تاکی کورد بڵێی کەی ئەوەندە حسابت بۆ بکەن؟

ئەم بێخەمی و قیروسییاییە شتێکی ئاساییە لای خۆمان. کەسمان هەیە نەی بیستبێ خەڵک کەوتبێتە چاڵی ئاوو و زیراب و عەمود و بینا و هەزار جۆر چاڵی ترەوە کە هەڵکەندینان ئاسانە و پڕکردنەوەیان زەحمەت! بێجگە لە کوێرایی داهاتنێکیش هیچی لە پاداشت وەرنەگرتوە! هەر دوێنێ بوو ئۆتۆمبلێکم بینی کەوتە چاڵی ئاوەوە لە شەقامی سابوونکەران. باش بوو تەنیا تایەیەکی تێ کەوت و ئەو خاو رۆشتنەی جەنجاڵی ترافیکی ناوشاریش بۆی بوو بەخێر و زیانی پێ نەکەوت و چەند خێرومەندێکیش دەریان هێنایەوەَ

کەس شۆستەی بینویە مەترو نیوێک بەرز بێ و لاوانەشی نەبێ؟ ئەمەش ئیبتیکارێکی تری ئەم شارەیە. رۆژێکیان لە شەقامەکەی بەردەم ویلادەوە گەیشتمە سەر جادەی قەنات. لەپڕ گوێم لە زرمەو “یائەلڵا” یەک بوو. کە ئاوڕم دایەوە بینیم ژنێکی بەساڵاچوو لە عەباکەیەوە ئاڵاوە و تەختی ئەرز بووە. دەستم دایە دەستی و یارمەتیم دا هەستێتەوە سەر پێ. “بەخوا رۆَڵە چاوم نابینێ!” ژنی خۆڵاوی وتی، “ئەوە تازە لە لیجنە توبییەکەش دێمەوە!”. منیش پێم وت ” خەتای چاوی تۆ نیە، خەتای چاوی شارەوانیەیە ئەو تەڵەیە نابینێ بۆ ئەو خەڵکەی ناوەتەوە ! ئاخر ئەبوایە ئەو شۆستەیە موحاجەرەی هەبوایە، تۆ لە بن دیوارەکەوە دێیت چوزانی لە پڕدا شۆستە تەواو ئەبێ و مەترو نیوێکیش بەرزە!” کارمەندێکی گەنحینەکان لەو کاتەدا گەیشتە لامان و وتی “بە خوا کەم رۆژ هەیە خەڵکی لێوە نەکەوێتە خوارەوە!” زۆر کەس ئەزانن تەمەنی ئەم تەڵەیە چەند ساڵە بەڵام مەگەر بەس راوچییەکەی بزانێ گەلە لە چەندە، بۆیە تا ئەو کاتە کە بە جادەی قەناتدا دێنەوە وریای خۆتان بن

شۆستەکانی تر وەنەبێ زۆر لەمە باشتر بن. کام لە ئێمە لەسەر قادرمەکانی شەقامی پیرمێرد و ئەوانی تر کە بەناهەق پێیان دەوترێ شۆستە، سەرسمی نەداوە؟ خۆ ئەگەر یەک سات چاوت خافڵ بێ لەبەرپێت ئەوا ئەگەر زوو نەیەیتەوە هۆش رەنگە لە دوکانەکەی ئەولاتر بدەی لەزەوی! ئەگەر ناچار بوون بەسەر شۆستەکاندا برۆن، وریابن ئەو تەڵانە بۆیە دانراون قاچتان بگرێ و تووشی ئینزیلاقتان بکات! بۆ نەگبەتی شۆستەرەوەکان و کارایی تەڵەکانیش، هەندێ دوکاندار بەر دووکانی خۆیان داوە لە هەسان یا بڵێین بۆ جوانی مەڕمەریان کردووە!)

لەم بەینەدا ریپۆرتاجێک لە سەرهاتوچۆ بڵاوکرایەوەو ئەو تاسانەی کە لەسەر جادەکان دروستیان کردوون. هاووڵاتییەک دەستی بۆ تاسەیەکی قیری دەسکرد راکێشا و بە کامێراکەی هاتوچۆی وت ئەم تاسەیە بووەتە هۆی روودانی حەوت هەشت کارەساتی ئۆتومبیل!! تاسە کە بە حساب بۆ ئەوە دروستکراوە گیانی خەڵک بپارێزێ، خەڵکی تێدا سەرو ماڵ وێران دەبێ! ئەی ئەمە تەڵە نیە چییە؟ لەوباوەرەدام ئەم تەڵانە بەردەوام دەبن لە گرتنی قاچی نێچیرەکانیان چونکە بەراستی تەڵەن بەو بەڵگەیەی تا نەگەیتە سەریان پێیان نازانی. هەرچەندە هەندێ لەم تاسانە کەچە بۆیەیەک کراون (هەر بۆ دەفعی مەلامەت) بەڵام ئەگەر بگەیتە سەر تاسەیەک کە چلەی بۆیەکردنی چووبێ، لە ئۆتۆمبیلەکە سەر بەریتە دەرەوە و جوان لێی وردبیتەوە ئینجا رەنگە بتوانی بڵێی “بەمەزەنەی عەقڵم ئەمەیان بۆیە کراوە”

کە لەماڵەوەین، کە دێینە کۆڵان، کە بەسەر شۆستەکاندا دەرۆین، کە شتی بازار دەکڕین، کە ئۆتۆمبیل داژۆین، کە دەچینە سەیران، بەکورتی هەر ساتێک هەوای ئازادی ئەم نیشتمانە بێنازە هەڵدەمژین ئەبێ چلوەروانی ئەوەبین میردەزمەی بەڵایەک ملمان بگرێ و بەلایەکدا هەڵمان دێرێ. لەناو ماڵی خۆشماندا بەڵا هەر بەدوامانەوەیە. ئەوەتا هەموو بینیمان ئەم هاوینە ئاو چی پێکردین. رۆژێک ژەنگاو، رۆژێک زەرداو، رۆژێک خڵتەو لیتەو قوڕاو، یا حەسرەتی یەک قەترە ئاو! کۆلێرای دەم داچەقاویش نەک هەر شایەتی دا لە فەشەلی سیستەمی ئاو بەڵکو لە هی خزمەتگوزاریی هەڵوەشاو !

ئەی ئەم بوتڵە غازانە؟ ئەم داماوانە ئەوەندە پیرن سەریان لە گوێ قەبر ئەلەرزێ و ئەوەندەش لەسەر پیکاب و لۆریەوە فرییان داونەتە خوارەوە ئازای ساغیان نەماوە. زۆربەیان توانای ئەوەیان نەماوە لەسەر پێ راوەستن و گەلێکیشیان هەوایان پێ راناگیرێ. هەموو ماڵێک لەم بۆمبا کاتییانەی تێدایە و کەم رۆژ هەیە بە داماوێکدا نەتەقنەوە ! کەچی حکوومەت هەر مێشێکیش میوانی نیەَ! ئەگەر لە وڵاتی خواپێداواندا  بوتڵێکی سەقەت بکەوێتە بازارەوە ئەو دنیا نیشانی کۆمپانیای بەرپرسی دەدەن، بەڵام لە وڵاتی داماواندا ئەبێ شوکری خوا بکەی کە ئەم بەڵایەت بەهەزار منەت و کۆڵێ پارە لە لۆریەکەوە بۆ فرێ دەنە خوارەوە

لەسەر خواردنیش قسە زۆرە! هەموو باسی خراپی ئازووقە دەکەن و دەوترێ خەتای ئێمە نیە، خەتای بەغدایە!! ئەی بازاری ناوخۆ؟ ئایا دڵنیانی لەو ئاوەی دەی خۆینەوە؟ ئایا شلەمەنی و شیرەرمەنی و ئەو گۆشتە بەستووانەی لەبازاردان و هەندێکیان لەوپەرَی دنیاوە دێن، مەرجی تەندروستییان تێدایە؟ رەنگە بەڵام کەس ئەتوانێ بە دڵنیاییەوە بڵێ. من خۆم قەناعەتم نیە، ناتوانم بەخۆم قایل کەم لەم سەردەمی نەبوونی کۆنترۆڵ و کێبەرکێی پارەو گەرمەی خاتروخۆترەدا، خواردنی سەقەت و گۆشت و مریشکی نەخۆش و تۆپیو نەکەوێتە بازارەوە! یا ئەڵێم لەم بێ کارەباییەدا قابیلە ئەگەر کابرا فرێزەریە گۆشتەکەی خاوبۆوە، فڕێی بدات؟ یا ئەگەر هەزار مریشک تۆپین فرێ بدرین؟ من تا گۆشتی زیندوو دەست کەوێ ئەڵێم حەیفە گۆشتی بەستوو بەکار بێنێ هیچ نەبێ زیندووەکە لەبەرچاوتەو و ئەزانی چییە و چۆنە! من خۆم مریشکی دەواجنێکی زۆر مەشهورم کڕیوە لایەکی رەش بۆتەوە و بردوومەتەوە بۆ دووکاندارەکە. بستەی زەردانەم کڕیوە کەچی کە لە سەیران کردوومەتەوە سەیر دەکەم لە بنەوە بە ئوستادانە یەکاڵایان کردۆتەوە و بستەیەکی سەقەتیان تێکردووە و دایان دووریوەتەوە! ئەگەر چاوی تیژو بێ باک و بێ خاتروخۆتری کۆنترۆڵ نەبێ قەت بازاڕ بەو شێوەیەی پێویستە مەرجی تەندروستی تێدا نابێ! تا ئەو کاتەی ئەم چاوە دەکەوێتە گەڕ، هەیهوو، ئەبێ خۆمان وریا بین، چار چییە؟

بەکورتی ئێمە وەک ئەوە وایە بە دەشتێکدا گوزەر بکەین کە موڵکی راوچییانە و چێنراوە بە تەڵە. کەس وەک خۆمان خەممان ناخوات و لەوەش ناچێ کەس بەتەمابێ بەم زووانە ئەم تەڵانە بچنێتەوە. خۆتان وریای خۆتان بن و تا ئەو کاتەی داودەزگا پەیوەندیارەکان ئەتوانن دڵنیاییەیەکی باشترمان پێ ببەخشن، چاوێک بکەن بە هەزار چاو و وریای بەرپێ و هەنگاوەکانتان بن. 2007 نووسراوە
***


مۆبایڵ

ئایا بەکارهێنانی مۆبایل کاریگەریی لەسەر تەندروستی هەیە؟

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەدەم ئاژانسی نێونەتەوەیی توێژینەوەی شێرپەنجەوە رایگەیاند کەوا ئەو کایە کارۆموگناتیسییەی لە مۆبایلدا بەکاردێت ئەگەری ئەوەی هەیە بۆ مرۆڤ شبَرپەنجەسازبێت. رێکخراوی ناوبراو مەترسیی تەندروستیی مۆبایلی لە ریزبەندی گروپی 2B داپۆلێن کردووە و ئەم ریزبەندییەش ئەوەدەگەیەنێت ئەو پەیوەندییەی لە نێوان هۆکارەکە و نەخۆشییەکەدا تێبینی کراوە جێگەی باوەرە بەلام ئیحتمالی چانس و هەڵەی تریش هەیە بۆ لێکدانەوەی ئەو پەیوەندییە.
لە هەندێ ناوچەی جیهاندا مۆبایل تەنیا هۆکاری پەیوەندی کردنی تەلەفۆنیە. لە کۆتایی ساڵی 2009 دا نزیکەی 4.6 ملیار ژمارەی مۆبایل لە جیهاندا تۆمارکراوە. هەر لەبەر ئەم ژمارە زۆرەی بەکارهێنەرانی مۆبایلە کە زانایان بەپێویستی دەزانن لیکۆلینەوە لەسەر مەترسییە ئیحتیمالییەکانی ئەم ئامێرە بکەن لەسەر تەندروستی مرۆڤ. مۆبایل لەرێگەی گواستنەوەی لەرەلەری رادیۆییەوە پەیوەندی دروست دەکات کە لەرێگەی ژمارەیەکی زۆر ئەنتێنای جیگیرەوە (وێستەگەی سەرەکی) رەوانەدەکرێن. شەپۆلە رادیۆییەکان بریتیتن لە کایەی کارۆموگناتیسی و بە پێچەوانەی تیشکدانەوەی ئایۆنسازەوە (وەک تیشکی ئێکس و گاما) ناتوانن بۆندە کیمیاییەکان بشکێنن یاخود لە لەشی مرۆڤدا ئایۆن دروستبکەن هەر لەبەر ئەوەشە وەک ئەو تیشکدانەوانە مەترسیدار نین.
مۆبایل پەخشکەرێکی لاوازی شەپۆلی رادیۆییە کە لە لەرەلەری نێوان 450 تا 2700 میگاهێرتز دا کاردەکات و هێزەکەشی لە نێوان 0.1 تا 2 واتدایە. مۆبایل تەنیا کاتێک کە داگیرساوە شەپۆل پەخش دەکات. هەتا ئامێرەکە دوورتر لە گوێچکەوە بگیرێت هێزی ئامێرەکەو و رادەی بەرکەوتنی بەکارهێنەریش بۆ لەرەلەری رادیۆیی کەم دەبێتەوە. بۆنموونە ئەگەر بەکارهێنەرێک لە دووری 30 سانتیمەترەوە مۆبایلەکەی بگرێت چ لە کاتی مێسەج کردندا یان تەلەفۆن کردن بە کردنەوەی بڵندگۆی ئامێرەکەی، بڕێکی زۆر کەمتر لەرەلەری رادیۆیی دەگاتە لەشی و کاری تێدەکات. بەهەمان شێوە کەمتر تەلەفۆن کردن و کەمکردنەوەی ماوەی هەر تەلەفۆنێک دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە شەپۆلی رادیۆیی. لەو شوێنانەشدا کە رادەی داپۆشینی تۆڕ بەهێزە بەرکەوتن کەمترە چونکە ئامێرەکە دەتوانێت بە بەکارهێنانی هێزێکی (واتیەیەکی) کەمتر سیگناڵەکان وەربگرێت.

کاریگەرە تەندروستییەکان
لەماوەی بیست ساڵی رابوردوودا ژمارەیەکی زۆر توێژینەوە ئەنجامدراون سەبارەت بە کاریگەرییە خراپەکانی بەکارهێنانی مۆبایل لەسەر مرۆڤ بەڵام تا ئێستا هیچ کاریگەرییەکی خراپی مۆبایل لەسەر تەندروستی نەسەلمێنراوە. میکانیزمی سەرەکی کارلێکردنی نێوان لەشی مرۆڤ و ئەو وزەیەی لە لەرەلەری رادیۆییدایە بریتییە لە گەرمبوونی شانەکانی لەش. لە مەودای ئەو لەرەلەرانەدا کە مۆبایل کاری پێدەکات زۆربەی وزەکە لەلایەن پێست و شانە رووکارییەکانی ترەوە دەمژ رێت و لەئەنجامدا گەرمبوونێکی ئەوتۆ لە مێشک و ئەندامەکانی تردا روونادات. چەند توێژینەوەیەک دەربارەی کاریگەریی لەرەلەری رادیۆیی لەسەر چالاکیی کارەبایی مێشک و فرمانی ئەقلی و خەو و ترپەی دڵ و پەستانی خۆێن ئەنجامدراوە لە کەسانی خۆبەخشدا. بەلام تا ئەمرۆ بەڵگەی دروست بەدەستەوە نیە نیشانەی ئەوە بێ بەکارهێنانی مۆبایل لەئاستی ئاساییدا کە نابێتە هۆی گەرمبوونی شانەکانی لەش ، کاریگەریی خراپی تەندروستیی لێبکەوێتەوە. بەڵگەش نیە بۆ راستی پەیوەندیی نێوان مۆبایل و ئەو نیشانە تەندروستییانەی خەڵک سەبارەت بە خۆیان باسی دەکەن و دەیبەستنەوە بە بەکارهینانی مۆبایلەوە (هەستیاریی کارۆموگناتیسی). بەکارهێنانی مۆبایل رەنگە کار لە چالاکی مێشک و کاتی کاردانەوە و ریتمی خەو بکات بەڵام ئەمانە کاریگەریی بچووکن و لەرووی تەندروستییەوە گرنگ نین.  سەبارەت بە رووداوی هاتوچۆش، توێژینەوەکان دەریان خستووە بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی ئۆتۆمبیل لێخوڕیندا مەترسی رووداوی هاتوچۆ زیاد دەکات بە رادەی سێ تا چوار جار.

