Nasih Othman ——- د. ناصح قه‌ره‌داغى

Writings, research and lectures by Dr. Nasih Othman


هەمووی تەڵەیە

ئەم وڵاتە هەمووی تەڵەیە، وریاری سەلامەتیی خۆتان بن
2007
پار بەیانیەکیان ئەچووم بۆ هەولێر. تازە خۆر کەوتبوو بەجادەی کەناری چەمچەماڵ دا رەت دەبووم لەپڕ گەڵابەیەک خۆڵی داکراو لە ناوەراستی جادەکەدا لێم تاین بوو کە پانتایی سایدەکەی گرتبوو و ناچاری کردم ئەوەندەی گوڕی کاردانەوە رێگە بدات، ئۆتۆمبیلەکە هێور کەمەوە و خۆم بگەیەنمە سەر خۆڵەکە. نەعلەتێکم لە بێخەمیی خاوەنی گەڵابە خۆڵ کردو پاش قەدەرێک هاتمەوە سەر قیرەکەو ئیدی لەبیرم چووەوە. ئێوارە لە گەڕانەوەدا کە گەیشتمەوە هەمان شوێن لە دوورەوە ئیحتیاتم وەرگرت بەڵام کە گەیشتمە جێ بینیم تەڵەی مڵۆزم نیچیری خۆی تەخت کردووە! ترێلەیەکی پڕ لە چیمەنتۆ (کە بە تەعبیری بێ شعوورانەی خاوەن تەڵە دیار بوو کوێرایی داهاتبوو! )لەم دیو خۆڵەکەوە لەسەر لا خەڵتانی خۆڵ بووبوو و شاگردەکەشی بە کزۆڵییەکەوە پاڵی دابوو بە تایەکانیەوە و دیاربوو نەفرەتی رەوانەی سەبەبکار دەکرد!. رەنگە ئەم خۆڵە تازەترین ئیبتیکاری خاوەنکارەکە بێ( نازانم شارەوانی بووبێ یا رێگاو بان یا بەڵێندەر!) بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەکان کاری پردی هەوایی سەر جادەکەی نێوان چەمچەماڵ و شۆرشی لێ تێک نەدەن. ئافەرین بۆ خۆت و سەلیقەت بە گەڵابەخۆڵ؟ بەڵام کێ بە کێیە، تەڵەی خۆت دانێ و ئیشی خۆت بکە

ئەمە رووداوێکی هاوشێوەی لە بەریتانیا بیر هێنامەوە. ئوتێلەکەمان لەسەر جادەیەکی سەرەکی بوو لە کانتەربێری، کەنت. بەیانییەک کە هاتینە دەرەوە پارچەیەکی بچووکیان لەشەقامەکە هەڵدەکەند بۆ ئیشی کیبڵ. ئەوەندە ئیحتیاتیان وەرگرتبوو بۆئەوەی کەسێک یا ئۆتۆمبیلێک تووشی کارەسات نەبێ هەموو سەیرمان لێ دەهات. چواردەوری چاڵەکەیان بە لاوانەی پلاستیکی گرتبوو، ئینجا قووچەکی هاتوچۆیان دانابوو. لە دووری زیاتر لە سەد مەتریش تابلۆی ئاگاداری و لەوەش زیاتر ترافیک لایتێکی کاتییان (سەییار) دانابوو بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەکان وریا بن و بەنۆرە بڕۆن!! ئەی خاکت بەسەر تاکی کورد بڵێی کەی ئەوەندە حسابت بۆ بکەن؟

ئەم بێخەمی و قیروسییاییە شتێکی ئاساییە لای خۆمان. کەسمان هەیە نەی بیستبێ خەڵک کەوتبێتە چاڵی ئاوو و زیراب و عەمود و بینا و هەزار جۆر چاڵی ترەوە کە هەڵکەندینان ئاسانە و پڕکردنەوەیان زەحمەت! بێجگە لە کوێرایی داهاتنێکیش هیچی لە پاداشت وەرنەگرتوە! هەر دوێنێ بوو ئۆتۆمبلێکم بینی کەوتە چاڵی ئاوەوە لە شەقامی سابوونکەران. باش بوو تەنیا تایەیەکی تێ کەوت و ئەو خاو رۆشتنەی جەنجاڵی ترافیکی ناوشاریش بۆی بوو بەخێر و زیانی پێ نەکەوت و چەند خێرومەندێکیش دەریان هێنایەوەَ

کەس شۆستەی بینویە مەترو نیوێک بەرز بێ و لاوانەشی نەبێ؟ ئەمەش ئیبتیکارێکی تری ئەم شارەیە. رۆژێکیان لە شەقامەکەی بەردەم ویلادەوە گەیشتمە سەر جادەی قەنات. لەپڕ گوێم لە زرمەو “یائەلڵا” یەک بوو. کە ئاوڕم دایەوە بینیم ژنێکی بەساڵاچوو لە عەباکەیەوە ئاڵاوە و تەختی ئەرز بووە. دەستم دایە دەستی و یارمەتیم دا هەستێتەوە سەر پێ. “بەخوا رۆَڵە چاوم نابینێ!” ژنی خۆڵاوی وتی، “ئەوە تازە لە لیجنە توبییەکەش دێمەوە!”. منیش پێم وت ” خەتای چاوی تۆ نیە، خەتای چاوی شارەوانیەیە ئەو تەڵەیە نابینێ بۆ ئەو خەڵکەی ناوەتەوە ! ئاخر ئەبوایە ئەو شۆستەیە موحاجەرەی هەبوایە، تۆ لە بن دیوارەکەوە دێیت چوزانی لە پڕدا شۆستە تەواو ئەبێ و مەترو نیوێکیش بەرزە!” کارمەندێکی گەنحینەکان لەو کاتەدا گەیشتە لامان و وتی “بە خوا کەم رۆژ هەیە خەڵکی لێوە نەکەوێتە خوارەوە!” زۆر کەس ئەزانن تەمەنی ئەم تەڵەیە چەند ساڵە بەڵام مەگەر بەس راوچییەکەی بزانێ گەلە لە چەندە، بۆیە تا ئەو کاتە کە بە جادەی قەناتدا دێنەوە وریای خۆتان بن

شۆستەکانی تر وەنەبێ زۆر لەمە باشتر بن. کام لە ئێمە لەسەر قادرمەکانی شەقامی پیرمێرد و ئەوانی تر کە بەناهەق پێیان دەوترێ شۆستە، سەرسمی نەداوە؟ خۆ ئەگەر یەک سات چاوت خافڵ بێ لەبەرپێت ئەوا ئەگەر زوو نەیەیتەوە هۆش رەنگە لە دوکانەکەی ئەولاتر بدەی لەزەوی! ئەگەر ناچار بوون بەسەر شۆستەکاندا برۆن، وریابن ئەو تەڵانە بۆیە دانراون قاچتان بگرێ و تووشی ئینزیلاقتان بکات! بۆ نەگبەتی شۆستەرەوەکان و کارایی تەڵەکانیش، هەندێ دوکاندار بەر دووکانی خۆیان داوە لە هەسان یا بڵێین بۆ جوانی مەڕمەریان کردووە!)

