بیرەوەرییەک لە ئەنفالەوە
شایەتەکانی دادگایی کردنی سەدام و بەرپرسانی تری رژێمی پێشوو لەمەڕ تۆمەتی ئەنفال، ناهەقیان نیە جارجار لەبەرامبەر پرسیاری پارێزەرانی تۆمەتبارەکاندا واقیان وڕدەمێنێ و وەختە کەللەیی ببن! ئاخر ئەوان لەناو رووداوەکاندابوون و هەموو ئەندامەکانی هەستیان تاڵاوی تاوانەکانی رژێمییان لە نزیکەوە چەشتووە. گوێیان بە زرمەی بۆمبا کاس بووە، چاوەکانیان دوکەڵی گازە تڵۆقێنەرەکان کردوونی بە گۆمی خوێن، لووتیان بەبۆنی تیژی باروت و کیمیایی سۆڵاوەتەوە و پێستیان پارچەی راجیمەی پێدا چزاوە و گازی خەردەل هەڵی کروزاندووە. سەرباقی ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە لەگەڵ چەکە مرۆڤکوژەکانی ئەم تاقمە عاقیبەت شەڕەدا، کەچی ئەم قوربانییە ئازارچەشتووانە ئێستا لەبەردەم کۆمەڵێک مرۆڤی بێئاگا (یان راستتر خۆ بێئاگاکردوو) لە راستییەکان، تازە بەتازە دەرسی یەکودووی نەهامەتیی کوردیان لێ دەپرسرێتەوە، ئەویش بە لاقرتی و چاوی پڕگومانەوە.
بەنیسبەت ئەو شایەتحاڵانەوە کە لە رەوی ماراسۆنیی چەند مانگەو چەندسەد کیلۆمەتریی ئەنفالدا لەگەڵ ژانی پێشمەرگە و هاووڵاتیانی ناوچەئازادکراوەکاندا بەناو دووکەڵ و داروپەردووی گوندە وێرانکراوەکاندا بەرەو لێواری سەلامەتی پاشەکشەیان کرد، ئەنفال کتێبێکە لەسەر گابەردی کەناری رێگاکان، لە سەر میحرابی مزگەوتە تەختکراوەکان، لەسەر کەڵەکی دەوری کانییەکان، لەسەر هەموو بستەخاکێکی ناوچەئازادکراوەکانی ئەوسا نووسراوە. لە دڵی هەموو کوردێکیشدا ئەنفال قەتماغەی زامێکە تەنیا بە مەرهەمی ئومێدی ئایندەیەکی بێ ئەنفال سارێژ دەبێ.
وەک یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ئەنفال، وەک پێشمەرگەیەک، ئەم دادگایی کردنە زۆر بیرەوەری لە زیهنمدا زیندووکردەوە. ساڵی 1987 دا هێزی پێشمەگەی کوردستان لە پەلامارێکی شەوانەدا ناحیەی قەرەداغی ئازاد کرد. من کە ئەو کاتە دکتۆری مەڵبەندی یەک بووم لەگەڵ چەند یاریدەدەێکی پزیشکیدا یاوەری پزیشکیی ئەو هێزەبووم و لە گوندی زیۆەمەر بارگەمان خستبوو.
رۆژی 21ی نیسان 1987، دوو رۆژ پاش ئازادکردنی شارءچکەی قەرداغ، فرۆکەکانی رژێم گوندەکانی دەوروبەریان دایە بەر هێرشی کیمیایی. ئەمە یەکەمجار بوو چەکی کیمیایی لە ناوچەی قەرەداغ بەکاربهێنرێت. پاش کۆتایی هاتنی ئەو هێرشانە لەگەرانەوەمدا بۆ نەخۆشخانەی مەڵبەند لە گوندی بەلەکجاڕ دەبوو بە شاخی قەڵاقایمەزدا تێپەرم.
خوالێخۆشبوو عەلی قەڵاقایمەزی پیاوێکی قسە خۆش و نان بدە و لەهەمان کاتدا توند و سەرسەخت بوو. تەنیا ماڵ لە ناوقەدی کێوی قەڵاقایمەزدا کەدۆڵی قەرەداغ دەکات بە دووبەشەوە، گوندێکی ئاوەدان کردبۆوە و بە ئاژەڵداری گوزەرانی خۆیی بەرێوە دەبرد. لەناوەراستی هەشتاکاندا و تا کاتی ئەنفال دۆڵی رۆژاوای قەرەداغ لە برەودا بوو. گوندی قەرەبالغی سێوسێنان دەوری شارۆچکەی دەبینی بۆ ئەو کەسانەی نەیاندەتوانی بچنە شار، زۆربەی بارەگاکانی مەڵبەندی یەکی یەکێتی و حیزبەکانی تریش لە سێوسێنان و گوندەکانی تری ئەو دۆڵە بوون.