ئەگەری کاریگەریی درێژخایەن
زۆربەی ئەو توێژینەوانەی کراون سەبارەت بە کاریگەریی درێژخایەنی بەکارهێنانی مۆبایل، بەدوای پەیوەندیی نێوان لووی مێشک و مۆبایلدا دەگەرێن. بەڵام زۆربەی لووە شێرپەنجەییەکان ماوەی چەندین ساڵیان پێویستە تا گەورەببن و دەستنیشان بکرێن و مۆبایلیش ماوەی بیست ساڵێکە بڵاو بۆتەوە، هەربۆیەش توێژینەوەکان زیاتر دەربارەی ئەو لووانەن کە لەماوەیەکی کەمتردا دەردەکەون. ئەو توێژینەوانەی لە ئاژەڵدا کراون نەیانتوانیوە هیچ زیادکردنێکی مەترسیی روودانی شێرپەنجە بسەلمێنن لەو ئاژەلانەدا کە خراونەتە بەر لەرەلەری رادیۆیی. چەند توێژینەوەیەکی گەورەی نێونەتەوەیی ئەنجامدراون و لەئارادان سەبارەت بە کاریگەریی مۆبایل لەسەر مرۆڤ. گەورەترینی ئەو توێژینەوانە بەناوی (ئینتەرفۆن) لەلایەن ئاژانسی نێونەتەوەیی توێژینەوەی شێرپەنجەوە لە 13 وڵاتدا ئەنجامدرا سەبارەت بە پەیوەندی مۆبایل بە شێرپەنجەی سەر وملەوە لە مرڤی گەورەدا. ئەنجامی گشتیی توێژینەوەکە هیچ پەیوەندییەکی دەرنەخستووە لەنێوان بەکارهێنانی مۆبایل بۆ ماوەی زیاتر لە دەساڵ و شێرپەنجەی مێشک لە جۆری گلایۆما و لووی پەردەی مێشکدا. بەهەرحاڵ، ئەو کەسانەی کە لەرووی کاتژمێرکانی بەکارهێنانی مۆبایلەوە لە ریزی 10% ی سەرەوەدا بوون، پێدەچێ کەمێ مەترسیی تووشبوونی شێرپەنجەی لەجۆری (گلایۆما)یان لەوانی تر زیاتر بێت. هەرچەندە لەلێکدانەوەی ئەم ئەنجامەدا توێژەرەوەکان دەڵین ئیحتیمالی هەڵە و بایەز هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاژانسی نێونەتەوەیی شێرپەنجە وای بەباش زانیوە کایەی کارۆموگناتیسی لەلەری رادیۆیی وەک شێرپەنجەساز بۆ مرۆڤ پۆلێن بکات بە شێوەی ئیحتیمالی نەک سەلمێنراو. ئەم پۆلینەش کاتێک دەکرێ کە زانیارییەکان دەربارەی پەیوەندی هۆکارێک و نەخۆشییەک بە توێژینەوە هەین بەڵام بێ چەندوچوون نەبن، واتە پەیوەندیەکە تێبینی کرابێن بەڵام نەسەلەمێنرابێت و رەنگە لێکدانەوەی تریشی هەبێ.

هەر لەم روانگەیەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هانی توێژینەوەی زیانر دەدات سەبارەت مۆبایل و مەترسیی شێرپەنجەی مێشک لەبەرئەوەی بەکارهێنانی مۆبایل ئێجگار زۆر بەربڵاوە بەتایبەتی لە ناو گەنجەکاندا کە ئەمەش مانای وایە گەنجان بۆ ماوەی ساڵانێکی زیاتر دەکەوتە ژێر کاریگەریی لەرەلەری رادیۆییەوە و بەوهۆیەوەش ئەگەر کاریگەرییەکی خراپی هەبێ ئیحتیمالی دەرکەوتنی لەواندا زیاتر دەبێ.
****

:سەرچاوە: ئەم بابەتە لە سایتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی وەرگیراوە

http://www.who.int/mediacentre/factsheets/fs193/en/index.html ; https://www.who.int/news-room/q-a-detail/what-are-the-health-risks-associated-with-mobile-phones-and-their-base-stations


Leave a comment

Bad (academic) journals

Be careful when you are invited to submit articles to journals you don’t know!

In a recent workshop in Erbil, Dr Jeffrey Beall gave a lecture about open access publishing and drew our attention to existence of hundreds of online publishers who promote themselves as prestigious academic publishers and invite scholars to submit articles to their journals.  Many of these publishers and their hundreds of online journals (which Beall calls predatory publishers and journals) are in fact only profit-driven and don’t follow academic standards for writing and publishing.. After years of work on this issue, Beall shares his experience and advice through his weblog including a list of publishers http://scholarlyoa.com/publishers/ and a list of standalone journals which http://scholarlyoa.com/individual-journals/

This is a great resource to academic institutions and individual academics. We should avoid publishing in these journals and spread the information to all academic circles in Kurdistan.


Leave a comment

بیرەوەرییەکی ئەنفال

بیرەوەرییەک لە ئەنفالەوە

شایەتەکانی دادگایی کردنی سەدام و بەرپرسانی تری رژێمی پێشوو لەمەڕ تۆمەتی ئەنفال، ناهەقیان نیە جارجار لەبەرامبەر پرسیاری پارێزەرانی تۆمەتبارەکاندا واقیان وڕدەمێنێ و وەختە کەللەیی ببن! ئاخر ئەوان لەناو رووداوەکاندابوون و هەموو ئەندامەکانی هەستیان تاڵاوی تاوانەکانی رژێمییان لە نزیکەوە چەشتووە. گوێیان بە زرمەی بۆمبا کاس بووە، چاوەکانیان دوکەڵی گازە تڵۆقێنەرەکان کردوونی بە گۆمی خوێن، لووتیان بەبۆنی تیژی باروت و کیمیایی سۆڵاوەتەوە و پێستیان پارچەی راجیمەی پێدا چزاوە و گازی خەردەل هەڵی کروزاندووە. سەرباقی ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە لەگەڵ چەکە مرۆڤکوژەکانی ئەم تاقمە عاقیبەت شەڕەدا، کەچی ئەم قوربانییە ئازارچەشتووانە ئێستا لەبەردەم کۆمەڵێک مرۆڤی بێئاگا (یان راستتر خۆ بێئاگاکردوو) لە راستییەکان، تازە بەتازە دەرسی یەکودووی نەهامەتیی  کوردیان لێ دەپرسرێتەوە، ئەویش بە لاقرتی و چاوی پڕگومانەوە.

بەنیسبەت ئەو شایەتحاڵانەوە کە لە رەوی ماراسۆنیی چەند مانگەو چەندسەد کیلۆمەتریی ئەنفالدا لەگەڵ ژانی پێشمەرگە و هاووڵاتیانی ناوچەئازادکراوەکاندا بەناو دووکەڵ و داروپەردووی گوندە وێرانکراوەکاندا بەرەو لێواری سەلامەتی پاشەکشەیان کرد، ئەنفال کتێبێکە لەسەر گابەردی کەناری رێگاکان، لە سەر میحرابی مزگەوتە تەختکراوەکان، لەسەر کەڵەکی دەوری کانییەکان، لەسەر هەموو بستەخاکێکی ناوچەئازادکراوەکانی ئەوسا نووسراوە. لە دڵی هەموو کوردێکیشدا ئەنفال قەتماغەی زامێکە تەنیا بە مەرهەمی ئومێدی ئایندەیەکی بێ ئەنفال سارێژ دەبێ.

وەک یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ئەنفال، وەک پێشمەرگەیەک، ئەم دادگایی کردنە زۆر بیرەوەری لە زیهنمدا زیندووکردەوە. ساڵی 1987 دا هێزی پێشمەگەی کوردستان لە پەلامارێکی شەوانەدا ناحیەی قەرەداغی ئازاد کرد. من کە ئەو کاتە دکتۆری مەڵبەندی یەک بووم لەگەڵ چەند یاریدەدەێکی پزیشکیدا یاوەری پزیشکیی ئەو هێزەبووم و لە گوندی زیۆەمەر بارگەمان خستبوو.

رۆژی 21ی نیسان 1987، دوو رۆژ پاش ئازادکردنی شارءچکەی قەرداغ، فرۆکەکانی رژێم گوندەکانی دەوروبەریان دایە بەر هێرشی کیمیایی. ئەمە یەکەمجار بوو چەکی کیمیایی لە ناوچەی قەرەداغ بەکاربهێنرێت. پاش کۆتایی هاتنی ئەو هێرشانە لەگەرانەوەمدا بۆ نەخۆشخانەی مەڵبەند لە گوندی بەلەکجاڕ دەبوو بە شاخی قەڵاقایمەزدا تێپەرم.

خوالێخۆشبوو عەلی قەڵاقایمەزی پیاوێکی قسە خۆش و نان بدە و لەهەمان کاتدا توند و سەرسەخت بوو. تەنیا ماڵ لە ناوقەدی کێوی قەڵاقایمەزدا کەدۆڵی قەرەداغ دەکات بە دووبەشەوە، گوندێکی ئاوەدان کردبۆوە و بە ئاژەڵداری گوزەرانی خۆیی بەرێوە دەبرد. لەناوەراستی هەشتاکاندا و تا کاتی ئەنفال دۆڵی رۆژاوای قەرەداغ لە برەودا بوو. گوندی قەرەبالغی سێوسێنان دەوری شارۆچکەی دەبینی بۆ ئەو کەسانەی نەیاندەتوانی بچنە شار، زۆربەی بارەگاکانی مەڵبەندی یەکی یەکێتی و حیزبەکانی تریش لە سێوسێنان و گوندەکانی تری ئەو دۆڵە بوون.

بۆ رێبواری دوورڕۆ چی لە رێگەی قەدبڕ دڵگیرترە؟ قەڵاقایمەز هەرچەند لە ناوقەدی چیایەکی کووڕی باڵابەرزدا بوو بەڵام لەسەر کورترین رێگا بوو بۆ زۆر لەو لەو رێبوارانەی لە گوندەکانی ئەم دیوەوە یان لە شارەزوورەوە بۆ سێویسێنان و تەکیەو بەلەکجار دەچوون. کەم کەس هەیە بەو رێگەیەدا گوزەری کردبێ و حەپەی سەگەکانی دێ دڵی دانەخورپاندبێ و لە خزمەتی کاک عەلیدا پشوویەکی نەدابێ و جامێ ئاوی فێنک و چایەکی گەرمی نەخواردبێتەوە.

وەک هەموو جارێک کاک عەلی خوڵکی چایەکی کردم و لە هەیوانەکەدا دانیشتین و کەوتینە قسە. دوای باسی شەرو شۆڕو بۆردومان خانەخوێ چۆغەکەی هەڵدایەوە و لاکەلەکەی راستی نیشان دام و وتی “دکتۆر جەراحەیەک داویەتی بەم لاقەبرەغەمەوە  سەیرێکی بکە بزانەهیچی گەرەک نیە؟”

وەک کڵپەی ئاگر سووتاندبێتی ئەوەندەی لەپێک زیاتر لە  کەلەکەی یەکپارچە رەش ببۆوە و هەندێ شوێنی تڵۆقی کربوو. پێوەدانی هەندێ جۆری جەراحە( با بڵێین دووپشکی کلک شۆڕ بۆ ئەو کەسانەی نەیان دیوە) ئێجگار ترسناکە و تەنانەت کوشندەش ، بەڵام برینەکەی کاک عەلی لە سووتان دەچوو نەک لە پێوەدان. پاش پرس و جوابی ئاسایی بۆ تێگەیشتن لە هۆی سووتانەکە و سووربوونی من لەسەر ئەوەی ئەم برینە لە هی جەراحە ناچێ، کاک عەلی وتی” هیچ شک نابەم. ئەشەوبیلا دوێکە چوومە سەرشاخ گوللە تۆپێکم بینی فستاقی کردبوو هی ئەم بۆردمانەی دوایی بوو. نامە بن دەستم و هێنامەوە وتم بۆ شتی خاسە ئاوی تێ ئەکەم بۆ ئەو جووجکانە. بەڵام عەقڵم نایبڕێ ئەوە عەلاقەی هەبێ بەم زامەوە.”

ئەو کاتە کەم کەس دەیزانی کیمیایی چییە و کاریگەریی چۆنە. ئەوانەشی بیستبوویان باوەریان نەدەکرد رۆژێک بێتە رێیان. کاک عەلیش ناهەقی نەبوو سوور بێ لەسەر ئەوەی جەراحە پێوەی داوە چونکە باوەری نەدەکرد کوتە ئاسنێکی سارد بتوانێ لایەک لە قەبرەغەی بسووتێنێ.

لەقەڵاقایمەزەوە توولە رێیەک سەردەکەوت بۆ سەرشاخ و جا دادەبەزی بۆ سێوسێنان. سەرشاخ لەچاوخۆیدا تەخت و چەند تەبارە زەوییەکی کێڵراوی لێ بوو.  کە ئاودیوبووم و بە دیوی سێوسێناندا شۆڕبوومەوە، بینیم دەوروبەری رێگەکە چەندەها شوێنی تەقینەوە و چەند گوللە تۆپێکی نەتەقاوەی لێ بوو. چاڵی تۆپەکان بچووک بوون و گیاکەی دەوریان رەش داگەرابوو. ئەم ناوچەیە لە ئەترافی دەربەندیخان و شاخی گوڵانەوە دەبینراو و پێدەچوو هەر لەوێشەوە بۆردومان کرابێ. بێگومان ئەم بۆردمانە کیمایی بوو و ئەو گوللە تۆپەی کە کاک عەلیش خستبوویە بن دەستی  ئاساری مادە کیمیاییەکەی پێوە مابوو و ببووە هۆی سووتانی.