لەم بەینەدا ریپۆرتاجێک لە سەرهاتوچۆ بڵاوکرایەوەو ئەو تاسانەی کە لەسەر جادەکان دروستیان کردوون. هاووڵاتییەک دەستی بۆ تاسەیەکی قیری دەسکرد راکێشا و بە کامێراکەی هاتوچۆی وت ئەم تاسەیە بووەتە هۆی روودانی حەوت هەشت کارەساتی ئۆتومبیل!! تاسە کە بە حساب بۆ ئەوە دروستکراوە گیانی خەڵک بپارێزێ، خەڵکی تێدا سەرو ماڵ وێران دەبێ! ئەی ئەمە تەڵە نیە چییە؟ لەوباوەرەدام ئەم تەڵانە بەردەوام دەبن لە گرتنی قاچی نێچیرەکانیان چونکە بەراستی تەڵەن بەو بەڵگەیەی تا نەگەیتە سەریان پێیان نازانی. هەرچەندە هەندێ لەم تاسانە کەچە بۆیەیەک کراون (هەر بۆ دەفعی مەلامەت) بەڵام ئەگەر بگەیتە سەر تاسەیەک کە چلەی بۆیەکردنی چووبێ، لە ئۆتۆمبیلەکە سەر بەریتە دەرەوە و جوان لێی وردبیتەوە ئینجا رەنگە بتوانی بڵێی “بەمەزەنەی عەقڵم ئەمەیان بۆیە کراوە”

کە لەماڵەوەین، کە دێینە کۆڵان، کە بەسەر شۆستەکاندا دەرۆین، کە شتی بازار دەکڕین، کە ئۆتۆمبیل داژۆین، کە دەچینە سەیران، بەکورتی هەر ساتێک هەوای ئازادی ئەم نیشتمانە بێنازە هەڵدەمژین ئەبێ چلوەروانی ئەوەبین میردەزمەی بەڵایەک ملمان بگرێ و بەلایەکدا هەڵمان دێرێ. لەناو ماڵی خۆشماندا بەڵا هەر بەدوامانەوەیە. ئەوەتا هەموو بینیمان ئەم هاوینە ئاو چی پێکردین. رۆژێک ژەنگاو، رۆژێک زەرداو، رۆژێک خڵتەو لیتەو قوڕاو، یا حەسرەتی یەک قەترە ئاو! کۆلێرای دەم داچەقاویش نەک هەر شایەتی دا لە فەشەلی سیستەمی ئاو بەڵکو لە هی خزمەتگوزاریی هەڵوەشاو !

ئەی ئەم بوتڵە غازانە؟ ئەم داماوانە ئەوەندە پیرن سەریان لە گوێ قەبر ئەلەرزێ و ئەوەندەش لەسەر پیکاب و لۆریەوە فرییان داونەتە خوارەوە ئازای ساغیان نەماوە. زۆربەیان توانای ئەوەیان نەماوە لەسەر پێ راوەستن و گەلێکیشیان هەوایان پێ راناگیرێ. هەموو ماڵێک لەم بۆمبا کاتییانەی تێدایە و کەم رۆژ هەیە بە داماوێکدا نەتەقنەوە ! کەچی حکوومەت هەر مێشێکیش میوانی نیەَ! ئەگەر لە وڵاتی خواپێداواندا  بوتڵێکی سەقەت بکەوێتە بازارەوە ئەو دنیا نیشانی کۆمپانیای بەرپرسی دەدەن، بەڵام لە وڵاتی داماواندا ئەبێ شوکری خوا بکەی کە ئەم بەڵایەت بەهەزار منەت و کۆڵێ پارە لە لۆریەکەوە بۆ فرێ دەنە خوارەوە

لەسەر خواردنیش قسە زۆرە! هەموو باسی خراپی ئازووقە دەکەن و دەوترێ خەتای ئێمە نیە، خەتای بەغدایە!! ئەی بازاری ناوخۆ؟ ئایا دڵنیانی لەو ئاوەی دەی خۆینەوە؟ ئایا شلەمەنی و شیرەرمەنی و ئەو گۆشتە بەستووانەی لەبازاردان و هەندێکیان لەوپەرَی دنیاوە دێن، مەرجی تەندروستییان تێدایە؟ رەنگە بەڵام کەس ئەتوانێ بە دڵنیاییەوە بڵێ. من خۆم قەناعەتم نیە، ناتوانم بەخۆم قایل کەم لەم سەردەمی نەبوونی کۆنترۆڵ و کێبەرکێی پارەو گەرمەی خاتروخۆترەدا، خواردنی سەقەت و گۆشت و مریشکی نەخۆش و تۆپیو نەکەوێتە بازارەوە! یا ئەڵێم لەم بێ کارەباییەدا قابیلە ئەگەر کابرا فرێزەریە گۆشتەکەی خاوبۆوە، فڕێی بدات؟ یا ئەگەر هەزار مریشک تۆپین فرێ بدرین؟ من تا گۆشتی زیندوو دەست کەوێ ئەڵێم حەیفە گۆشتی بەستوو بەکار بێنێ هیچ نەبێ زیندووەکە لەبەرچاوتەو و ئەزانی چییە و چۆنە! من خۆم مریشکی دەواجنێکی زۆر مەشهورم کڕیوە لایەکی رەش بۆتەوە و بردوومەتەوە بۆ دووکاندارەکە. بستەی زەردانەم کڕیوە کەچی کە لە سەیران کردوومەتەوە سەیر دەکەم لە بنەوە بە ئوستادانە یەکاڵایان کردۆتەوە و بستەیەکی سەقەتیان تێکردووە و دایان دووریوەتەوە! ئەگەر چاوی تیژو بێ باک و بێ خاتروخۆتری کۆنترۆڵ نەبێ قەت بازاڕ بەو شێوەیەی پێویستە مەرجی تەندروستی تێدا نابێ! تا ئەو کاتەی ئەم چاوە دەکەوێتە گەڕ، هەیهوو، ئەبێ خۆمان وریا بین، چار چییە؟