بۆ رێبواری دوورڕۆ چی لە رێگەی قەدبڕ دڵگیرترە؟ قەڵاقایمەز هەرچەند لە ناوقەدی چیایەکی کووڕی باڵابەرزدا بوو بەڵام لەسەر کورترین رێگا بوو بۆ زۆر لەو لەو رێبوارانەی لە گوندەکانی ئەم دیوەوە یان لە شارەزوورەوە بۆ سێویسێنان و تەکیەو بەلەکجار دەچوون. کەم کەس هەیە بەو رێگەیەدا گوزەری کردبێ و حەپەی سەگەکانی دێ دڵی دانەخورپاندبێ و لە خزمەتی کاک عەلیدا پشوویەکی نەدابێ و جامێ ئاوی فێنک و چایەکی گەرمی نەخواردبێتەوە.
وەک هەموو جارێک کاک عەلی خوڵکی چایەکی کردم و لە هەیوانەکەدا دانیشتین و کەوتینە قسە. دوای باسی شەرو شۆڕو بۆردومان خانەخوێ چۆغەکەی هەڵدایەوە و لاکەلەکەی راستی نیشان دام و وتی “دکتۆر جەراحەیەک داویەتی بەم لاقەبرەغەمەوە سەیرێکی بکە بزانەهیچی گەرەک نیە؟”
وەک کڵپەی ئاگر سووتاندبێتی ئەوەندەی لەپێک زیاتر لە کەلەکەی یەکپارچە رەش ببۆوە و هەندێ شوێنی تڵۆقی کربوو. پێوەدانی هەندێ جۆری جەراحە( با بڵێین دووپشکی کلک شۆڕ بۆ ئەو کەسانەی نەیان دیوە) ئێجگار ترسناکە و تەنانەت کوشندەش ، بەڵام برینەکەی کاک عەلی لە سووتان دەچوو نەک لە پێوەدان. پاش پرس و جوابی ئاسایی بۆ تێگەیشتن لە هۆی سووتانەکە و سووربوونی من لەسەر ئەوەی ئەم برینە لە هی جەراحە ناچێ، کاک عەلی وتی” هیچ شک نابەم. ئەشەوبیلا دوێکە چوومە سەرشاخ گوللە تۆپێکم بینی فستاقی کردبوو هی ئەم بۆردمانەی دوایی بوو. نامە بن دەستم و هێنامەوە وتم بۆ شتی خاسە ئاوی تێ ئەکەم بۆ ئەو جووجکانە. بەڵام عەقڵم نایبڕێ ئەوە عەلاقەی هەبێ بەم زامەوە.”
ئەو کاتە کەم کەس دەیزانی کیمیایی چییە و کاریگەریی چۆنە. ئەوانەشی بیستبوویان باوەریان نەدەکرد رۆژێک بێتە رێیان. کاک عەلیش ناهەقی نەبوو سوور بێ لەسەر ئەوەی جەراحە پێوەی داوە چونکە باوەری نەدەکرد کوتە ئاسنێکی سارد بتوانێ لایەک لە قەبرەغەی بسووتێنێ.
لەقەڵاقایمەزەوە توولە رێیەک سەردەکەوت بۆ سەرشاخ و جا دادەبەزی بۆ سێوسێنان. سەرشاخ لەچاوخۆیدا تەخت و چەند تەبارە زەوییەکی کێڵراوی لێ بوو. کە ئاودیوبووم و بە دیوی سێوسێناندا شۆڕبوومەوە، بینیم دەوروبەری رێگەکە چەندەها شوێنی تەقینەوە و چەند گوللە تۆپێکی نەتەقاوەی لێ بوو. چاڵی تۆپەکان بچووک بوون و گیاکەی دەوریان رەش داگەرابوو. ئەم ناوچەیە لە ئەترافی دەربەندیخان و شاخی گوڵانەوە دەبینراو و پێدەچوو هەر لەوێشەوە بۆردومان کرابێ. بێگومان ئەم بۆردمانە کیمایی بوو و ئەو گوللە تۆپەی کە کاک عەلیش خستبوویە بن دەستی ئاساری مادە کیمیاییەکەی پێوە مابوو و ببووە هۆی سووتانی.
ئەو مادانەی رژێم لەسەرەتادا بەکاری دەهێنان لە مادە تڵۆقێنەرەکان بوون وەک خەردەل و لویزایت. ئەمانە ئەگەر پیاو نەکەوتایەتە ناو دووکەڵەکەیانەوە، کوشندە نەبوون. هەرچەندە دوای ئەم رووداوە چەند جارێکی تریش ناوچەی قەرەداغ کەوتە بەر هێرشی کیمیایی و سەدەها کەس بریندار بوون و لە نەخۆشخانەی مەڵبەند چارەسەرکران، بەڵام تا کارەساتی سێوسێنان تەنیا یەک کەس بە کیمیایی گیانی لەدەست دا
2007
****