ئەو مادانەی رژێم لەسەرەتادا بەکاری دەهێنان لە مادە تڵۆقێنەرەکان بوون وەک خەردەل و لویزایت. ئەمانە ئەگەر پیاو نەکەوتایەتە ناو دووکەڵەکەیانەوە، کوشندە نەبوون. هەرچەندە دوای ئەم رووداوە چەند جارێکی تریش ناوچەی قەرەداغ کەوتە بەر هێرشی کیمیایی و سەدەها کەس بریندار بوون و لە نەخۆشخانەی مەڵبەند چارەسەرکران،  بەڵام تا کارەساتی سێوسێنان تەنیا یەک کەس بە کیمیایی گیانی لەدەست دا

2007

****


Leave a comment

ئەنفال

ا ئەنفال ئەتوانرا پێشبینی بکرێ؟

توانای پێشبینی کردنی کارو کاردانەوەکانی دوژمن، یەکێکە لە بنەماکانی زامنکردنی بەردەوامبوون و سەرکەوتن لە رووبەرووبوونەوەی دیپلۆماسی و چەکداریدا. ئەو لایەنەی کە زیاتر دیراسەی کەسایەتی و کارو چالاکیی ئێستا و رابوردووی لایەنەکەی تری کردبێ و لە چۆنێتیی رەفتاری تێگەیشتبێ، بەشێوەیەکی باشتر ئەتوانێ پێشبینی ئەوە بکات کە ئەو لایەنە لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا چ کاردانەوەیەک نیشان ئەدات یا چ هەنگاوێک دەنێ. ئەو لایەنەش کە تەرەفی بەرامبەری وەک پێویست ناناسێ و شارەزاییەکی ئەوتۆی نیە لە پێشبینی کردنی داهاتوودا و دووربینی و دور ئەندێشی پێویستی نیە، ئەوا زۆربەی کات ئەکەوێـتە بەر هەنگاوی پڕ موفاجەئەی لایەنەکەی بەرامبەری و پەشۆکان و شڵەژان زاڵ ئەبن بەسەر رەفتارەکانیدا و تای تەرازووی لەنگ دەکەن.

ئاسانترین لێکدانەوە بۆ کارەساتەکانی ئەنفال ئەوەیە بیگێرینەوە بۆ دڕندەیی رژێم. لەراستیدا ئەمە هەر لێکدانەوە نیە، بەڵکوو سادەترین باس کردنی رووداوەکەیە و هیچ کۆمەکێک بە تێگەیشتن و چارەسەرکردنی ناکات. ئەم کارە وەک ئەوە وایە بڵێن “خانووەکە دڵۆپەی کرد چونکە باران باری.”  بێگومان ئەگەر باران نەبارێ هیچ خانوویەک دڵۆپە ناکات، بەڵام بارانیش ببارێ مەرج نیە هەموو خانوویەک دڵۆپە بکات. کەس گومانی لەوە نیە رژێمی بەعس رژێمێکی دڕندە و شۆڤێنی  بووە و ویستوویەتی بە هەموو جۆریک گورزی کاریگەر لە کورد بوەشێنێ. بەڵام بەعس دوژمن بووە و لەگەڵ کورددا لە رووبەرووبووەنەوەیەکی چەکداریدا بووە و کورد ئەبێ زانیبێتی کە ئەم رژێمە دڕندەیە بەرامبەر هەموو چالاکییەکی پێشمەرگە، کاردانەوەیەکی دەبێ. لەراستیدا کورد ئەمەی بە تەجرەبە دیبوو. ئەم کاردانەوەیەی رژێم چ بەرامبەر تاک ( وەک کەسوکاری پێشمەرگە) و چ بەرامبەر گشتیش (وەک راگوێزانی ناوچەکان و بەعەرەب کردن و بۆردمانی گوندەکان) پێشتر چەندین جار دووبارە ببۆوە.

لێکدانەوەی ئەنفال وەک کارێکی دڕندانەی رژێم و تەنیا لە رووانگەی مەزڵووم و زاڵمەوە هیچ کۆمەک بەوە ناکات کورد بتوانێ لە داهاتوودا تووشی کارەساتێکی هاوشێوە نەبێتەوە. تێگەیشتنی بابەتیانەی ئەنفال بەوە دەبێت کە دیراسەی ئەوە بکرێ بۆچی کاردانەوەی رژێم لەو هەولومەرجەدا گەیشتە ئەوپەری درندەیی؟ بۆچی رژێم سەرەتای ساڵی 1988 بریاری دا ئەو گورزە کوشندەیە لە بزووتنەوەی چەکداریی کورد بوەشێنێ و رای بماڵێ؟ بۆچی بریاری دا بە شێوەیەکی بێ پێشینە دەست لە هاووڵاتیان نەپارێزی و کیمییایی بکات بە سەر دەیان هەزار دانیشتوواندا و دەیان هەزار هاووڵاتیش بێ سەرو شوێن بکات؟ گەڕان بەدوای هۆیەکانی ئەم کارەساتەدا تەنیا بەوە نابێ لە سروشتی دڕندانەی بەعسدا پاچەکۆڵەی بۆ بکەین چونکە ئەمە بەدیهیەو هیچ خۆماندووکرنی ناوێ. لەوە گرنگتر ئەوەیە لە رەفتاری بزوتنەوەی کوردا کنەی بۆ بکەین چونکە کەس گومانی لە سروشتی دڕندە و نیەت خراپیی بەعس نەبووە بەرامبەر بە کورد و بزوتنەوەی کوردیش ئەبێ لەهەموو کەس باشتر ئەمەی زانیبێ. باشتر وایە دیراسەی رەفتاری بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد بکرێ لە مانگ و ساڵانی پێش ئەنفالدا بۆ ئەوەی بزانرێ ئایا کورد پێش ئەوەی هەنگاوێک بنێ بۆ خەستکردنەوەی خەبات و چالاکی لە دژی دوژمن، هیچ تەسەورێکی هەبووە لە کاردانەوەی رژێم؟ ئایا بزوتنەوەی کوردی پێشبینی ئەوەی کردبوو ئەگەر ئەم هاوکاریی خۆی لەگەڵ وڵاتێکی بێگانەدا کە عێراق لەگەڵیدا لە شەڕدا بوو، بەگوڕ بخات، ئەمە چ کاریگەرییەکی لە رەفتاری رژێم دەبێ بەرامبەر بە کورد؟ ئایا ئەگەر خاکی کوردستان بکرێتە مەیدانی چالاکیی پاسدار و لەشکری بەدر و هێزە شیعەکانی تر، ئەمە تا چە رادەیەک سەددام تووڕە دەکات؟ ئایا ئەگەر پشتیوانی وڵاتێکی بێگانە بکرێ چاڵە نەوتەکانی قووڵایی بداتە بەر موشەک ئەمە چۆن سەددام کەللەیی دەکات؟ یا لە کاتێکدا کە ئەو لە بەرەکانی جەنگیدا لەگەڵ ئێران روو لە سەرکەوتن بوو و تازە شارۆچکەی فاوی لە چنگی دوژمن ئازاد کردبوو، ئەگەر کورد یارمەتی دوژمنەکەی بدات شارێکی تری لێ داگیر بکات، ئەمە چۆن سەددام شێت و هار دەکات؟

تەنانەت لە شەڕی دەستەو یەخەی دووکەسیشدا کاردانەوە بە حسابە. ئەگەر من بەردێک بگرمە ماڵی تۆ تۆ نام دەیتە بەر فیشەک ، بەڵام ئەگەر من دەسترێژت لێ بکەم تۆش رەنگە بمدیەتە بەر فیشەک و لەوانەشە ئەگەر هەتبێ ئاربیجیم پێوە بنێی. دوژمنایەتی کردنیش ئەبێ بە حساب بێ. ئەگەر بتەوێ ئامادەی گورزەکانی دوژمنێکی خوێنخۆری وەک بەعس بیت ئەوا کەمترین شت ئەوەیە ئەبێ بزانی بەرامبەر هەر رەفتارێکی (دوژمنانەی) تۆ، خەیارەکانی ئەو چین بۆ کاردانەوە؟  لەراستیدا گەورەبوونی کاردانەوەکانی بەعس لە ساڵانی پێش ئەنفالدا تەدریجی بووە. تەنانەت بۆردمانە کیمیاییەکانیش بە گازە سووکترەکان دەستی پێ کردووە و وردە وردە زیانبارتربووە.  رەنگە بەکارهێنانی چەکی کیمییای لە ساڵی 1987 دا پەیامێکی ئاگادارکردنەوە بووبێ بۆ کورد بۆ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێ و سنووری خۆی بزانێ، بەڵام ئێمە لەم پەیامە تێ نەگەیشتین تا ئەوەی دەرسی کۆتاییمان وەرگرت و هەڵەبجە و هەموو کوردستانمان لێ کرا بە ئاگر.

پێویستە مەبەستی نووسینەوەی کارەساتەکانی ئەنفال لەم روانگەیەوە نە پاساودان بێ بۆ کەس نە تۆمەتبارکردنی کەسی تربێ و هیچیش لە گەورەیی  رووداوەکان و دڕندەیی بەعس کەم ناکاتەوە. ئەم تێروانیە هەوڵدانێکە بۆ تێگەیشتنێکی بابەتیانەی رووداوەکان وەک کار و کاردانەوەی دوو لایەنی بەشەڕ هاتوو کە یەکێکیان مەزڵوومە و ئەوی تریان زاڵم. ئەم تێروانینە یارمەتیمان دەدات دوژمن باشتر بناسین، رەفتارەکانی باشتر تێ بگەین، وە باشتر پێشبینی رەفتار و کاردانەوەکانی داهاتووی بکەین. ئەگەر لایەنێک نەتوانێ پێشبینی کارو رەفتارەکانی لایەنی بەرامبەری بکات ئەوا خزمەتێکی باشی بە دوژمنەکەی کردووە و دەرفەتی ئەوەی داوەتێ لە ناکاو زەفەری پێ بێنێ. بەڵام توانای پێشبینی کردن ئەم دەرفەتە لە دوژمن دەگرێ و ئەگەری سەرکەوتنی کەم دەکاتەوە.
2008
*****


Leave a comment

Hemoman zallm

هه‌موومان زاڵم، هه‌موومان مه‌زڵووم

لای ئێمه‌ هێشتا قوتابی ئه‌بێ وه‌ک په‌یکه‌ر له‌ پۆلدا دابنیشێ و به‌ ترسه‌وه‌ له‌ مامۆستا بنوارێ تا نه‌که‌وێته‌ به‌ر پلار و سه‌رزه‌نشتی مامۆستا. نه‌خۆش ئه‌گه‌ر توزێ موجاده‌له‌ له‌گه‌ڵ دکتۆر بکا بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌کانی دوور نیه‌ دکتۆر پیاهه‌ڵنه‌شاخێ بڵێ “من دکتۆر م یان تۆ، ئه‌گه‌ر خۆت حه‌کیمی بۆ هاتووی بۆ لای من!” که‌ ئه‌چیته‌ لای فه‌رمانبه‌رێک بۆ به‌دواداچوونی کاره‌که‌ت، دوورنیه‌ بیه‌وێ پێت بسه‌لمینێ که‌ تۆ مه‌جبووری و موحتاجی ئه‌ویت تا ئه‌ویش به‌ منه‌تێکه‌وه‌ کاره‌که‌ت بۆ بره‌وێنێ. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که‌ به‌پاره‌ خزمه‌تگوزارییه‌کت پێشکه‌ش ده‌ده‌ن یان کاڵات پێ ده‌فرۆشن و تۆ وه‌ک مه‌عمیلێک پێویسته‌ ئه‌وپه‌ری نازت رابگرن تا به‌رده‌وام بی له‌ به‌رکارهێنانی فرۆشراوه‌که‌یان، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ منه‌ت مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ بکه‌ن وه‌ک بلێی تۆ قازانج له‌وان ده‌که‌ی، وه‌ک که‌سێکی خاوه‌ن ماف سه‌یرت ناکه‌ن، دوور نیه‌ له‌ وه‌ڵامی گله‌ییه‌کدا پیت بڵێن “پێت خۆش بێ و پێت ناخۆش هه‌رئه‌وه‌یه‌، نه‌مان ناردووه‌ به‌ دواتا!” به‌رپرسانی فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کانیش زیاتر له‌وه‌ی داوای لێبوردن بکه‌ن له‌خه‌ڵک بۆئه‌و کارانه‌ی نه‌یانتوانیوه‌ (وه‌ک ئه‌رکی سه‌رشانیانه‌) ئه‌نجامی بده‌ن، زیاتر لافو گه‌زاف به‌و شته‌ که‌مه‌وه‌ لێ ئه‌ده‌ن که‌ کردوویانه‌و خه‌ڵکی تاوانبارده‌که‌ن که‌ نازانن به‌باشی خزمه‌تگوزارییه‌کانیان به‌کاربێنن.

ئه‌م کلتووری غرور و خۆ به‌زل زانین و بێ منه‌تییه‌ چییه‌ وا تانوپۆی ره‌فتاری زۆرمانی ته‌نیوه‌؟ ئایا به‌راستی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ پڕ زانیاری و به‌ده‌سته‌ڵات و له‌ خۆرازین و باوه‌ڕمان به‌ خۆمان پته‌وه‌ که‌ بتوانین له‌ هه‌موو که‌سێک بێ منه‌ت و له‌ هه‌موو عه‌یبێک به‌ری بین؟ ئایا ئێمه‌ کۆمه‌ڵێکی ئه‌وه‌نده‌ بێ رێز و بێ ماریفه‌تین ته‌حه‌مووللی دوو پرسیار و سێ رسته‌ی گوماناوی نه‌که‌ین و هه‌ڵ بچین و دیوارێک له‌ بێڕێزی و بێ منه‌تی له‌به‌ینی خۆمان و به‌رامبه‌ره‌که‌ماندا دروست بکه‌ین؟. ئایا ئێمه‌ سروشتمان زاڵمانه‌و خۆسه‌پێنه‌رانه‌یه‌ و حه‌ز ناکه‌ین که‌س له‌ قسه‌ماندا قسه‌ بکات؟ یا خود ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاستی رۆشنبیری و ره‌فتاری و نه‌زانینی ئادابی مامه‌ڵه‌کردنه‌وه‌ هه‌یه‌؟

هۆی ئه‌م ره‌فتاره‌مان هه‌رچییه‌ک بێ، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی زۆرمان له‌م هونه‌ری خۆسه‌پاندن و یه‌کتر شکاندنه‌دا وه‌ستاین. نه‌خوێنده‌وار، خوێنده‌وار، شا، گه‌دا، گوندنشین، شارنشین. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ خۆشمان دڵمان وه‌ک په‌ڕه‌ی گوڵ ناسکه‌ و به‌ که‌مترین شت دڵمان ده‌شکێ و هه‌ڵده‌چین، که‌چی خۆشمان ئه‌وه‌نده‌ ئازاو ده‌ستبه‌کارین بۆ شکاندنی یه‌کتری. زۆرمان به‌راستی نازانین چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتر بکه‌ین وه‌ک مرۆڤ، چۆن رێزی مرۆڤی به‌رامبه‌ر بگرین، چۆن دڵی مرۆڤ رابگرین، چۆن پێ بنێین به‌ غرووری بۆشی خۆماندا و به‌ دڵێکی کراوه‌وه‌ گوێ بۆ یه‌کتی شل که‌ین و هه‌ق بده‌ین به‌ به‌رابه‌رکه‌مان ، خۆمان بخه‌ینه‌ شوێنی ئه‌و تا لێی تێ بگه‌ین. زۆرمان ناتوانین ئه‌وه‌ی بۆ خۆمان به‌ ره‌وای داده‌نێین بۆ خه‌ڵکیشی به‌ هه‌ق بزانین. ئێمه‌ ناتوانین بڵێین راسته‌ تۆش هه‌قته‌، تۆش راست ده‌که‌ی به‌ڵام ڕای من جۆرێکی تره‌. ئێمه‌ واده‌زانین یه‌ک راستی هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ “من” ده‌یکه‌م و ده‌ی ده‌یزانم! وادیاره‌ ئێمه‌، هێشتا وانه‌ی یه‌که‌ممان له‌ مافی مرۆڤدا وه‌رنه‌گرتووه‌: قبووڵ کردن و رێزگرتن له‌ جیاوازی ویه‌کتری نه‌شکاندن.