بەکورتی ئێمە وەک ئەوە وایە بە دەشتێکدا گوزەر بکەین کە موڵکی راوچییانە و چێنراوە بە تەڵە. کەس وەک خۆمان خەممان ناخوات و لەوەش ناچێ کەس بەتەمابێ بەم زووانە ئەم تەڵانە بچنێتەوە. خۆتان وریای خۆتان بن و تا ئەو کاتەی داودەزگا پەیوەندیارەکان ئەتوانن دڵنیاییەیەکی باشترمان پێ ببەخشن، چاوێک بکەن بە هەزار چاو و وریای بەرپێ و هەنگاوەکانتان بن. 2007 نووسراوە
***


ئابروو کە تکا

ئابڕوو کە تکـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــا
لە کۆمەڵگای بچووکی گوندنشیندا کە تاک بەستراوەتەوە بە تۆرێکی تێکئاڵاوی پەیوەندییە خزمایەتی و عەشایەریی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، پابەندبوون بە بەهاکانی ئەو کۆمەڵگا بچووکەوە بەشێکە لە پرۆسەی بەردەوامبوونی گوزەرانی نۆرماڵی تاک و کۆمەڵگا. ئەم بەهایانە گەرچی رەنگە هەندێکیان بە پێوەری شار و یاساکانی جێگەی گومان و قسەلەسەرکردن بن، بەڵام لە سەرەدەمێکدا کە یاسایەکی نووسراو نەبێ هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگا رێک بخات، ئەم بەهایانە دەورێکی گرنگ دەبینن لە هێشتنەوەی ریتمی (نۆرماڵی) کۆمەڵگا و تاکەکانیدا. سنوورەکانی ئەم بەهایانە گەرچی وەک یاسای نووسراو، روون و ئاشکرا نین، بەڵام هەموو تاکێک لەگەڵ گەورەبوندا، وردە وردە فێردەبێ ئەو سنوورانە بناسێتەوە و هەوڵ بدات لە چوراچێوەیان دەرنەچێ بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەر تانەو تەنانەت نەفرەتی کۆمەڵگا. ریشەی ئەم بەهایانە رەنگە لە مێژوو و ئایین کلتوور و ویژدانی تاک و کۆمەڵگادا داکوترابێ بێ. بە مانایەک ئەتوانین بڵێین قەڵەمرەوی بەهاکانی کۆمەڵگا بریتییە لە گۆرەپانی “ئابڕوو”، دەرچوونیش لەم قەڵەمرەوە تەسکە و بەزاندنی سنوورەکانی بە لای کۆمەڵگاوە بریتییە لە “ئابروو تکان”. لە کۆمەڵگای بچووکدا “ئابڕوو تکان” گەورەترین نەفرەتی گشتە بۆ ئەو تاکانەی کە بەشێوەیەکی زەق و ناشایستە و ئابرووبەرانە(هەڵبەتە لە دیدگای کۆمەڵگا خۆیەوە) بەهاکانی پیشتگوێ دەخەن. تاک بۆئەوەی لەم نەفرەتی ئابڕوو تکانە بەدوور بێ ناچارە، پێی خۆش بێ یان نا، کەم تازۆر لە چوارچێوەی تەوەقوعاتی کۆمەڵگادا بمێنێتەوە و کاری “ئابرووبەرانە” نەکات. کاری ئابرووبەرانە رەنگە شتی سادەی وەک “با لێ بەربوونەوەیەک بێ” تا کاری دژ بەکۆمەڵگای وەک فڕوفێڵ و دزی و بەدرەوشتی شتی تر. کۆمەڵگا هەر لە منداڵیەوە تاک لە مەترسی ئەم نەفرەتە وریا دەکاتەوە وەک پێشینان وتوویانە “ئابروو قەترەیەکە کە تکا تکا.” ویستوویانە بە تاکەکان بڵێن وریا بن لە بەهاکانی کۆمەڵگا لامەدەن ئەگینا یەک جار بەسە و کە ئەو هەڵەیەت کرد و بەر نەفرەت کەوتی ئیتر نابیتەوە بە کەسێکی (نۆرماڵ) لەناو کۆمەڵگادا. دیارە ئەم ئاگادارکردنەوەیە هەمیشە کاریگەر نەبووە و کەسانێک هەر هەبوون کە گوێیان بە نەفرەتی کۆمەڵگا نەداوەو ئابرووتکانیان بە (رۆحێکی ریازییەوە) قەبووڵ کردووە و لەسەر بەزاندنی بەهاکان بەردەوامبوون، بەڵام عادەتەن ئەمانە متمانەی تاکەکانی تریان لەدەست داوە و کۆمەڵگا هەرگیز بە هاوسۆزییەوە سەیری نەکردوون.

بەم شێوەیە ئەم “ئابرووتکانە” لەگەڵ ئەوەشدا کە زوڵمێک بووە بەرامبەر بە تاک و لەگەڵ بنەمە هاوچەرخەکانی مافی مرۆڤدا ناگونجێ بەڵام لە شوێنێکدا کە یاسایەکی نووسراوی بەکار نەبێ بەو کارە هەستێ، ئەمە پێدەچێ میکانیزمێکی کاریگەرو بەسوود بووبێ بۆ سەقامگیری و مانەوە و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا. کاتێ کۆمەڵگا گەورەدەبێ و تاکەکان لە پێشینەی جۆراوجۆرەوە تێکەڵاو دەبن لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی فراوانتر و فرەبەهایی دا ئامێتە دەبن، ئەوا سنوورەکانی بەهای کۆمەلگا بچووکەکەی جاران کاڵ دەبنەوە و مەودای بزووتنی تاک و بەو مانایەش، ئازادیی رەفتارکرنی، فراوانتر دەبێ و بەهەمان ئەندازەش قەڵەمرەوی “ئابرووتکان” گەورە دەبێ، واتە تاک دەتوانێ لە گۆرەپانێکی گەورەتردا هەڵبسووڕێ بێ ئەوەی تووشی “ئابروو تکان” ببێ. لەم ژینگە شارنشینییەدا کە تەلبەنی ئابرووتکان ئەو دەورە گرنگەی نامێنێ بتوانێ رەوتی (نۆرماڵی) ژیانی کۆمەڵگا بپارێزێ، زەرورەتی یاسای نووسراو زیاتر هەستی پێ دەکرێ. تاکەکان ئەگەر وەک جاران لەبەها کۆمەڵایەتییەکان و نەفرەتی کۆمەڵگا نەترسن ئەوا پێویستە یاسایەکی نووسراو هەبێ سنوورێکیان بۆ دابنێ ئەگینا
ماویەتی بەس تاقەت نەماوە


نۆ بەشەکەی خۆم

چارەسەرەکانی حکومەتی هەرێم بۆ قەیرانی دارایی ئەم  حیکایەتە بیرپیاو دەخاتەوە. دەگێڕنەوە ئاغای گوندێک ئەوەندە باغ و عەیش و نۆشی دەبێت ئاو بەشی ناکات. پیاوەکانی بانگ دەکات و پێیان دەلێت بچنە سەرچاوەی کانیەکە و بیکەن بە دەبەشەوە. نـۆ بەشی داشکێنن بۆ من و بەشەکەی تری با بچێت بۆ ئاوایی. پاش ماوەیەک خەڵکی گوند بێئاوی پەرێشانیان دەکات و هاواریان لێ هەلدەستێت و دادیان دەبەنە لای ئاغا. ئاغا ش دەڵێ بەسەر چاو بۆتان چارە دەکەم. دیسان پیاوەکانی بانگ دەکات و دەلێََ بچن ئەم کێشەی بێئاوییەی ئاوایی چارە بکەن. دەلێن قوربان چۆن؟ دەسکاری سەرچاوەکە بکەین؟  دەڵێ  چی دەکەن بیکەن بەڵام دەسکاری نۆ بەشەکەی من مەکەن ، بزانن ئەوبەشەی خۆیان لەکوێ بەفیرۆ دەچێت رێکی خەنەوە بەڵکوو  بێدەنگ بن

!!!!


Ideology

When thinking turns into an ideology, name it nationalism, communism, religion whatever, that believes it is the ONLY RIGHT solution for all situations and gives itself the right to judge people on that basis, human dignity and justice turn into wishes!


Leave a comment

یادكردنه‌وه‌ له‌ دڵه‌وه‌

ئه‌مرۆ كه‌سوكاری یه‌كیك له‌شه‌هیده‌كانی كیمیابارانی سێوسینان له‌ چاوپیكه‌وتنیكی ته‌له‌فزیۆنیدا وتی من له‌ ژیانمدا یه‌كجار چووم بۆ مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌…. ئه‌بێ به‌رپرسان ئه‌وانه‌ی ئه‌م یاده‌ ریك ده‌خه‌ن له‌خۆیان بپرسن بۆچی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌بووایه‌ له‌هه‌موو كه‌س زیاتر نزیك بوون به‌و رووداوه‌ و تیایدا ژیاون و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی قوربانییان داوه‌ ئه‌وه‌ها بێزارن له‌ یادكردنه‌وه‌ی یه‌كیك له‌ گه‌وره‌ترین رووداوه‌كانی ژیانیان!
تیگه‌یشتن له‌ هه‌ستی ئه‌وژنه‌ كاریكی سه‌خت نیه‌.. ئه‌و به‌هیچ جۆریك نه‌ ئه‌و رۆژه‌ی بیرچۆته‌وه‌ و نه‌ ده‌تونێت له‌بیری بكات.. ئه‌وهه‌تاهه‌تایه‌ وه‌ك پارچه‌یه‌ك له‌ په‌یكه‌ری وجودی خۆی ته‌ماشای ئه‌و رۆژه‌ ده‌كات و رۆژانه‌ یادی ده‌كاته‌وه‌ شانازی به‌ قوربانییه‌كانی كه‌سوكارییه‌وه‌ ده‌كات. به‌ڵام ئه‌و به‌هیچ جۆریك رازی نیه‌ چه‌ند (غه‌ریبه‌یه‌ك) كه‌ هه‌ندیكیان به‌راستی نامۆن به‌و رۆژانه‌ و و ته‌قدیریشی ناكه‌ن، هه‌ندیكیشیان كوری ئه‌و رۆژانه‌ن به‌ڵام نامۆكه‌وتوون به‌ هه‌ستو سۆزی قوربانیانی رووداوه‌كه‌، بێنه‌ سه‌ر سه‌كۆ و قسه‌ بۆ ئه‌م بكه‌ن و لاف و گه‌زاف لیبده‌ن. ره‌نگه‌
ناخۆشترین كاتی بیرهینانه‌وه‌ی ساته‌ كۆنه‌كانی ژیانی تۆ ئه‌و كاته‌ بێت كه‌ كه‌سیكی تر به‌ بێ گویدانه‌ هه‌ستونه‌ستی تۆ یادی بكاته‌وه‌ و خۆی پیوه‌ بابدات….
له‌ یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی وا مه‌زندا پیوسته‌ (ئه‌كته‌ره‌كانی) ئه‌و كاره‌ساته‌ قسه‌ بكه‌ن و بیره‌وه‌ری خۆیان بگێرنه‌وه‌ و خه‌لكی تر گوێ بكرن چونكه‌ هه‌موو قسه‌یه‌كی ئه‌وان له‌ قووڵایی دله‌وه‌ ئاوێته‌ به‌ گه‌رمترین هه‌ست و سۆز دێته‌ ده‌ره‌وه‌
نه‌ك به‌رپرس و كه‌سانی نامۆ به‌و رووداوه‌ بچنه‌ سه‌ر سه‌كۆ و په‌خشانی سیاسی بخویننه‌وه‌ و قسه‌ی بێگیان و بێسۆز دووباره‌بكه‌نه‌وه‌.هه‌ندێك له‌مانه‌ كه‌ باسی كیمیابارانی سیوسینان یا هه‌ر كاره‌ساتێكی تر ده‌كه‌ن و خۆیانی پیوه‌ باده‌ده‌ن ره‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ زه‌حمه‌تیان به‌خۆیان نه‌دابێت ئه‌و كه‌سانه‌ ببین و به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئازاریان چه‌شتووه‌، هه‌تیو كه‌وتوون، كه‌سوكاریان شه‌هید بوون، یان ئه‌وانه‌ی ژیانی خۆیان خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و كۆمه‌كی قوربانییه‌كانیان كردووه‌ و دووریان خستوونه‌ته‌وه‌، چاره‌سه‌ریان كردن یان به‌ته‌واوی ئاراسته‌ی ژیانیان گۆراوه‌.ئه‌وان زیاتر حه‌زده‌كه‌ن بچنه‌ سه‌رگۆره‌كان.، تاجه‌ گولینه‌یه‌ك دابنین یان سه‌یری
چه‌ند تابلۆیه‌كبكه‌نه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌مانه‌ بێده‌نگن و بێگیان.
وادیاره‌ ئه‌م یادكردنه‌وانه‌ به‌لای لایه‌نی ریكخه‌ره‌وه‌ ته‌نیا تۆماركردنی چالاكییه‌ك و له‌كۆڵكردنه‌وه‌یه‌ك بێت نه‌ك نیشاندانی دلسۆزی بۆ مسه‌له‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی تیدا زیانمه‌ند بوون یان كاریگه‌رییه‌كیان هه‌بوو له‌ كه‌كردنه‌وه‌ی زیانه‌كانیدا.
******