مامۆستایه‌ک ره‌نگه‌ هه‌موو به‌نده‌کانی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤی له‌به‌ر بێ به‌ڵام ئاماده‌ نیه‌ بواری قوتابییه‌که‌ی بدات بۆ ته‌بریری ره‌فتارێکی که‌ مامۆستاکه‌ به‌ ناشایسته‌ی زانیوه‌، قسه‌ی خۆی بکات. دکتۆرێک بێگومان ئادابی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌خۆش بیستووه‌ و خوێندووه‌ به‌ڵام ره‌نگه‌ بوار نه‌دات به‌نه‌خۆش ناره‌زاییه‌ک یا گومانێک ده‌ربڕێ به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ره‌که‌ی. سیاسییه‌ک ره‌نگه‌ ده‌رسی دیموکراسیی خه‌ڵکی دابدات به‌ڵام ناتوانێ له‌به‌رامبه‌ر رایه‌کی جیاوازدا تووره‌یی خۆی بخواته‌وه‌!

نازانم ئاخۆ ئه‌م ره‌فتاره‌مان په‌یوه‌ندی به‌ جینه‌کانمانه‌وه‌ هه‌یه‌ یان نا به‌ڵام دڵنیام له‌ له‌دایکبوونه‌وه‌ بارودخی چه‌که‌ره‌کرن و گه‌شه‌کردنی ئه‌م ره‌فتاره‌مان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ. منداڵ ئه‌وه‌نده‌ی هۆشی کرده‌وه‌ له‌ هه‌لسوکه‌وت و ئیشارات و قسه‌ی باوانی گه‌یشت ده‌که‌وێته‌ به‌ر لێشاوی خۆ فه‌رزکردنه‌وه‌. خێزانی ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی جێگه‌یه‌کی له‌بار نیه‌ بۆ گه‌شه‌ی ئاسایی منداڵ. خێزانی ئێمه‌ که‌شو هه‌وای نه‌رمی و لێک تێگه‌یشتن و هاوده‌ردی و رێزگرتن له‌ یه‌کتری وبه‌رامبه‌ری و یه‌کسانی ناخولقێنێ. خێزانی ئێمه‌ دیمه‌نگه‌لێک نیشانی منداڵ ده‌دات که‌ پڕه‌ له‌ هات و هاوار، خۆ سه‌پاندنی دایک یا باوک به‌سه‌ر ئه‌وی تردا، فه‌رزکردنی کوڕ به‌ سه‌ر کچدا، ناکۆکی پیرو گه‌نج و یه‌کتر شکاندن و نا یه‌کسانی. ئێمه‌ له‌وکاته‌وه‌ی چاو هه‌ڵده‌هێنین له‌ناو ده‌ریای ره‌فتاری ناهاوسه‌نگدا گه‌وره‌ ده‌بین . ئه‌وانه‌ی پێش ئێمه‌ له‌دایک ده‌بن و گه‌وره‌ده‌بن فێر نابن چۆن مامه‌ڵه‌ی هاوسه‌نگ و یه‌کسان له‌گه‌ڵ یه‌کترو ئێمه‌دا بکه‌ن، ئێمه‌ش له‌وانه‌وه‌ هه‌مان شت فێر ده‌بین. ئێمه‌ ناتوانین له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانمان به‌ نه‌رمی بدوێین و قه‌ناعه‌تیان پێ بکه‌ین، به‌ڵکوو ویستی خۆمان فه‌رز ده‌که‌ین به‌سه‌ریاندا بۆیه‌ ئه‌وانیش که‌ گه‌وره‌ ده‌بن هه‌مان شت ده‌که‌ن. ئێمه‌ هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ تۆوی گرێی خۆ به‌که‌م زانین له‌ منداڵه‌کانماندا ده‌چێنین ئه‌لبه‌ته‌ له‌ دره‌خته‌که‌ی خۆمانه‌وه‌ که‌ ساڵه‌هایه‌ ره‌گی داکوتاوه‌و به‌ر ده‌دات. ئێمه‌ گرێی خۆبه‌که‌م زانینمان هه‌یه‌ و ئه‌و خۆ سه‌پاندن و شکاندنه‌شمان ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و گرێیه‌ن.

که‌سوکاری منداڵه‌کان هه‌ر ئه‌مجۆره‌ ره‌فتاره‌ ده‌زانن، منداڵه‌کانیش ناچنه‌ باخچه‌ی ساوایانی ئه‌وروپایی تا له‌وێ فێری جۆرێکی تر مامه‌مه‌ڵه‌ ببن. که‌پێ ده‌گرین و ئه‌چینه‌ کۆڵان بۆ یاری دیسان ئه‌که‌وینه‌وه‌ به‌ر کاریگه‌ریی هه‌مان ره‌فتاری خۆسه‌پێنه‌رانه‌ی مناڵ و گه‌وره‌تره‌کانی کۆڵان و ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ گه‌شه‌ ده‌که‌ین. له‌ قوتابخانه‌ش فێرمان ده‌که‌ن له‌ مامۆستا بترسین، وه‌ک بت له‌ پۆلدا دانیشن، له‌ هه‌موو جووڵه‌یه‌ک بسڵه‌مینه‌وه‌، و به‌ هه‌زوارو یه‌ک داوی “ئه‌ده‌ب” ده‌مانبه‌ستنه‌وه‌ و سنوورمان بۆ داده‌نێن. مامۆستاکان گوێچکه‌مان پڕ ده‌که‌ن له‌ ئامۆژگاریی وشکی هه‌زار ساڵه‌! هێشتا له‌ قوتابخانه‌ی ئێمه‌دا شتێکی ئه‌وتۆ نه‌کراوه‌ بۆ به‌هێزکردنی که‌سایه‌تی قوتابی، بۆ بره‌ودان به‌ هه‌ستی باوه‌ر به‌خۆکردنی قوتابی، بۆ هاندانی به‌شداریکردنی قوتابی. ئێمه‌ له‌ قوتابخانه‌ قوتابی زانیاری فێری قوتابی ده‌که‌ین به‌ڵام فێری ژیانی ناکه‌ین.

ئێمه‌ به‌م گرێی خۆبه‌که‌مزانیه‌وه‌ گه‌وره‌ده‌بین، له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رکوت کردنه‌ به‌رده‌وامه‌دا گه‌وره‌ ده‌بین. هه‌رچه‌ند به‌زاهیر زاڵ و زاڵم و باوه‌ر به‌ خۆ قایمین به‌ڵام له‌ ناخماندا با ئاگاشمان لێ نه‌بێ له‌خۆمان به‌ شک و لاوازین. ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ره‌فتارمان بریتیه‌ له‌م که‌م چیکڵدانه‌یی و هه‌وڵی خۆ فه‌رزکردن و به‌رگه‌نه‌گرتنی ڕای جیاواز و زوو هه‌ڵچوونه‌. ئینجا به‌م لاوازییه‌ی خۆمانه‌وه‌ خه‌ڵکی له‌خۆمان لاوازتر، یا خه‌لکی وه‌ک خۆمان ده‌شکێنین و زوڵمیان لێ ده‌که‌ین.

زوڵم بێگومان مه‌رج نیه‌ هه‌ر زیان پێگه‌یاندنی جه‌سته‌یی و مالی بێت. هه‌موو بریندارکردنی هه‌ستی مرۆڤێک به‌ ناهه‌ق، هه‌موو هه‌لکوتانه‌ سه‌ر ژیانی تایبه‌تیی که‌سێک، هه‌موو پێشیلکردنی مافی که‌سیک زوڵمه‌ جا ناهه‌قی به‌رامبه‌رکراو پێ بزانێ یا نه‌زانێ. ئێمه‌ به‌ غروری بۆشی خۆمان، به‌ هه‌وڵی خۆ بردنه‌ پێش و خۆ سه‌پاندنمان دیوارێک دروست ده‌که‌ین له‌ سه‌هۆڵ له‌ به‌ینی خۆمان و به‌رامبه‌ره‌که‌ماندا. ئێمه‌ به‌م کاره‌مان رێ له‌ له‌یه‌ک تێ گه‌یشتن ده‌گرین، رێ خۆش ده‌که‌ین بۆ پشت کردنه‌ یه‌ک، له‌یه‌ک خوێندن، له‌یه‌ک جیابوونه‌وه‌، تۆڵه‌ کردنه‌وه‌.

ئێمه‌ ئه‌بێ فێر بین و قه‌ناعه‌ت بێنین و نیشانی بده‌ین که‌ دنیا هه‌مووی یه‌ک ره‌نگ نیه‌. ئێمه‌ ئه‌بێ فێر ببین و قه‌ناعه‌ت بێنین و نیشانی بده‌ین که‌ “من” مه‌رکه‌زی جیهان نیه‌، “من” زاناترین که‌س نیه‌، “من” ته‌نیا خاوه‌ن هه‌ق نیه‌، “من” ته‌نیا که‌سی خاوه‌ن بۆچوونی راست نیه‌. ئێمه‌ ئه‌بێ فێربین و قه‌ناعه‌ت بێنین و نیشانی بده‌ین که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی “من”یش خه‌ڵکانێک هه‌ن ره‌نگه‌ راست بکه‌ن، خه‌ڵکانێک هه‌ن ره‌نگه‌ خاوه‌ن هه‌ق بن، خه‌ڵکانێک هه‌ن ره‌نگه‌ له‌ ئێمه‌ زاناتر بن. به‌ڵام ئه‌م قه‌ناعه‌ت ته‌نیا به‌وه‌ دروست ده‌بێ که‌ ئێمه‌ بتوانین له‌ ده‌ره‌وه‌ی غروری بۆشی خۆمانه‌وه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ی “منه‌وه‌” بروانینه‌ جیهان تا هه‌موو ره‌نگه‌کان ببینین

2007

*****


Leave a comment

Reporting on children

بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌کانی راپۆرتکردن ده‌رباره‌ی منداڵ

مه‌ودای په‌خشی که‌ناڵه‌ جیاوازه‌کانی راگه‌یاندن ئه‌مرۆ به‌هۆی پێشکه‌وتنی ته‌کنۆلۆجیای زانیاری و ویستی سیاسی و بازرگانی ده‌سه‌ڵاتدارانی میدیاوه‌، چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و چ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی، فراوانبوونێکی بێوێنه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ دیوه‌. تاک و خێزان و کۆمه‌ڵگا له‌به‌ر هێرشی به‌رده‌وامی ده‌نگ و ره‌نگ و وشه‌دان و ئه‌م هێرشه‌ش ده‌توانێ کاریگه‌ریی خراپ به‌جێ بهێلێت. ئه‌مه‌ش سه‌یر نیه‌ چونکه‌ زۆر جار ئامانجی میدیا ده‌سکه‌وتی مادی یا سیاسی یان که‌سییه‌و میدیاکار مه‌رج نیه‌ هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی بینه‌ر و بیسته‌ر و خوێنه‌ر له‌به‌رچاو بگرێ.

له‌ بارودۆخی نائاسایی و له‌ وڵاته‌ هه‌ژار و په‌ره‌ئه‌ستێنه‌کاندا منداڵان به‌هۆی باری ناسکیان و شوێنی تایبه‌تییان له‌ دڵی خه‌ڵکیدا سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌رم و زۆرجار ئاسانی هه‌واڵ و بابه‌تن بۆ که‌ناڵه‌ جیاوه‌زه‌کان. ئه‌م ره‌هه‌نده‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌رووی سه‌رنجراکێشانی کاربه‌ده‌ستان و کۆمه‌ڵگاوه‌ بۆ کێشه‌و ئاره‌زوه‌کانی منداڵان ده‌شێ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی منداڵان بێ به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ پێی هه‌ندێ بنه‌مای دیاریکراوی ئه‌خلاقیی نه‌بێ و به‌رژه‌وه‌ندی منداڵ وه‌ک تاک له‌به‌رچاو نه‌گیرابێ ده‌توانێ به‌زیانی منداڵه‌که‌ ته‌واوبێت و کاریگه‌ری خراپی درێژخایه‌ن له‌سه‌ر ژیانی داهاتووی به‌جێ بهیلێ.

بۆ نموونه‌ ئایا ده‌کرێت وێنه‌ی منداڵێک که‌ له‌سه‌ر دزی گیراوه‌ له‌ رۆژنامه‌یه‌کدا بڵاو بکه‌ینه‌وه‌؟ ئایا ده‌توانین ناوی ته‌واوی بنووسین؟ ئایا ده‌بێ له‌ کورته‌ فلیمێکدا که‌ باسی خه‌ته‌نه‌کرنی کچان ده‌کات ده‌موچاوی کچێک نیشان بده‌ین؟ ئایا ده‌توانین چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ منداڵێکدا بکه‌ین و لێی بپرسین کێ ته‌عه‌دای جنسیی لێ کردووه‌؟ ئایا راسته‌ کامێرای ته‌له‌فزیۆن ببه‌ینه‌ هۆلێ زیندانی نه‌وجوانان؟ ئایا راسته‌ له‌خۆمانه‌وه‌ بێ ئیزن و روون کردنه‌وه‌ وێنه‌ی بۆیاخچییه‌کی منداڵ بگرین و دوایی له‌ پێشانگایه‌کدا نمایشی بکه‌ین؟ یان وێنه‌ی منداڵێکی که‌مئه‌ندام بگرین و بڵاوی بکه‌ینه‌وه‌؟ گومان له‌وه‌دا نیه‌ که‌ ئه‌نجام دانی هه‌ر یه‌ک له‌م چالاکییانه‌ ره‌نگه‌ سوودی بۆ مه‌سه‌له‌ی منداڵ هه‌بێ به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی به‌ڵام ئاخۆ له‌به‌رژه‌وه‌ندی پاڵه‌وانی بابه‌ته‌که‌دایه‌؟ ئاخۆ وێنه‌ی ئه‌و منداڵه‌ دزه‌ چه‌ند که‌س بیبینێ چیرۆکه‌که‌ی، که‌ ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر دۆکومێنت نه‌کرایه‌ زوو بیربچووایه‌ته‌وه‌ ، ببێته‌ بنێشته‌خۆشه‌ی ژێردانی چه‌ند که‌س! یان ئه‌و کچه‌ خه‌ته‌نه‌کراوه‌ بڵێی تا کۆتایی ژیانی له‌که‌دار نه‌بێ؟

باشتر وایه‌ هه‌موو میدیاکارێک که‌ ئه‌یه‌وێ له‌بواری منداڵدا کار بکات ئاشناییه‌که‌ی سه‌ره‌تایی له‌ مافه‌کانی منداڵدا هه‌بێ. هه‌موو چالاکییه‌ک له‌م بواره‌دا پێویسته‌ باشترین به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی منداڵه‌ له‌به‌رچاو بگرێت نه‌ک ته‌نیا به‌رژوه‌ندی میدیاکار. بۆنموونه‌ نابێ ده‌رهێنه‌ری کورته‌ فلیمه‌که‌ هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێکی سه‌رنج راکێش پێشکه‌ش بکات به‌رژه‌وه‌ندی منداڵه‌که‌ له‌بیر بکات چونکه‌ ئه‌بێ ئه‌وه‌ی له‌یاد بێت کاریگه‌ریی به‌رهه‌مه‌که‌ی له‌سه‌ر منداڵه‌که‌ به‌ ته‌واوبوونی وێنه‌گرتنی فلیمه‌که‌ کۆتایی نایه‌ت.

هه‌ریه‌که‌ له‌ رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ منداڵان و فێدراسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی رۆژنامه‌نووسان گرنگییه‌کی زۆریان به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ داوه‌ و رێنمایی تایبه‌تییان بڵاوکردۆته‌وه‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان بۆئه‌وه‌ی شانبه‌شانی بایه‌خدان به‌ بابه‌ته‌کانی منداڵ و خستنه‌رووی کێشه‌کانیان، ستاندارێکی ئه‌خلاقیی به‌رز له‌ کاره‌کانیاندا ره‌چاوبکه‌ن و نه‌بنه‌ مایه‌ی زیان گه‌یاندن به‌ منداڵ و پێشێلبوونی مافه‌کانی.

رێنماییه‌کانی یونیسێف

بنه‌ماکان سه‌ره‌کییه‌کان
• پێویسته‌ هه‌میشه‌ که‌رامه‌تی منداڵ پارێزراو بێت و مافه‌کانی له‌به‌رچاو بگیرێ
• پێویسته‌ هه‌میشه‌ باشترین به‌رژه‌وه‌ندی منداڵ له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ دابنرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باس کردنی کێشه‌که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی منداڵانیش بێت به‌گشتی.
• ێویسته‌ هه‌میشه‌ مافی منداڵ بۆ خسوسیه‌ت و رازداری(privacy and confidentiality) له‌به‌رچاو بگیرێت.
• پێویسته‌ منداڵ پرسی پێبکرێت، تێ بگه‌یه‌نرێت، وه‌ کارێک نه‌کرێت که‌ به‌ زیانی ته‌واو ببێت، بۆنموونه‌ قسه‌یه‌ک بکات که‌ دوایی له‌سه‌ری سزا بدرێت.
• پێویسته‌ ئه‌وکه‌سانه‌ی ئاگایان له‌ بارودۆخی مندااڵه‌که‌یه‌ پرسیان پێ بکرێت بۆ تێگه‌یشتن له‌ ئه‌گه‌ری ره‌نگدانه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ له‌سه‌ر ژیانی منداڵه‌که‌.

هه‌ندێ رێنمایی بۆ چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ منداڵ

• منداڵه‌که‌ و که‌سوکاری تێ بگه‌ینه‌ که‌ تۆ چیت و به‌ته‌مای چی بکه‌یت.
• ره‌زامه‌ندی (ئیمزاکراو)، خۆویستانه‌و ئاگایانه‌، له‌ منداڵ و که‌سوکاری وه‌ربگره‌ دوای ئه‌وه‌ی تێیان ده‌گه‌یه‌نی به‌ته‌مای چیت و کاریگه‌ریی ئه‌و کاره‌ت له‌سه‌ر منداڵه‌که‌ چی ده‌بێت.
• زیان به‌ مندال مه‌گه‌یه‌نه‌: باری ده‌روونی و به‌های که‌لتووری و ئاینی و… منداڵ له‌به‌ر چاو بگره‌. پرسیارێک مه‌که‌ منداڵ بخاته‌ مه‌ترسیی سزادانه‌وه‌ یاخود منداڵ بخاته‌وه‌ یادی ئه‌زموونه‌ تاڵه‌کانیه‌وه‌.
• داوا له‌ منداڵ مه‌که‌ به‌سه‌رهاتێکت پێ بڵێ یان کارێکت بۆ بکات که‌ به‌شێک نیه‌ له‌ ژیانی خۆی.
• پێویسته‌ منداڵ له‌کاتی چاوپێکه‌وتن و وێنه‌ گرتندا مورتاح بێت. ئه‌بێ دیمه‌نه‌که‌ش هیچ کارگه‌رییه‌کی خراپی بۆ سه‌ر داهاتووی منداڵه‌که‌ نه‌بێ.

هه‌ندێ رێنمایی بۆ ریپۆتاژ ده‌رباره‌ی منداڵ
• منداڵ له‌که‌دار مه‌که‌. کارێک مه‌که‌ ببێته‌ مایه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازار بۆ منداڵ له‌ داهاتوودا، یان جوداکاری و دابران له‌ کۆمه‌ڵگاو عه‌یبداربوون.
• وێنه‌یه‌کی راست و دروست له‌ وه‌زعی منداڵه‌که‌ پێشکه‌ش بکه‌.
• دڵنیابه‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌وه‌ی منداڵه‌که‌ پێت ده‌ڵێت راسته‌
• به‌سه‌رهاتێک بڵاومه‌که‌ره‌وه‌ که‌ گومان بکه‌یت ببێته‌ هۆی ده‌رده‌سه‌ری بۆ منداڵه‌که‌ ته‌نانه‌ ئه‌گه‌ر ناو و ده‌موچاویشی بشاریته‌وه‌.
• .ناوو ناسنامه‌ی منداڵ بگۆڕه‌ و ده‌موچاوی بشاره‌وه‌ ئه‌گه‌ر منداڵ:
o ئێستا یان پێشتر چه‌کدار بووه‌ یان پیاو کوژی و دوژمنایه‌تیی کردووه‌
o قوربانیی ئستیغلالی سێکسییه‌
o ئه‌نجامده‌ری ئازاری جه‌سته‌یی یان ئیستیغلالی سێکسییه‌
o تاوانباره‌ یان سزادراوه‌
o دووچاری HIV/AIDS ـه‌

رێنماییه‌کانی فێدراسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی رۆژنامه‌نووسان

فێدراسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی رۆژنامه‌نووسان له‌ کۆنگره‌ی ساڵانه‌ی خۆیدا له‌ سیئۆل ساڵی 2001 دۆکیومێنتێکی په‌سه‌ند کرد به‌ ناوی “رێنمایی و بنه‌ماکان بۆ راپۆرتکردنی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ منداڵه‌وه‌ هه‌یه‌” به‌مه‌ستی به‌رزکردنه‌وه‌ی ستانداردی ئه‌خلاقیی کاری رۆژنامه‌نووسی و پاراستنی منداڵان و بره‌ودان به‌ مافه‌کانیان.

به‌ پێی ئه‌و رێنماییانه‌ رۆژنامه‌نووسان و دامه‌زراوه‌کانی راگه‌یاندن هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ راگرتنی به‌رزترین ستانداردی هه‌لسوکه‌وتی ئه‌خلاقی له‌بورای راپۆرتکرنی کاروباری منداڵاندا و به‌تایبه‌تیش دڵنیاده‌بن له‌وه‌ی که‌:

• هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ په‌یره‌وکردنی ستانداردی نایاب له‌رووی دیققه‌ت و هه‌ستیارییه‌وه‌ له‌راپۆتکردنی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌دا که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ منداڵه‌وه‌ هه‌یه‌،
• خۆلاده‌ده‌ن له‌داگیرکردنی رووبه‌ری میدیای منداڵ به‌و به‌رنامه‌و بڵاوکراوانه‌ی که‌ زیان به‌ منداڵ ده‌گه‌یه‌نین،
• خۆلاده‌ده‌ن له‌ نیشاندانی دیمه‌نی عاتیفی و ستیرۆتایپی به‌مه‌به‌ستی بره‌ودان به‌و ماده‌ئیعلامییانه‌ی په‌یوه‌نددیان به‌ منداڵه‌وه‌ هه‌یه‌،
• به‌ وردی ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ له‌به‌رچاوده‌گرن که‌ ده‌شێ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ر ماده‌یه‌کی راگه‌یاندن بکه‌وێته‌وه‌ له‌بواری منداڵداو تا ئه‌وپه‌ری توانا زیانگه‌یاندن به‌ منداڵ که‌مده‌که‌نه‌وه‌،
• به‌ وێنه‌ و به‌ شێوه‌ی تر ناسنامه‌ی منداڵ ناخه‌نه‌روو مه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌ئاشکرایی له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت،
• ئه‌وه‌نده‌ی له‌توانادا بێت ماوه‌ به‌ منداڵ ده‌ده‌ن ده‌ستی بگات به‌ میدیا و رای خۆی ده‌رببرێت به‌بێ هیچ جۆره‌ هاندانێک،
• دڵنیاده‌بن له‌ پشت راستکرنه‌وه‌ی بێلایه‌نانه‌ی ئه‌و زانیارانه‌ى له‌ منداڵی وه‌رده‌گرن و له‌وه‌ش دڵنیاده‌بن که‌ ئه‌و پشت راستکردنه‌وه‌یه‌ منداڵ ناخاته‌ هیچ جۆره‌ مه‌ترسییه‌که‌وه‌،
• خۆیان لاده‌ده‌ن له‌ به‌کارهێنانی وێنه‌ی سێکساویی منداڵ،
• رێگه‌ی روون و ماقووڵ و بێ پێچ و په‌نا به‌کارده‌هێنن بۆ به‌ده‌ستهێنانی وێنه‌و و تا له‌توانادابێ ئه‌و وێنانه‌ به‌ ئاگاداری و ره‌زامه‌ندیی منداڵ یاخود گه‌وره‌یه‌کی لێپرسراوی یا پارێزگار و بایه‌خپێده‌ری منداڵ وه‌رده‌گرن،
• دڵنیاده‌بن له‌ ناسنامه‌ی هه‌ر رێکخراوێک که‌ خۆی وه‌ک قسه‌که‌ر و نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی منداڵ نیشان ده‌دات،
• هیچ پاره‌یه‌ک ناده‌ن به‌ منداڵ ده‌رهه‌ق به‌و به‌رنامانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ منداڵه‌وه‌ هه‌یه‌ یان به‌ باوان و پارێزگارانی منداڵ مه‌گه‌ر ئه‌م کاره‌ به‌ ئاشکرایی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی منداڵدا بێت.
******
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ کۆنفرانسی میدیای منداڵان له‌ سلێمانی ساڵی 2005 پێشکه‌ش کرا


Leave a comment

Sinuhe

سینۆهه‌ چییه‌ و نووسه‌ره‌که‌ی کێیه‌؟

ره‌نگه‌ ئه‌م ناونیشانه‌ وه‌ک شتێَکی سه‌یر بێته‌ به‌ر چاوی خوێنه‌ری کورد چونکه‌ ماوه‌یه‌که‌ دوو ته‌رجه‌مه‌ی “سینۆهه‌: پزیشکی تایبه‌تی فیرعه‌ون” له‌بازاردایه‌ و گه‌لێک که‌س خوێندوویانه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی وای له‌من کرد ئه‌م بابه‌ته‌ بنووسم ئه‌وه‌بوو تێبینیم کردووه‌ زۆرێک له‌ خوێنه‌ران ئه‌م کتێبه‌ وه‌ک ده‌قێکی مێژوویی کۆن سه‌یرده‌که‌ن و واده‌زانن له‌سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌کاندا نووسراوه‌ته‌وه‌. له‌راستیشدا ته‌نانه‌ت یه‌کێک له‌ وه‌رگێڕه‌کانیش پێده‌چێ هه‌ر وابیربکاته‌وه‌ ئه‌وه‌تا له‌ پێشه‌کییه‌که‌یدا ده‌ڵێ: ” باس له‌ سه‌رگوزه‌شته‌و بیره‌وه‌ریه‌کانی سینۆهه‌یه‌ که‌ به‌ زمانێکی شیرین و کارتێکه‌ر باس له‌ رووداه‌کانی سه‌رده‌می خۆی … ده‌کات…. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ 3350 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سینۆهه‌ ئه‌م یاداشتانه‌ی نووسیوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ….”

به‌ڵام ئایا به‌راستی کتێبی سینۆهه‌ چییه‌ و نووسه‌ره‌که‌ی کێیه‌؟

سینۆهه‌ی میسری:
“سینۆهه‌ی میسری” ناوی ئه‌سڵیی به‌ناوبانگترین رۆمانی نووسه‌ری فنله‌ندایی “میکا واڵتاری”یه‌ که‌ ساڵی 1945 به‌ زمانی فنله‌ندایی چاپ کراوه‌ و له‌ ساڵی 1949 دا ته‌رجه‌مه‌ ئیتگلیزییه‌که‌ی له‌ ژێر ناوی “کابرای میسری The Egyptian ” دا به‌چاپ گه‌یشتووه‌. ده‌رهێنه‌ری هۆلیوود مایکڵ کوریتز له‌ ساڵی 1954 دا ئه‌م رۆمانه‌ی کردووه‌ به‌ فلیم هه‌ر به‌ناوی “کابرای میسری”. ئه‌م کتێبه‌ له‌ ساڵی 1955 دا لایه‌ن حه‌مه‌د ئه‌لقه‌سبی ته‌رجه‌مه‌ی عه‌ره‌بی کراوه‌ و خاوه‌نبیری به‌ناوبانگی میسری ته‌ها حوسێن (1889-1973) پێشه‌کیی بۆ نووسیوه‌ و پیایدا هه‌ڵداوه‌. دوای ئه‌و ساڵانه‌ش رۆمانی سینۆهه‌ به‌ زۆربه‌ی زمانه‌کانی جیهان چاپ کراوه‌.

سینۆهه‌ی میسری سه‌رکه‌وتووترین رۆمانی مێژوویی والتاریی بووه‌ و باس له‌ مێژووی میسری کۆن ده‌کات له‌ سه‌رده‌می به‌ره‌ی هه‌ژده‌یه‌می فیرعه‌ونه‌کاندا و به‌تایبه‌تیش سه‌رده‌می ئه‌خناتوون که‌ هه‌ندێ که‌س لایان وایه‌ یه‌که‌م فه‌رمانره‌وای جیهان بووه‌ که‌ باوه‌ری به‌ یه‌ک خوایه‌تی هه‌بووه‌. پاڵه‌وانی ئه‌م رۆمانه‌ کاراکته‌رێکی خه‌یاڵییه‌ که‌ پزیشکی ده‌رباره‌ و پاش نه‌مانی ئه‌خناتوون ده‌ربار به‌جێ ده‌هێلێ و له‌ که‌ناره‌کانی ده‌ریای سوور جێگیر ده‌بێ و بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی ده‌نووسێته‌وه‌. رۆمانه‌که‌ باس له‌ ژیان و گه‌شت و گه‌ڕانی سینۆهه‌ ده‌کان له‌ میسر و سوریا و بابل و ناوچه‌کانی ده‌وره‌به‌ری. جگه‌ له‌ ئه‌خناتوون کاراکته‌ره‌ گرنگه‌کانی رۆمانه‌که‌ بریتین نه‌فه‌رتیتی ژنی ئه‌خناتوون و فیرعه‌ون ئه‌مینهۆتێپ 3 و ژنه‌که‌ی و توتعه‌نخاموون و هۆرمهێب.

واڵتاری ناوی سینۆهه‌ی له‌ ئه‌فسانه‌یه‌کی میسرییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ به‌ناوی “به‌سه‌رهانی سینۆهه‌” که‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می به‌ره‌ی 12ی فیرعه‌ونه‌کان واته‌ زۆر پێش سه‌رده‌می ئه‌خناتوون. ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌ سه‌رگوروشته‌ی که‌سێکه‌ به‌ ناوی سینۆهه‌ که‌ له‌گۆڕه‌که‌یدا دێته‌ قسه‌و باسی پیلانی کوشتنی یه‌کێک له‌ فیرعه‌ونه‌کان ده‌گێرێته‌وه‌. نه‌جیب مه‌حفوزیش ئیلهامی له‌م ئه‌فسانه‌یه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ له‌ ساڵی 1941 دا چیرۆکێکی به‌ناوی “گه‌ڕانه‌وه‌ی سینۆهه‌” وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌.