Leave a comment

Tenya u naume’d

تەنیاو نائومێد

سەدان هەزار ساڵە مرۆڤ هەڵوەدایەو بەدوای بەختیاریدا دەگەرێ. یەکەمین باپیرەکانی کە کەوتنە تەک یەکتر و قەدیان راست کردەوە و دەست و ئینجا وردە وردە مێشکیان خستەکار، کەتنە هەڵپەی بەدەستهێنانی ژیانێکی تر لەکاتی ئێستایان واتە کەوتنە خەیاڵی داهاتوو. رەنگە لەم خەیاڵ و هەڵپەیەدا زمان یان بەگشتی مێشکی بیرکەرەوە کارا بووبێ چونکە بە بێ زمان مرۆڤ نەیدەتوانی رابوردوو بێنێتەوە یاد و داهاتوویەکی رەنگینرتر بۆخۆی بەرجەستە بکا، پیلان و نەخشەی بۆ دانێ و ماسولکەکانی بخاتە کار بۆ جێ بەجێکردنی خەیاڵەکانی.  لەراستیدا پێ دەچێ مێشکی بیرکەرەوە لەهەمان کاتدا سەرچاوەی هەموو بەختەوەری و کوێرەوەرییەکانی مرۆڤ بێ.

مرۆڤ کەلەگەڵ پەیدابوونیدا هەموو غەریزەکانی ئاژەڵی بەمیرات بۆ جێ ماوە، بەهۆی مێشکە فێڵبازەکەیەوە دەکەوێتە دارشتنی جۆرەها نەخشەی ترسنۆکانەو ئازایانە بۆ تێرکردنی غەریزەکانی بەچاکترین شێوە و بەدەست هێنانی زیاترین لەززەت لە هەموو بوارێکی مومکیندا: باشترین و زیاترین خواردن، جوانترین و زیاتین هاوئامێز، خۆشترین شوێن، باشترین چەک، باشترین ئەشکەوت… مرۆڤی تێرنەخۆر کە غەریزە بنەرەتییەکانی تێر دەبن ئینجا دەکەوێتە خەیاڵات و غەریزەکانی وردترو وردتر دەکاتەوە: لەجیاتی سک تێر کردن دەگەرێ بزانێ چ خۆراکێ خۆشترە و کەمتر دەست دەکەوێ و هەرسی ئائاسناترە. لەجیاتی ئەشکەوت خانوو و جۆرەها دیکۆر، لەجیاتی پێستی ئاژەڵ جلوبەرگی ئاوریشم، لەجیاتی هاوئامێز جۆرەها وردەکاری سێکسی. بەکورتی مرۆڤ هەرگیز رازی نابێ و هەمشە هەڵپەی هەنگاوی داهاتوویەتی. هەڵبەتە ئەمەش لەگەڵ گەورەبووندا ئاڵۆزتر دەبێ  و لە کوێرەکانییەکەوە دەبێـە چۆمێک و لە چۆمەوە دەبێتـە روبار و لەروبارەوە بۆ دەریاچە.  تا ئەوەی مرۆڤی بەدبەخت لە دەریای تێرنەخواردووی ئارەزووەکانیدا سەرگەردان دەبێ و بەهەر چوارلادا دەست و پەل دەکوتێ.

بەڵام ئادەمیزاد چۆن دەتوانێ هەموو ئارەزووەکانی تێر بکات لەکاتێکدا تەنیا نیە بەڵکوو لەناو هەزاران مڵۆزمی وەک خۆیدایە کە هەریەکە لەوی تر زیاتر پەلەی سبەینێیەتی و هەلوەدای  پچرینی زیاترین بەش لە مەوزوعی غەریزەکانیەتی. مەوزوعی غەریزەش چ خواردن بێ چ سێکس و چ پلەو پایە، سنوودارەو بەیەکسانی بەشی ئەم هەموو داواکارە ناکات!! لەراستیدا ئەگەر بەشیشی بکردایە، ئەگەر مومکین بوایە هەموو ئارەزووەکانی هەموو مرۆڤەکان تێربرکرایە هێشتا باوەر ناکەم لایەنی کەم ئارەزووی هەندێ لەو مرۆڤانە دابمرکایەتەوە کە غەریزەیان لە خەڵکی ئاسایی زیاتر زاڵە بەسەریاندا. بەراستی لەوەدەچێ شەهوەتی مرۆڤ (بەرامبەر بە غەریزە بەگشتی) قابیلی رازی بوونی هەمیشەیی نەبێ و مرۆڤ لەچارەی نووسرابێ هەتا هەتایە بە برسێتی بمێنێتەوە و بەرەو نائومێدی و کوێرەوەری بچێ.