گه‌رچی واڵتاری وه‌ک هه‌موو رۆماننوسێک، جڵه‌وه‌ی بۆ خه‌یاڵی شل کردووه‌ رووداوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی به‌ ئه‌ندێشه‌و سه‌لیقه‌ی خۆی رازااندۆته‌وه‌ به‌ڵام پێش نوسینی رۆمانه‌که‌ لیکۆلێنه‌وه‌ی باشی سه‌باره‌ت به‌و سه‌رده‌مه‌ کردووه‌ و زۆری له‌سه‌ر خوێندۆته‌وه‌ به‌جۆرێک رۆمانه‌که‌ی پیاو ده‌خاته‌ که‌ش و هه‌وای ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت میسرناسه‌کانیش پێی سه‌رسام بوون. ده‌ڵێن والتاری گه‌رچی زۆر وڵات گه‌راوه‌ به‌ڵام بۆ نووسینی رۆمانه‌کی سه‌ردانی میسری نه‌کردووه‌ و ویستوویه‌تی هه‌ر پشت به‌ خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ و زانیاری خۆی ببه‌ستێ. وه‌ک هه‌موو رۆمانێکی مێژوویی ، به‌رهه‌مه‌که‌ی والتاریش باس له‌ که‌ش و هه‌وای سه‌رده‌می ئه‌خناتوون ه‌کات به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت که‌ “سینۆهه‌ی میسری” رۆمانه‌ نه‌ک کتێبێکی مێژوویی یا ده‌قێکی کۆن.

واڵتاری پێشتریش شانۆنامه‌یه‌کی له‌سه‌ر ئه‌خناتوون نوسیبوو. دوای ئه‌وه‌ش چه‌ند رۆمانیکی مێژوویی تری نووسی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر به‌لای نووسه‌ره‌وه‌ گرنگ بوو له‌م رۆمانه‌یدا خسته‌نه‌رووی فه‌لسه‌فه‌ و دیدی خۆی بووی سه‌باره‌ت به‌ مرۆڤ و ژیان له‌ دووتوێ سه‌رده‌مێکی مێژوویی زۆر کۆندا. والتاری له‌ ساڵانی جه‌نگی جیهانیی دووه‌مدا ئه‌م رۆمانه‌ی نووسیوه‌ که‌ جارێکی تریش بۆ مرۆڤایه‌تی نیشاندا مرۆڤ هه‌ر درنده‌که‌ی جارانه‌ و جه‌نگ و کوشتار و زوڵم پێده‌چێ تا ئه‌به‌د دامه‌نگیری مرۆڤایه‌تی بن. ئه‌م ره‌شبینییه‌ له‌ سه‌رده‌م و پاش جه‌نگی دووه‌مدا زۆر باو بوو و په‌یامی والتاریش له‌ دووتوێی ئه‌م رۆمانه‌دا بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌ تاڵه‌ی مرۆڤایه‌تی بوو. هه‌رئه‌و بۆچوونه‌ فه‌لسه‌فییه‌ش بوو بوو که‌ ئه‌م کتێبه‌ی کرد به‌ پڕفرۆشترین کتیب له‌ ساڵی 1949 دا و ساڵانی دواتریشدا.

فلیمی کابرای میسری:
ساڵی 1954 کۆمپانیای فۆکسی سه‌ده‌ی بیسته‌م 20th Century Fox له‌سه‌ربنچینه‌ی رۆمانی سینۆهه‌ی میسری فلێمێکی به‌رهه‌م هێنا له‌ ده‌رهێنانی مایکڵ کورتیز و نواندنی ئیدمۆند پوردۆن (سینۆهه‌)، جین سیمۆنس(مێریت)، ڤیکتۆر ماتۆر(هۆرمهێب)، مایکڵ ویلدینگ(ئه‌خناتون)، پیته‌ر ئوستینۆڤ(کاپتا) و هتد. چیرۆکی فلیمه‌که‌ له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات که‌ سینۆهه‌ پیره‌مێردێکه‌ له‌ که‌ناره‌کانی ده‌ریای سوور نه‌فییه‌ و به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی ده‌نووسێته‌وه‌. ئه‌و هه‌میشه‌ ته‌نیا بووه‌ به‌ڵام هه‌ست ده‌کات ژیانیکی درێژ و پڕ ژیاوه‌. سینۆهه‌ به‌ مناڵی له‌به‌مێکدا له‌ نیلدا به‌ره‌ڵا ده‌کریت و کابرایه‌می پزیشک ده‌یدۆزێته‌وه‌ و به‌خێوی ده‌کات، که‌ گه‌وره‌ش ده‌بێ حه‌ز ده‌کا وه‌ک زرباوکه‌که‌ی خزمه‌تی هه‌ژاران بکات و له‌م کاره‌شدا کاپتای خزمه‌تکاری و ژنێک به‌ناوی مێریت هاوکاریی ده‌که‌ن و سه‌رنجام ده‌بێ به‌ پزیشکی ده‌ربار.

میکا واڵتاری:
میکا والتاری (1991908 – 2681979) له‌ شاری هێلسنکی له‌دایک بووه‌ و له‌سه‌رده‌می منالیی ئه‌ودا فنله‌ندا دووچاری شه‌ڕی ناوخۆبووه‌. والتاری له‌به‌ر دڵی دایکی ده‌چێته‌ زانکۆی هێلسنکی بۆ خوێندنی خوداناسی به‌ڵام دواتر وازی لێ دێنێ و رووده‌کاته‌ خوێندنی فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌ده‌بیات و له‌سالی 1929 دا بروانامه‌ وه‌رده‌گرێ. والتاری هه‌رله‌کاتی خوێندندا خه‌ریکی نووسین بووه‌ و یه‌که‌م کتێبی له‌ 1925 دا چاپ کردووه‌. دواتر ده‌چێته‌ پاریس و له‌وێ یه‌که‌م رۆمانی به‌ناوبانگی ده‌نووسێ به‌ناوی “وه‌همی مه‌زن” که‌ چیرۆکێکه‌ سه‌باره‌ت به‌ ژیانی بۆهیمی و پاڵه‌وانه‌که‌ی که‌سێکی فنلانداییه‌ له‌ پاریسی سه‌ده‌ی شازده‌هه‌مدا. له‌ساڵه‌کامی پێش جه‌نگی دووه‌مدا والتاری وه‌ک رۆژنامه‌نووس و ره‌خنه‌گر شتی نووسیوه‌و و گه‌شتی زۆری به‌ ئه‌وروپادا کردووه‌. له‌ساڵه‌کانی جه‌نگدا له‌ راگه‌یاندنی حکومه‌ت کاری کردووه‌ و له‌هه‌مان کاتدا خه‌ریکی نووسینی رۆمانه‌کانی بووه‌. له‌ ساڵی 1945 دا “سینۆهه‌ی میسری” نووسیوه‌ که‌ به‌ناوبانگترین رۆمانی بووه‌. پاش ئه‌وه‌ حه‌وت رۆمانی مێژوویی تری نووسیوه‌ که‌ به‌نێوترینیان بریتییه‌ له‌ “فریشته‌ ره‌شه‌که‌” که‌ باس له‌ سه‌رده‌می رووخانی قوسته‌نتینیه‌ ده‌کات له‌ ساڵی 1453 دا. والتاری فلیمنامه‌ و کارتۆن و چیرۆکی درێژیشی هه‌بووه‌. والتاری له‌ ساڵی 1957 دا بووه‌ به‌ئه‌ندامی ئه‌کادیمیای فنله‌ندایی و له‌ساڵی 1970شدا بروانامه‌ی دوکتۆرای فه‌خریی له‌ زانکۆی تورکو پێ دراوه‌.

والتاری که‌ ناسراوترین نووسه‌ری فنله‌نداییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌، پڕ به‌رهه‌مترین نووسه‌ری فنله‌نداییش بووه‌ که‌ 29 رۆمان و 15 چیرۆکی درێژ و شه‌ش کۆمه‌ڵه‌ چیرۆک و دیوانه‌ شیعر و 26 شانۆنامه‌ و سه‌دان وتاری تری نووسیوه‌. هه‌ندێ له‌و رۆمانانه‌ی که‌ ته‌رجه‌مه‌ی ئینگلیزی کراون ئه‌مانه‌ن: نامۆیه‌ک هاته‌ کیڵگه‌وه‌، سینۆهه‌ی میسری، سه‌رکه‌شی، فریشته‌ره‌شه‌که‌، نهێنیی شانشینه‌که‌، دره‌ختی خه‌ونه‌کان.
October 2008
*****
بۆ ئه‌م نووسینه‌ سوود له‌ ئینسکلۆپیدیای به‌ریتانیایی و ویکه‌پیدیا و ئه‌مه‌زۆن و چه‌ند سایتێکی تر وه‌رگیراوه


Leave a comment

Goyje

گۆیژه‌ و ئه‌زمڕ: زبڵدانی سه‌یرانکه‌ران و مه‌ینۆشان

ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش له‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌کدا له‌ سه‌ر شه‌قامی شه‌تیییه‌وه‌ قه‌دبڕ به‌ گۆیژه‌دا سه‌رکه‌وتین به‌مه‌به‌ستی به‌گوڕخستنه‌وه‌ی تینی هه‌ناسه‌و هێزی ماسولکه‌کانمان. له‌ دامێنی شاخدا لێره‌و له‌وێ دوو دوو و سێ سێ خه‌ڵک دانیشتنبوون و سه‌رگه‌رمی سه‌یران و خواردنه‌وه‌ بوون. به‌درێژایی رێگه‌ش تا بنار بوتڵه‌ ساردی و ئاوو قوتووه‌ شاردی و بوتڵه‌ بیره‌و ودره‌ شووشه‌ به‌ده‌وه‌ری رێگه‌ و شوێن کۆنه‌ ئاگردانی سه‌یرانکه‌ره‌کاندا ده‌بنیرا. که‌ گه‌یشتینه‌ بنار و هه‌ڵزناین به‌ شاخدا ورده‌ورده‌ شوێنه‌واری خرابکارانه‌ی سه‌یرانکه‌ر که‌م بووه‌و و خاکێکی پاک و گیا و پووشێکی نه‌رم گۆیژه‌ی داپۆشیبوو. له‌و به‌رزه‌وه‌ که‌ سه‌یری شاری سلێمانی ده‌که‌ی وا هه‌ست ده‌که‌ی  گۆیژه‌ سلێمانی له‌ ئامێز گرتووه‌ و نازی ده‌کێشێ به‌ڵام ئایا خه‌ڵکی سلێمانی نازی گۆیژه‌ راده‌گرن؟

یه‌ک کاتژمێرمان پێ چوو تا ورده‌ ورده‌ به‌ هه‌ناسه‌برکێ گه‌یشتینه‌وه‌ سه‌ر جاده‌کانی سه‌رشاخ. له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌دا له‌ (ئاوه‌دانی) دیسانه‌وه‌ شوێنه‌واره‌ ناشیرینه‌کانی سه‌یرانکه‌ر و مه‌ینۆش ده‌ماری پیاوی کرژده‌کرد. تا چاو بڕکا شووشه‌ بیره‌، بوتڵه‌ نایلۆن، ورده‌ شووشه‌، عه‌لاگه‌دڕاو، کیسه‌ چپس، به‌کورتی هه‌رچی زبڵی سه‌رخوانی خورادن و خواردنه‌وه‌یه‌ په‌رش و بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ و دامێنی جاده‌که‌ی داپۆشیوه‌. ئه‌و دێراوانه‌ی بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو بۆ سنه‌وبه‌ره‌کان دروستکراون وه‌ک له‌مپه‌ر له‌ لێژاییه‌که‌دا بوون به‌ زبڵدانی زبڵی بێباکانه‌ په‌رت کراوی ده‌ستی سه‌یرانکه‌ر و مه‌ینۆشه‌ بێخه‌مه‌کان! که‌ سه‌رده‌که‌وی وریابه‌ پێ به‌ ئه‌سپایی دانێ نه‌کا له‌سه‌ر عه‌لاگه‌یه‌ک بخزێیت و خه‌نجه‌ری پارچه‌ شووشه‌ زه‌فه‌رت پێ به‌رێ. ئه‌م دیمه‌نه‌ قێزه‌ون و حه‌یابه‌ره‌ به‌ درێژایی که‌ناری جاده‌کانی سه‌ر گۆیژه‌ شان به‌ شانی ئه‌و هه‌موو بۆرییه‌ نازداره‌ به‌فیرۆدراوه‌ی پرۆژه‌ فاشیله‌که‌ی ئاوی سه‌رشاخ ده‌بینرێن له‌که‌ناری جاده‌ی ئه‌زمریشِه‌وه‌ له‌و شوێنانه‌دا که‌ سه‌یرانکه‌ر داده‌نیشن، سه‌یری دۆڵه‌کانی دامێنیت بکه‌ی چی ده‌بینی؟ زبڵخانه‌یه‌ک ده‌بینی له‌ بوتَل و قوتوو و عه‌لاگه‌ و شووشه‌شکاو. له‌هه‌ندێ شوێندا به‌شی پێ دانان خاکی پاک نه‌ماوه‌. ته‌نانه‌ت سه‌ر دارگۆیژه‌کانیش بێبه‌ش نه‌بوون له‌ خه‌نجه‌ریی پیسنشینی و بێباکیی سه‌یرانکه‌ره‌کان. له‌ ناو لقی درخته‌کاندا چاو بگێڕی تۆش وه‌ک من بوتڵه‌ بیره‌ ده‌بینی به‌ لاقرتیه‌وه‌ تێت ده‌روانێ و به‌ سه‌لیقه‌ی خاوه‌نه‌که‌ی پێ ده‌که‌نێ

هه‌فتانه‌ هه‌زاران که‌س سندووفی ئۆتۆمبیله‌که‌یان پڕده‌که‌ن له‌ عه‌لاگه‌ و بوتڵ و شووشه‌ و ئه‌چن له‌ له‌ بنارو سه‌رشاخ له‌ ورگیاندا به‌تاڵیان ده‌که‌نه‌وه‌ و پاشماوه‌که‌شیان بێباکانه‌ ده‌ده‌ن به‌ روومه‌تی ناسکی سروشتدا. بێگومان خه‌ڵکانێکی زۆریش هه‌ن سه‌یرانی خۆشیان ده‌که‌ن و پاشه‌رۆکه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌هێننه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و ناشیرین بوونه‌ی سروشتی گۆێژه‌و ئه‌زمه‌ڕ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌سانێکی زۆر هه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی پێڵاوی خۆیان و تایه‌ی ئۆتۆمبیله‌کانیان خه‌م له‌و چیا و خاکه‌ نازداره‌ ناخۆن. که‌سانێکی زۆر هه‌ن که‌ ساردیه‌که‌ ده‌خۆنه‌وه‌ قوتووه‌کانی هه‌واده‌ده‌ن، که‌سانێکی زۆر هه‌ن که‌ بیره‌که‌ ده‌خۆنه‌ شووشه‌کانی به‌جێ ده‌هێڵن، که‌سانێکی زۆر هه‌ن بوتڵه‌ شووشه‌کان ده‌که‌ن به‌ نیشانه‌ و به‌ربه‌ردیان ده‌ده‌ن یا به‌ردێک ده‌که‌ن به‌ نیشانه‌ و بوتڵه‌که‌ی پێدا ده‌ماڵن! که‌سانێکی زۆر هه‌ن سه‌عاتێک ده‌گه‌رێن تا شوێن حه‌سیرێک خاکی پاک په‌یداکه‌ن بۆ دانیشتن، به‌ڵام ئه‌م تۆزه‌ شوێنه‌ش ( چ به‌مه‌ستی و چ به‌ هۆشیاری) به‌ زبڵدانی به‌جێ ده‌هێڵن. که‌سانێکی زۆر هه‌ن که‌ ده‌رۆنه‌وه‌ وا ده‌زانن ئیتر هه‌رگیز نایه‌نه‌وه‌ بۆ سه‌یران، که‌سانێکی زۆر هه‌ن که‌…هه‌یهوو… ئه‌م که‌سانه‌ کێن؟ ئایا ئه‌م که‌سانه‌ دوژمنی خۆیانن؟ دوژمنی ئه‌م خاک و بوومه‌ن؟ نه‌زانن؟ یا مه‌غرور و بێباکن؟

ئه‌م که‌سانه‌ بێگومان خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ن، بۆیه‌ش ئه‌چنه‌ ئه‌و به‌رزاییه‌ داده‌نیشتن دڵیان به‌ دیمه‌نی ئه‌م شاره‌ ده‌کرێته‌وه‌ و خۆشیان ده‌وێ. ئه‌م که‌سانه‌ ته‌نیا گه‌نجه‌کان نین، نه‌خوێنده‌واره‌کان نین، ته‌نیا هه‌ژارو زه‌حمه‌ت کێَشه‌کانی شار نین، به‌ڵکو له‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانی شارن، بگره‌ ئه‌مانه‌ ره‌نگه‌ باشتره‌کانی شاربن له‌ رووی خوێنده‌واری و باری ئابووریی و مه‌قامه‌وه‌. ره‌نگه‌ سیفه‌تی هاوبه‌ش له‌م که‌سانه‌دا بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ دانیشتووی شارن، بێباکی بێ، گوێ نه‌دان بێ، بێخه‌می بێ به‌رامبه‌ر به‌ ژینگه‌ی وڵات. ئایا که‌س له‌مانه‌ رازی ده‌بێ یه‌ک بوتڵه‌ شووشه‌ له‌ حه‌وشه‌ی ماڵی خۆیدا ورد بکات؟ یا له‌ باخه‌که‌یدا؟ ئه‌ی بۆچی له‌ شوێن سه‌یرانه‌که‌یدا به‌هه‌ر چوارده‌وریدا زبڵ بڵاو ده‌کاته‌وه‌؟ به‌تایبه‌تیش ئه‌و زبڵانه‌ی که‌ ئۆرگانی نین و هه‌رگیز نافه‌وتێن؟ که‌واته‌ ئه‌مانه‌ ئه‌و خاکه‌ به‌هی خۆیان نازانن یا لانی که‌م دڵیان پێی ناسووتێ، ئه‌گینا بڵێ که‌س هه‌بێ نه‌زانێ وردکردنی شووشه‌ و بڵاوکردنه‌وه‌ی بوتڵ له‌ جه‌سته‌ی ئه‌و خاکه‌دا چه‌ند ناشیرین و زیانبه‌خشه‌!

ره‌نگه‌ ئه‌م که‌سانه‌ بێزار و بێتاقه‌ت بن له‌ ده‌ستی خۆیان و خێزانیان، له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیان، له‌ داخی سیاسییه‌کانیان، به‌ڵام گوناهی خاک چییه‌؟ ئه‌و خاکه‌ی که‌ ئه‌وان پیسی ده‌که‌ن هێشتا تاپۆی میلله‌ته‌ و تاڵانفرۆش نه‌کراوه‌. ره‌نگه‌ شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار و ژینگه‌ ئیهماڵییان کردبێ و زبڵدانیان دانه‌نابێ، یان زبڵدانی ریوه‌ڵه‌یان دانابێ که‌ به‌ زبڵی یه‌ک خێزان پڕده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام تاوانی دۆڵ و چه‌می چیا چییه‌ بکرێ به‌ زبڵدانی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار؟ ره‌نگه‌ بڵێن هه‌ندێ له‌ به‌رپرسه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی له‌ خه‌می نه‌مامه‌کانى خۆیاندان ئه‌وه‌نده‌ بیر له‌ داربه‌رووه‌کانی وڵات نه‌که‌نه‌وه‌ به‌ڵام خۆ نابێ داخی ئه‌مانه‌ به‌ خاک و ژینگه‌ی وڵات بڕێژین. به‌راستی حکومه‌ت هیچی کردبێ یا نه‌کردبێ بۆ رێگرتن له‌م پیسبوونه‌ی ژینگه‌، ته‌قسیری سه‌ره‌کی هی خۆمانه‌ چونکه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین، تاکه‌ تاکه‌ و به‌ کۆمه‌ڵ، ئه‌م شوێنپیسییه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین. هیچ حکومه‌تێک ناتوانێ له‌ هه‌موو گوێ چه‌م و بن دارێکدا ته‌نه‌که‌ی خۆڵ دابنێ و که‌ پڕبوو کۆیان بکاته‌وه‌. به‌ڵام هه‌موو سه‌یرانکه‌رێک ده‌توانێ یه‌کێک له‌و هه‌موو عه‌لاگانه‌ی که‌ به‌ پڕی ده‌یانبات، که‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ زبڵه‌که‌ی تێ کات و له‌گه‌ڵ خۆی بیهێنێته‌وه‌. مه‌گه‌ر خه‌می ئه‌وه‌مان بێ سندووقی ئۆتۆمبیله‌که‌مان پیس ببێ!! ئه‌گه‌ر وابێ ئه‌بێ بڵێین ئه‌ی بێناز خاکی نیشتمان!

ئێمه‌ میلله‌تێکن له‌ کۆنه‌وه‌ خاک و میلله‌تی خۆمان خۆش ویستووه‌ و به‌ته‌نگیانه‌وه‌ هاتووین. باپیرانمان به‌ ده‌ست به‌ردی کێلگه‌کانیان بۆ کۆکردووینه‌ته‌وه‌ و کردوویانه‌ به‌ که‌ڵه‌ک، چیاکانیان ته‌خت کردووه‌ و کردوویانه‌ به‌ته‌ڵان، به‌لاپاڵی چیاکانه‌وه‌ ره‌زیان بۆ ناشتووین و داربه‌رروه‌کانیان بۆ پاراستووین. باپیره‌کانمان چونکه‌ له‌ باوه‌شی سروشتا ژیاون و رۆزییان لێ به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ ئێمه‌ زیاتر قه‌دریان زانیوه‌. ئێمه‌ی شارنشین چونکه‌ رۆزیمان له‌ مامه‌ڵه‌ی بازار و ژمێریاری فه‌رمانگه‌کانمان وه‌رده‌گرین نازی سروشتمان لانه‌ماوه‌ و له‌یادمان کردووه‌ سه‌لامه‌تی سروشت چه‌ند بۆ سه‌لامه‌تی خۆمان پێویسته‌!

ئه‌و ورده‌ شووشه‌و پلاستیک و قوتووانه‌ی به‌ گۆیژه‌و ئه‌زمڕدا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ به‌ ئاسانی نافه‌وتێن و بۆ سالیانی بێبڕانه‌وه‌ ئه‌بنه‌ مایه‌ی پیسیی ژینگه‌ و زیان: دیمه‌نی شوێنه‌که‌ ناشیرین ده‌که‌ن، رێگه‌ ده‌گرن، زیان به‌ رووه‌ک و رێبوار ده‌گه‌یه‌نن. ئه‌گه‌ر ئه‌م ره‌وتی سه‌یران و شوێنپیسییه‌ش به‌رده‌وام بێ ئه‌وا چه‌ند ساڵێکی تر رێبورانی ئه‌م سه‌یرانگایانه‌ ئه‌بێ یا خاکه‌ناز له‌گه‌ڵ خۆیان به‌رن بۆ شوێن پاکردنه‌وه‌یا له‌سه‌ر قیره‌که‌ سفره‌ راخه‌ن!

له‌م وڵاته‌دا هه‌موو شتێک زۆرو بۆره‌ به‌و مانایه‌ی ژماره‌ گرنگه‌ نه‌ک جه‌وهه‌ر، چه‌ندایه‌تی نه‌ک چۆنایه‌تی. بۆ هه‌موو شتێک جۆره‌ها داموده‌زگا هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هه‌موویان کاری ده‌زگایه‌کی چاک ناکه‌ن. ره‌نگه‌ فه‌رمانگه‌کانی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار و ژینگه‌ له‌وه‌دا ته‌قسیریان هه‌بێ که‌ نه‌یان توانیوه‌ ئه‌ندازه‌ی کێشه‌که‌ تێ بکه‌ن و خزمه‌تگوزاری پێویست له‌ سه‌یرانگه‌کاندا دابین بکه‌ن. بۆنموونه‌ ئایا ئه‌و زبڵدانانه‌ی له‌ ده‌باشان دانراون به‌شی ئه‌و هه‌موو سه‌یرانکه‌ره‌ ده‌که‌ن؟ یا ئه‌و تاکه‌ تاکه‌ سه‌تڵه‌ له‌ که‌ناری جاده‌ی ئه‌زمڕدا دانراون که‌ی به‌شی پاشماوه‌ی ئه‌م هه‌موو ساردی و مه‌شرووب خۆره‌ ده‌که‌ن! ئه‌ی پاک کردنه‌وه‌ چی؟ هیچ خزمه‌تتگوزارییه‌ک بێ به‌رده‌وامی و سیانه‌ نابێ. ئامانجی ئه‌م ده‌زگایانه‌ نابێ ئه‌وه‌بێ بڵێن فڵان شتمان کردووه‌، سه‌تڵمان داناوه‌، یه‌کجار پاکمان کردۆته‌وه‌. هه‌تا زبڵ بمێنێ ئیشی ئه‌مانیش ئه‌بێ به‌رداوام بێ و که‌ڵه‌که‌بوونی زبڵ وه‌ک له‌و وێنانه‌دا دیاره‌ چه‌ند خه‌تای سه‌یرانکه‌رانه‌ ئه‌وه‌نده‌ش نیشانه‌ی نوشوستی ئه‌م لایه‌نانه‌یه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌رکه‌کانیاندا. ئه‌مانه‌و هه‌ندێ رێکخراوی ناحکومیش زیاتر باس له‌ هۆشیاری ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌رنانه‌ی هۆشیاری به‌ بێ تۆژینه‌وه‌ نابێ. هۆشیاری به‌بێ خزمه‌تگوازری ئه‌نجامێکی وای نیه‌. هۆشیاریی پێویسته‌ به‌ڵام ته‌سه‌وری خۆت بکه‌ قوتووه‌ ساردییه‌کت به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و نیو سه‌عات ده‌رۆی زبڵدانێک نابینی، چی لێ ده‌که‌ی سه‌ره‌نجام له‌وانه‌یه‌ تفوویه‌ک بکه‌یت و فرێی ده‌ی!!

پلان دانان بۆ پاکردنه‌وه‌ی ژینگه‌ به‌رنامه‌یه‌کی فره‌ لایه‌نه‌ی ده‌وێ که‌ سه‌ره‌تا تۆژینه‌وه‌ له‌ خۆ بگرێ بۆ ده‌ستنیشان کردنی هۆیه‌کانی ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ی خه‌ڵک و دیاریکردنی شوێن و پێداویستییه‌کان و پاشان ده‌سته‌به‌رکردنی خزمه‌تگوزاریی پێویست بۆ کۆکرنه‌وه‌ی زبڵ شانبه‌شانی به‌رنامه‌ی هۆشیاری بۆ ئاشناکردنی سه‌یرانکه‌ران. داکوتانی چه‌ند لافیته‌و تابلۆیه‌کی ره‌نگاوره‌نگ و بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یامی رووت کارگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی نابێ له‌م کێشه‌ ره‌فتارییه‌دا

2008.

******


Leave a comment

Gassing the hospital

ئه‌و رۆژه‌ی نه‌خۆشخانه‌ گازباران کرا

پێش ئه‌و کاته‌ش چه‌ند جارێک ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ که‌وتوبووه‌ به‌ر هێرشی کیمایی، به‌ڵام ئه‌وه‌ یه‌که‌مجار بوو نه‌خۆشخانه‌ وا له‌ نزیکه‌وه‌ یببَته‌ نیشانه‌ی فرۆکه‌کانی رژێم ئه‌ویش به‌ چی. به‌ گازی کیمیایی.
نه‌خۆشخانه‌ی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ک له‌ په‌نا چه‌مۆڵکه‌یه‌کدا بوو له‌ دۆلێکی بچووکدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی گوندی به‌له‌کجار به‌لاشانی به‌رزاییه‌کی بچووکه‌وه‌ و رووه‌و ده‌به‌رند به‌ره‌وڵی و “حه‌وشی گه‌وره‌”ی کێوی سه‌رکه‌ش و دیوارئاسای قۆپی قه‌ره‌داخ. به‌چوارده‌وری نه‌خۆشخانه‌دا تا چه‌ندسه‌د مه‌تریش هیچ بینایه‌کی تر نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ تا ئه‌و کاته‌ شوێنێکی ئه‌مین بوو و پێ ده‌چوو، هیچ نه‌بێ خۆمان وامان هه‌ست ده‌کرد، که‌ نه‌بووبێته‌ جێی سه‌رنجی فرۆکه‌کانی رژێم که‌ زۆر جار به‌سه‌ر ئاسمانی ئه‌و ناوه‌دا سووڕابوونه‌وه‌ بۆردومانیان کردبوو. کارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌، ئه‌وانه‌ی ئه‌م ساته‌ له‌بیرمدا بن، بێجگه‌ له‌ به‌نده‌، بریتی بوون له‌ د. فایه‌ق( که‌ ئه‌و ساته‌ له‌ ناو مه‌ڵبه‌ند بوو) د. جه‌لال(که‌ ئه‌و کاته‌ له‌گه‌ڵ هێزدا له‌ناوچه‌ی مه‌ڵبه‌ندی دوو بوو) ، د.مه‌حموود، د. ناجح، وه‌ پزیشکیاره‌کان بۆتان(یادی به‌خێر) و حه‌سه‌ن و عوسمان برایم و جووتیار و شوان سه‌رکه‌وت، سه‌ره‌ڕای مام برایم و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی تر.
ئه‌و رۆژه‌، 27 ی شوباتی 1988 واته‌ بیست ساڵی رێک له‌مه‌وبه‌ر، رۆژێکی نیمچه‌ ساماڵی زستانی بوو، هه‌وا له‌چاو چله‌یه‌کی دره‌نگدا گه‌رم و ئاسمان شین و دید ڕوون بوو و چه‌ند گه‌واڵه‌ هه‌ورێک شینایی ئاسمانیان له‌ نێوان خۆیاندا به‌ش کردبوو. پێنج شه‌ش نه‌خۆشمان هه‌بوو له‌ دوو ژووی نه‌خۆشخانه‌دا راکشابوون و ئێمه‌ش هه‌ریه‌که‌مان له‌ ژوور و ده‌شتی به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌که‌دا مه‌شغوولی شتێک بووین. هه‌رچه‌نده‌ گوێی پێشمه‌رگه‌و گوندنشین ئه‌وکاته‌ بۆ ده‌نگی فرۆکه‌ مشک ئاسا تیژ بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ستت به‌ ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ری ئه‌و ده‌نگه‌ دوابڕاوه‌ ده‌کرد، به‌ ئاسته‌م فریای ئه‌وه‌ ده‌که‌وتی خۆت بگه‌یه‌نیته‌ کونه‌ته‌یاره‌یه‌ک یان بن به‌ردێک. کاتژمێر سێ و نیو بوو ئه‌وه‌نده‌مان زانی گرمه‌ی فرۆکه‌ هات تا سه‌رمان به‌رز کرده‌وه‌ چه‌ند فرۆکه‌یه‌کمان بینی به‌سه‌ر به‌له‌کجاردا ده‌سوورانه‌وه‌. به‌ نزمی و سورانه‌وه‌که‌یاندا دیاربوو نیازی ئه‌و ناوه‌یان هه‌یه‌. ئه‌وه‌نده‌ی به‌په‌له‌ پێمان کرا به‌ فڕکانێک خۆمان گه‌یانده‌ ناو ئه‌و په‌ناگه‌یه‌ی که‌ له‌ به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌که‌دا دروستمان کردبوو.