ئەمرۆ هەر قوتابییەک بگری بەئەندازەی هەموو فەیلەسووفەکانی یۆنانی کۆن دەربارەی زەمین و زەمان و ئاسمان و لەشی مرۆڤ و …. دەزانێ. زانیاری بە ملیۆنان جار پەرەی سەندووە و لە داهاتووشدا منداڵان گاڵتە بە ئاستی زانیاریی زاناکانی ئەمرۆ دەکەن. بەڵام سروشتی مرۆڤ: خۆپەرستی، تەماع، غەریزە، توورەیی، ئارامی.. بەکورتی رەفتارو و تەبیعەتی مرۆڤ گۆرانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە. دەیان هەزار ساڵ پێش ئێستا چۆن راوچییەک لەسەر نێچیر، شوانێک لە سەر لەوەرگا، پیاوێک لەسەر دەسەڵات یا ژنێک لە ئەویندا کاردانەوەیان نیشان داوە لە شێوەی توورەیی و رق و تۆڵەو لەخۆبوردندا، وەڵامی مرۆڤی ئەمرۆش لە هەلومەرجی لەوجۆرەدا هەمان هەڵچوون و داچوونەکەی جارانە گەرچی رەنگە لە بەرگێکی کەمێ جیاوازدا بێ.

مرۆڤی تێر نەخۆر بەو سروشتە خۆپەرستەیەوە لەناو هەزاران مرۆڤی خۆپەرستی وەک خۆیدا لە کاتێکدا ئیمکانی هەلومەجی یەکسان وجوودی نیە، چۆن دەتوانێ هەست بە ئاسوودەیی بکا؟ چۆن تەنیا نابێ؟ چۆن نائومێد نابێ؟ لەوەدەچێ دوودڵی و تەنیایی و نائومێدی بەئەندازەی تەمەنی مرۆڤایەتی کۆن بن. رەنگە لەگەڵ پەیدا بوونی مێشکی بیرکەرەوەدا پەیدا بووبن و هەرگیز کۆڵی مرۆڤ بەرنەدەن. مرۆڤایەتی هەر لەکۆنەوە دەرکی بەم تەنیایی و نائومێدییە کردووە و هەستی بە پووچی ژیان کردووە بەڵام ناچار بووە بژی، کاربکات، هەوڵ بدات، گەورەببێ، ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی جێبەجێ بکا وبمرێ. لەگەڵ ئەوەشدا نائومێدی و تەنیایی هەمیشە لەناو دڵیدا لانەیان هەبووە و ناوەناوە بە هەوەری کارو عادەت داپۆشراون. مرۆڤ بیست ساڵ، سی ساڵ، پەنجا ساڵ سەرومڕ سەگ مەرگ کاری کرووە و سەرەنجام لەخۆی پرسیوە بۆچی، لەپای چی؟ کۆتایی کە هەر مردنە، فەنابوون!!! کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هەر  کۆڵی نەداوە چونکە وای لێ چاوەروان کراوە ئەمیش ئەبێ وەک هاوزمانەکانی تا دەمی مەرگ هەڵپەی بێ. ئەوساش کە دەمی کراوەی گۆڕ لاشەی کرم تێداوو فەرامۆشکراوی هێناوەتە یادی، دڵی بەتروسکەی زیندووبوونەوە خۆش کردووە بەلکوو ئەو ئارەزووانەی کە لە دنیای خاکیدا بۆی تێر نەکراون، لەدنیای جاویداندا بەدی بێنێ. بەڵام هێشا لەقووڵایی دڵیدا نائومێد بووە و دەستپاچە بۆیە هەرگیز بەدڵ ئامادەی مردن نەبووە.

مرۆڤی چارەرەش لەم سەفەرەیدا تەنیا بووە. مەگەر چۆن توانیویەتی تەنیا نەبێ لەکاتێکدا هیچ هاورێیەکی ئەبەدی نەبوو ئارەزووەکانی لەگەڵ بەش بکاو چارەنووسی ببەستێ بە چارەنووسیەوە و لەدەرەنجامی حەتمی، لەمەرگ، رزگاری بکات؟ راستە دۆستانی هەبوون بۆ گفتوگۆ، بۆ شەونخوونی، کارو هاتوچۆ و تەنانەت هاورێی فیکریش، بەڵام ئەمانە ئەو هاورێ ئەبەدییانە نەبوون کە قوڵ بکەن بە قۆڵی (من) دا و لێی جیانەبنەوە. کاتێ بەرژەوەندی (من) یانی هەمان خۆپەرستیی ئەبەدیی مرۆڤ کەوتۆتە مەترسییەوە، ئەوسا تەنیایی باوەشی بۆی کردۆتەوە و بۆی دەرکەوتووە ئەوانەی لەخەیاڵێکی رێگوزەردا دۆستانێکی گیانی بوون، بێگانە بە (من) بوون بە رشتەیەک ئارەزووی لەکەمیندا وەستاوەوە. بەراستی کام دوو هاورێ، کام دووبرای گیانی، کام دوو هاوبیر، دوور لەچاوی خەڵکی لە ناخی دڵیاندا جارجار هەست بەوپردەی نێوانیان ناکەن کە هەرگیز قابیلی پەرینەوە نیە بۆ هەردووکیان.

لە کۆنەوە مرۆڤ هەستی بەم خۆپەرستی و تەنیایی و جوداییە کردووە و هەوڵی داوە لە رێگەی پەیداکردنی بەرژەوەندی هاوبەشەوە خۆی لە تەنیایی رزگار بکات یانی (ئێمە) بخاتە شوێنی (من). گوایە ئازادی و سەرفرازی ئینسانیان لەم جێ گۆڕکێیەدا دیوەتەوە. بۆئەمەش خێزان، خێڵ، کۆمەڵگا، ئایین، دەستەوحزبی جۆراوجۆر دروست بوون. لەناو ئەم کۆمەڵانەدا هەمیشە هەوڵ دراوە (من) بخرێتە  ژێر رکێفی (ئێمە) وە و (ئێمە)ش بەرامبەر ئەم تەسلیم بوونەی (من)، (من) لە تەنیایی رزگار بکات. گومان لەوەدا نیە (من) کەڵکی لەم مامەڵەیە وەرگرتووە و لەزۆر بورادا ژیانی بۆ ئاسان کردووە. لەمەشدا (من) ـە فێڵبازەکان ئەوانەی هەولومەرج باشترین فرسەتی پێ داون،زیاترین بەشیان بەرکەوتووە. بەڵام ئەم مامەڵەیە لەسەر حسابی بێبەشکردنی (من) بووە لەهەندێکی تری ئارەزووەکانی. جگە لەوەش تەنانەت لە ناو (ئێمە) شدا مرۆڤی تەنیا لە کابووسی تەنیایی رزگاری نەبووە مەگەر بۆ ماوەی کەم کاتێ (من) بەتەواوی لەناو بۆتەی (ئێمە)دا تواوەتەوە و ئارەزووەکانی فەرامۆش کراون. ئەڵبەتە ئەم ماوانەش زیاد نەبوون و کەسانێکی کەم توانیویانە پێی بگەن و لەمانیش بەدەگمەن بەدرێژایی ژیانیان بڕیان کردووە. رێگەیەکی بەدەوامتر بۆ دەبازبوون لەم تەنیایی و نائومێدییە کە مرۆڤ لە کۆنەوە پەیی پێ بردووە گەڕانەوە بووە بۆ خود بەمەبەستی دابەزاندنی ئاستی خواستەکانی خود و دوورەپەرێزی لە ململانێی خواستەکان، بە مانایەکی تر چاوتێری و زوهد.

بەکورتی مرۆڤ لەوساوەی چەمکی رابوردوو و داهاتوو لە مێشکیدا گەڵاڵە بووە هەمیشە تەنیا بووە و نائومێد. هەموو هەوڵەکانیشی لە پێکەوەنانی خێزان و کۆمەڵ و حیزب و ئایین و دامودەزگا کۆمەلایەتییەکاندا نەیان توانیوە لەم تەنیایی و نائومێدییە رزگاری بکەن چونکە مرۆڤ نە دەتوانێ دەست لە غەریزەکانی خۆی هەڵ بگرێ، نەدەتوانێ خۆی لە مێشکی بیرکەرەوەی خۆی و کاریگەریی سیلبیی بە ئەنجام گەیشتنی غەریزەکانی هاورەگەزەکانی رزگار بکات. تازە ئەگەر کەسێ بتوانێ خۆی لەخەڵکی دابڕێ و بە تەنیایی لەدووی بەختیاری بگەرێ بە کوێرە رێ دەگا چونکە ئەنجام دانی هەندێ لە غەریزەکانی لە تەنیاییدا مەحاڵە. خۆئەگەر یەک جووت مرۆڤی تەنیاش پێکەوە بژین ئەوا پاش ماوەیەک رەنگدانەوەی خۆپەرستی و غەریزەو رەفتاریان ئاسوودەییان لێ دەشێوێنێ. ئەمە جگە لەوەی مێکشی فەرد هەرگیز ناتوانێ خۆی لە ئەفکاری نائومێدکەری تەنیایی و فەنابوون و چەمکی داهاتوو دووربخاتەوە. تەنیایی و نائومێدی(پووچی) دوو حوکمی ئەبەدین، رزگاربوونی بنەرەتی تەنیا بە رزگاربوونە لە وجوود، یانی مەرگ.

هەڵبەتە ئەمە مانای ئەوەنیە فەرد هەمیشە و هەمووساتەکانی ژیانی نائومێد و تەنیاو دۆش داماو بەسەر بەرێ. ئەگەر وابووایە مرۆڤایەتی بەهچ نەدەگەیشت. مرۆڤ بەحوکمی عادەت و سەرگەرمی و چاوەروانی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە بەر لێشاوی عاداتی رۆژانەو بە ئیختیار یان بێ ئیختیار دەکەوێتە گەڕو گوشاری واجیب سروشتی ئەسڵی و خەیاڵاتی تەنیایی و نائومێدی لەبیر دەباتەوە و بەرواڵەت خۆشحاڵ و بەختەوەرانە ئەو ئەرکانە جێ بەجێ دەکا کە لێی چاوەروان دەکرێ. جارجاریش کە دێتەوە سەرخۆی لە تەنیاییدا، دوور لە هەراو هوریای فەرمانەکانی ژیانی رۆژانە، دەکەوێتە بیرکرنەوە. پووچی ژیانی خۆی و ئەوانی تر و تەنیایی هەموولایەکی بیر دەکەوێتەوە. بەسەر هیڵی پەی پێنەبراوی تەمەنەو تاس دەیباتەوە کە نازانێ بەرەو کوێ دەچێ و کۆتایییەکەی کەیە! بەسەر تەپۆڵکەی ئارەزووە بەدی نەهاتووەکانیەوە تاس دەیباتەوە کە نازانێ بۆچی هەن و چییان لێ بەسەردێ! بەسەر حەسرەتی لەچاو ئەما بەختەوەرەکانی هاورەگەزییەوە تاس دەیباتەوە! تاس دەیباتەوە و خەریکە وەک رنۆی بەفر بەرەو هەڵدێری نائومێدی داڕمێ بەڵام…. بەڵام کتوپڕ هۆش دەکاتەوە کەوا مەحکوومە بە ژیان بۆیە قۆڵی لێ هەڵدەماڵێ و دەست پێ دەکاتەوە.

مازەندەران 1992
Nasihqeredaxi @yahoo.com

****
تێبینی: ئەم بابەتە رامانێکی تەنیاییە و لەراستیدا نامەیەکە لە ئاوارەیی دوای ئاودیوکراندا بۆ هەڤاڵی پێشمەرگەم  (د. جەلال عوسمان ) ناردووە.


Leave a comment

Shailoxani merran

شايلۆغانى مه‌‌ڕان

تێبینی: ئه‌مه‌ ده‌ربڕینێكی حیكایه‌تئاسا‌ى هه‌ستی نووسه‌ره‌ له‌ گه‌رمه‌ى ئاوديوكردندا وه‌ك نامه‌یه‌ك بۆ بۆ هاوڕێی به‌رێز كاك سه‌ردار فه‌تاحم ناردبوو‌.