ئه‌وانه‌ی له‌و نزیکانه‌ بووین و فریاکه‌وتین به‌ پرتاوێک خۆمان خزانده‌ ناو په‌ناگه‌که‌وه‌. ئه‌وی بۆردومانی فرۆکه‌ی جه‌نگیی بینیبێ یا موشه‌ک و تۆپ به‌ره‌و رووی هاتبێ، ناسینه‌وه‌ی ده‌نگی بۆردومان به‌ره‌و رووت زۆر ئاسانه‌. ویژه‌یه‌کی قایم تا دێ زیاد ده‌کات و وا هه‌ست ده‌که‌ی بۆمبه‌که‌ راست به‌ره‌و تۆ دێ و هه‌ر ئََێستا ئێسک و پروسکت ده‌با به‌ ئاسمانا. ویژه‌ی دابه‌زینی فرۆکه‌ تا ده‌هات زیاتر ده‌بوو. ئێمه‌ش هه‌ناسه‌مان له‌خۆمان بریبوو، که‌س هیچی بۆ نه‌ده‌هات. خواخوامان بوو هه‌رچی زووتره‌ بۆمبه‌که‌ بدات له‌ئه‌رز و له‌و چاوه‌روانییه‌ رزگارمان ببێ. ویژه‌ی دابه‌زینی فرۆکه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ری و ده‌نگێکی کپ وتی “ترپ!”

“حه‌و!” له‌ دڵی خۆمدا وتم، ” ئه‌مه‌ هی ئه‌و دابه‌زینه‌ نه‌بوو!”

به‌ڵام من پێشتر بۆردمانی کیمیاییم بینیبوو و له‌ده‌وره‌یه‌کی راهێنانی کیمیاییشدا به‌شداریم کردبوو له‌ گوندی یاخسه‌مه‌ر. له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر سه‌یر نه‌بوو به‌لامه‌وه‌. که‌ ده‌نگی فرۆکه‌ که‌م بووه‌وه‌، یه‌کسه‌ر له‌ په‌ناگه‌که‌وه‌ سه‌رم هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌. رێک به‌رامبه‌ر کونی په‌ناگه‌گه‌ په‌نجا مه‌ترێک دوور له‌خۆمان به‌سه‌ر به‌رزاییه‌که‌وه‌ دووکه‌ڵێکی سپی چووبوو به‌ئاسمانا.

“کیمیاییه‌، کوڕینه‌، وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌” به‌ هه‌ڤاڵه‌کانم وت.

هه‌موو به‌په‌له‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ و شپرزه‌ بووین، چی بکه‌ین. به‌ پێی رێنماییه‌کان پێویسته‌ تا ئه‌توانی له‌ شوێنیه‌که‌ دوور که‌ویته‌وه‌ بۆ به‌رزایی و به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی باوه‌ برۆی. ئه‌ی نه‌خۆشه‌کان؟ خۆناتوانین ئه‌وان بگوێزینه‌وه‌. بۆیه‌ سه‌ره‌تا به‌ په‌له‌ چووینه‌ ژووری نه‌خۆشه‌کان پێمانوتن که‌وا کیمیاییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ خۆیان بپارێزن. په‌رده‌کانمان دادایه‌وه‌، ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌مان لێ داخستن و وتمان خاولیه‌ک ته‌ڕکه‌ن و بیده‌ن به‌سه‌ر ده‌موچاویاندا و نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ تا خۆمان پێتان ده‌ڵێین. خۆشمان به‌ راکردن سه‌رکه‌وتین بۆ به‌رزایه‌کانی به‌رامبه‌ر نه‌خۆشخانه‌ و له‌ بن به‌رده‌کاندا خۆمان مه‌ڵاس داو چاودێری بارودۆخه‌که‌ما ده‌کرد. فرۆکه‌کان نزیکه‌ی 20 ده‌قیقه‌ مانه‌وه‌ چه‌ند سوورێکی تریان خوارد به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا و نزیکه‌ی 40 بۆمبایان هاویشت. بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ یه‌کسه‌ر بینیبوومان، سێ بۆمباری تریش له‌ ده‌وروبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ به‌ دووری 50-100 مه‌تر دایان له‌ زه‌وی. دێهاته‌کانی تریش که‌ گازباران کران بریتی بوون له‌ به‌له‌کجار و به‌ردێ و ته‌کیه‌ و به‌ڵخه‌ و گومه‌ته‌ و مه‌ڵبه‌ند.

دوای ئه‌وه‌ی فرۆکه‌کان رۆیشتن ئێمه‌ دابه‌زینه‌ خواره‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌. ئه‌و رۆژه‌ نه‌مان وێرا بچینه‌ سه‌ر شوێنی بۆمبه‌کان. به‌ڵام له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری نزیکترینیانمان کرد. رێک له‌به‌ر لووتی ئه‌مبولانسه‌که‌ماندا دابووی له‌ زه‌وی. دیار بوو ئه‌مبوڵانسه‌که‌ی به‌دی کردبوو. ئه‌م ئه‌مبوڵانسه‌مان له‌ ئازادکردنی شارۆچکه‌ی قه‌ره‌داخ ساڵی پێشوو ده‌ست که‌وتبوو. به‌ قوڕ سواخمان دابوو و له‌ ژێر داربه‌روویه‌کدا دامان نابوو به‌ڵام رۆژی پَشتر باران بوو و زۆربه‌ی قووره‌که‌ی شۆرابووه‌و و دیاربوو لامه‌زه‌ب بریقه‌که‌ی خه‌به‌ری ئێمه‌ی به‌ فرۆکه‌وان دابوو.

یه‌کسه‌ر چووینه‌ لای نه‌خۆشه‌کان، خۆشبه‌ختانه‌ هه‌موو سه‌لامه‌ت بوون. دوای دوو کاتژمێر به‌رایی برینداری کیمیایی له‌ گونده‌وکانه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا. له‌ به‌ردێ و به‌له‌کجار زیانی باشی دابوو، زیاتر له‌ سی سه‌ر بزن و چه‌ند مانگایه‌کی کوشتبوو. بۆمبێک راست له‌به‌رده‌م باره‌گای له‌شکری به‌دردا دابووی له‌ زه‌وی و ئه‌وانیش پارێزیان لێ نه‌کربوو و تێر به‌ده‌وریدا گه‌ڕابوون. زۆربه‌ی زۆری برینداره‌کان، زیاتر له‌ 80% هی له‌شکری به‌در بوون (ره‌نگه‌ ئامانجێکی بۆردمانه‌که‌ش هه‌ر ئه‌وان بووبن چونکه‌ چه‌ندی رۆژ له‌وه‌و پێش چالاکییه‌کیان له‌ سه‌ر رێگه‌ی سه‌نگاو ئه‌نجام دابوو و چه‌ند سه‌ربازێکیان کوشتبوو). ژماره‌یه‌ک هاوولاتیش بریندار بووبوون. تێکڕا نزکه‌ی 200 بریندار هه‌بوو، بێجگه‌ له‌ خۆمان ستافی نه‌خۆشخانه‌ که‌ شه‌و به‌ خۆمان زانی. نیشانه‌کانی برینداره‌کان بریتی بوو له‌ چاو سووربوونه‌وه‌، ئاوکردن، رشانه‌وه‌، کۆکه‌، ته‌نگه‌نه‌فه‌سی، بڵۆق. ئه‌مانه‌ هه‌مووی نیشانه‌ی گازه‌ بلۆقێنه‌ره‌کان بوو له‌ جۆری خه‌رده‌ل و ئه‌وانی تر. ئه‌م گازانه‌ کوشنده‌ نین ئه‌گه‌ر پیاو زۆریان لێ هه‌ڵنه‌مژێ. من پێشتریش له‌ ئازادکردنی قه‌ه‌رداخدا ئه‌م جۆره‌ بۆردمانه‌م بینی بوو و بریندرام چاره‌سه‌ر کردبوو. ئیتر ئه‌و عه‌سره‌ تا نیوه‌ شه‌و ئێمه‌ په‌یتا په‌یتا نه‌خۆشمان بۆ ده‌هات و چاره‌سه‌رمان ده‌کردن. ئه‌و ده‌رمانه‌نانی به‌کارمان ده‌هێنان، پاش پاکردنه‌وه‌ی نه‌خۆش بریتی بوون له‌ قه‌تره‌ی سڕکه‌ری زایلۆکاین بۆ ئازاری چاوو ، ده‌رمانی رشانه‌وه‌و …… چه‌ند که‌سێکیشمان له‌ له‌شکری به‌در داخڵ کرد که‌ گازه‌که‌ کاری له‌ سییه‌کانیان کردبوو، نزیکه‌ی دوو هه‌فته‌ مانه‌وه‌ و سه‌ره‌نجام یه‌کێکیشیان شه‌هید بوو. ئه‌مه‌ یه‌که‌م قوربانیی گازی کیمیایی بوو له‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ تا پێش کارساتی سێوسَینان.

ئه‌و رۆژه‌ و رۆژی دوایی به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌، به‌ ته‌عبیری ئه‌وسام، وه‌ک له‌ رۆژژمێره‌که‌مدا نووسیومه‌، وه‌ک به‌رده‌م مه‌رقه‌دی شێخ عبدالقادری گه‌یلانی وابوو ، هه‌رکه‌سه‌و به‌تانیه‌کی دابوو به‌ شانیدا و له‌ په‌نا دیوار و له‌ حه‌وشه‌ی نه‌خۆشخانه‌دا کزۆڵه‌ی کردبوو و چاوه‌رێ بوو جارجار قه‌تره‌یه‌ک یا ده‌رزییه‌کی به‌رکه‌وێ تا تۆزێ ئازاری بشکێ.

ئێمه‌ به‌م جۆره‌ مه‌شغووڵی نه‌خۆش بووین بێخه‌به‌ر له‌وه‌ی خۆشمان بریندرابووین. سه‌یر له‌وه‌دابوو ئێمه‌ خه‌می نه‌خۆشکانی خۆمان بوو که‌ به‌جێمان هێشتبوون، ئاخر به‌حساب ئێمه‌ دوور که‌وتبووینه‌وه‌ له‌ شوێنی بۆمبه‌کان.!! خه‌تێکی موه‌لیده‌مان له‌ مه‌ڵبه‌نده‌وه‌ بۆهاتبوو که‌ شه‌وان کاره‌بای بۆ هه‌ڵده‌کردین. ئه‌و شه‌وه‌ که‌ کاره‌با هاته‌وه‌ گڵۆپه‌کان تینی نه‌بوو. له‌سه‌ر سفره‌ دانیشتبووین و هه‌ندێ مشتومڕیشمان کرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆچی گڵۆپه‌کان تینیان نیه‌.. هه‌رکه‌سه‌ شتێکی ئه‌وت، یه‌کێکیش به‌ سوعبه‌ته‌وه‌ وتی دیاره‌ موه‌لیده‌که‌ کیمایی لێی داوه‌ و سه‌ره‌نجام وتمان دیاره‌ موه‌لیده‌که‌ ئه‌مشه‌و ناته‌واوه‌. ئه‌وه‌مان قه‌بووڵ کرد تا کاتژمێر نزیکی هه‌شت که‌ ئه‌چووین بۆ لای نه‌خۆشه‌کان ده‌رمانیان بده‌ینێ. نازانم کام له‌ براده‌ران بوو باسی گڵۆپه‌کانی کردبوو لای نه‌خۆشه‌کان و وتبووی ئه‌مشه‌و تینیان نیه‌. نه‌خۆشه‌کانیش قسه‌که‌یان به‌لاوه‌ سه‌یر بووبوو وتبوویان وه‌لڵا هیچ عه‌یبی نیه‌، هه‌ر وه‌ک شه‌وانی تره‌. ئه‌ویش حه‌په‌سابوو. چۆن شتی وا ئه‌بێََ! لای پێشمه‌رگه‌کان گڵۆپ کزو لای نه‌خۆشه‌کان ئاسایی!! بانێکه‌و دوو هه‌وا!

که‌ براده‌ره‌که‌مان به‌ ئێمه‌ی وت، ئێمه‌ش هه‌موو سه‌یرمان لێ هات. باوه‌رمان نه‌ده‌کرد گڵۆپ لای ئێمه‌ کزبێ و لای ئه‌وان ئاسایی. هه‌موو چووینه‌وه‌ لای نه‌خۆشه‌کان بۆ دڵنیایی! که‌چی گاڵته‌یان پێ کردین، وتیان بابه‌ هه‌ر وه‌ک شه‌وانه‌ی، هیچ فه‌رقی نیه‌!!

که‌واته‌ خۆیه‌تی، دیاره‌ چاومان ته‌ڵخ بووه‌ و کاریگه‌ریی کیماییه‌که‌یه‌. شته‌کانی ترم بیستبوو له‌ وێنه‌ی چاو سووربوونه‌وه‌ و ئاو کردن و ئازار، که‌ ئێمه‌ هیچیمان نه‌بوو، به‌ڵام کزبوونی چاو بێ ئه‌وه‌ی هیچ نیشانه‌یه‌کی تری له‌گه‌ڵ بێَ، ئه‌مه‌م نه‌بیسبوو. به‌هه‌رحاڵ وتمان دیاره‌ کیمیاییه‌که‌ کاری له‌چاومان کردووه‌. هه‌موو دامانه‌ پێکه‌نین گه‌رچی نیگه‌رانیش بووین. ئیتر زوو زوو به‌ لاقرتییه‌وه‌ به‌ یه‌کمان ده‌وت، “به‌ڵێ گڵۆپه‌کان کز بوون!”

به‌وجۆره‌ خه‌وتین به‌ده‌م نیگه‌رانیی چاومانه‌وه‌. به‌یانی که‌ له‌خه‌و هه‌ستاین، هه‌موو که‌م تازۆر تووشی چاو سووربوونه‌وه‌ بووبووین. ئینجا دڵنیا بووین که‌ به‌ڵێ ئێمه‌ که‌ به‌حساب چووبووینه‌ به‌رزاییه‌کان و خۆمان پاراستبوو، کیمایی لامه‌زه‌ب کاری لێ کردووین، که‌چی نه‌خۆشه‌کان، که‌ له‌ ژووره‌کاندا مانه‌وه‌ پارێزراوبوون. لێکدانه‌وه‌کان بۆ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌بوو، ئێمه‌ زۆر نزیک بووین له‌ یه‌که‌م بۆمب و له‌کاتی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌دا و کاتێ چووینه‌ته‌وه‌ لای نه‌خۆشه‌کان پاشان تا گه‌یشتووینه‌ته‌ به‌رزاییه‌کان هه‌وا هه‌ندێ له‌ گازه‌که‌ی ماڵیوه‌ به‌ سه‌روچاوماندا به‌ڵام نه‌خۆشه‌کان چونکه‌ له‌ شونێکی قه‌پاتدا بوون، گازه‌که‌ زه‌فه‌ری پێ نه‌بردوون.

رۆژی دوایی بارانێکی چاک باری. شوێنی بۆمبه‌کانی تاراده‌یه‌ک پاک کردبۆوه‌. من چوومه‌ سه‌ر جێگه‌ی بۆمبی لای ئه‌مبوڵانسه‌که‌ تا بزانم چۆنه‌. چاڵێک بوو به‌ به‌ تیره‌ی سێ مه‌تر و قووڵایی یه‌ک مه‌تر. له‌ناو چاڵه‌که‌دا پارچه‌ بۆمبێکم دۆزیه‌وه‌ لێ نووسرابوو LVZ، که‌ وابزانم کورته‌ی لویزایته‌ که‌ یه‌کێکه‌ له‌ گازه‌ بڵۆقێنه‌ره‌کان.
2008شوباتى
****