ده‌باره‌ی گه‌له‌ی بێ شوان و شوانی نائینسان، ره‌وه‌گورگی برسیی بێ ویژدان و باڕه‌و باعه‌ی مه‌ڕی نیوه‌گیان، فۆلكلۆری مه‌ڕان پڕه‌ له‌ به‌سه‌رهات و ئه‌فسانه‌ی پڕعیبره‌ت و جوان. ده‌گێڕنه‌وه‌ دێرزه‌مان له‌ دۆڵێكدا كه‌ كێوی بڵندی دیوارئاسا موچڕكه‌ی له‌رزی له‌ بناری خۆرنه‌دیودا ده‌خوڵقاند و ئاسمان ئه‌وه‌ندی بۆ بارینی نه‌فره‌تی خوا پێویست بێ به‌دی ده‌كرا، ده‌نگ ته‌نیا له‌گوێی خاوه‌نیدا ده‌زرنگایه‌وه‌ و گوێچكه‌ ترپه‌ی پێی مێرووله‌ی ئه‌وپه‌ڕی دنیای ده‌بیست… له‌ دۆڵێكی ئه‌فسانه‌یی ئاوادا ده‌گێڕنه‌وه‌ دێرزه‌مان گه‌له‌گورگێكی چاوسوور په‌لاماری مه‌ڕان ده‌ده‌ن.

ژماره‌یان بێ سنوور

كه‌ڵبه‌ تیژ و رق ئه‌ستوور

گورگی له‌خوا بێ خه‌به‌ر

ڕانه‌ مه‌ڕ ده‌ده‌نه‌ به‌ر

نه‌ یه‌ك نه‌ دوو نه‌ هه‌زار، هه‌تا ده‌توانن ده‌كوژن، هه‌تا ده‌توانن ده‌خۆن. ئه‌وی باره‌ی بێ ده‌خورێ، ئه‌وی ده‌ستی بێ ده‌برێ، ئه‌وی قاچی بێ ده‌خرێ. به‌م جۆره‌ سایه‌ی گورگ و‌ڵاتی مه‌ڕان تاریك ده‌كا و بۆتی گورگ تێكه‌ڵی هه‌وا ده‌بێ و كه‌س به‌بێ ئیجازه‌ ناتوانێ هه‌ناسه‌ بدا.

ڕانه‌ مه‌ڕی بێ چاره‌

زیندانی چوار دیواره‌

له‌ گوێچكه‌ی خۆی نارازی

له‌ چاوی خۆی بێزاره‌

سه‌د خۆزگه‌یان به‌ لاڵی

زمام مایه‌ی ئازاره‌

مه‌ڕی به‌سته‌ زمان له‌ ژێر زوڵمی گورگاندا پشتیان ده‌نه‌وێ و برایه‌تییان ده‌پسێ. ده‌سته‌یه‌ك بڕیار ده‌ده‌ن ببنه‌ گورگ، كۆمه‌ڵێك بڕیار ده‌ده‌ن بده‌نه‌ كێو، ئه‌وانی تریش بریار ده‌ده‌ن ده‌ست بگرن به‌ دووگی خۆیانه‌وه‌ و نه‌ ببنه‌ گورك و نه‌ دوژمنی گورگ، به‌ڵكوو هه‌ر مه‌ره‌كه‌ی جاران بن به‌‌ڵام سه‌ركز.

رۆژ به‌رۆژ رێ و ره‌وشتی گورگان زیاتر له‌ ناو مه‌ڕاندا ره‌گ داده‌كوتێ و وای لێ دێ هه‌موو كه‌س ناتوانێ دووگی مه‌ڕ له‌ كلكی گورگ جیا بكاته‌وه‌. ژماره‌ی مه‌ڕانی گورگ سیفه‌ت روو له‌زیادی و مه‌ڕی سه‌ركز له‌كه‌می ده‌بێ. مه‌ڕانی كێویش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان پێ ده‌كرێ جارجار چاوێك له‌ گورگان زیت بكه‌نه‌وه‌ و ‌ڵاكێكیان له‌ده‌م بفڕێنن.

رۆژان هاتن رۆژان چوون

گورگان سواری مه‌ڕان بوون

زۆڵه‌ مه‌ڕی كه‌ڵبه‌دار

ده‌ستیان خسته‌ بینی شار

ئه‌وی ده‌یه‌وێ نه‌مرێ

سه‌رچۆپییان بۆ بگرێ

له‌ودیو شواری قه‌سابخانه‌ی گورگانیشه‌وه‌ مه‌ڕانی كێوی، دوژمنانی زوڵم و گورگ، شه‌وو رۆژاتی تاریك ماندوویان ده‌كا. ئه‌وه‌نده‌ چاوده‌برشنه‌ چاوی گورگ كوێراییان دادێ، ئه‌وه‌نده‌ گوێ بۆ ترپه‌ی پێی دوژمن شل ده‌كه‌ن گوێیان كپ ده‌بن، ئه‌وه‌نده‌ ددان له‌ گورگان جیڕ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ڵبه‌یان تیژ ده‌بن، ئه‌وه‌نده‌ ویژدانی گورگان هه‌ڵده‌ته‌كێنن ویژدانیان له‌رزۆك ده‌بێ.

پێشینیان واته‌نی جام كه‌ پڕ بوو لێ ی ده‌رژێ. پاش سه‌ختی و كوێره‌وه‌ریه‌كی زۆر ته‌ونی زوڵمی گورگان ده‌پسێ و خه‌ونی دێرینه‌ی مه‌ڕان دێته‌ دی.

گورگ قڕانه‌ و گورگ قڕان

گورگان هه‌‌ڵاتنه‌ كێوان

باره‌و باعه‌ی ئازادی

مه‌ڕانی مه‌ستی شادی

حه‌وت شه‌وو رۆژ بێ وه‌ستان

كۆشكی زوڵمی هه‌لته‌كان

پاش ئه‌وه‌ی مه‌ستیی ئازادی به‌ری دان، له‌ دیوه‌خانی پیری مه‌ڕان كۆبوونه‌وه‌ و رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو برا و یه‌كسان بن و گه‌رچی مه‌ڕ به‌ خوری و دووگ و باعه‌دا ده‌ناسرێته‌وه‌، به‌‌ڵام نابێ ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ هیچكام له‌وانه‌دا ببێته‌ هۆی ئیمتیاز و ده‌سه‌‌ڵاتی زیاتر بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی. بێچاره‌ خافڵ بوون له‌وه‌ی زوڵمی گورگان كردوونی به‌ سێ برا، دوانی گه‌وره‌ و یه‌كێكی بچووك.

مه‌ڕی گورگ سیفه‌تی هار

دوێنێ شاو ئه‌مڕۆ شالیار

مه‌ڕی كێویی سه‌ختی دیو

دوێنێ رووت و سم ته‌زیو

ئه‌مرۆ خاوه‌ن ئه‌مباره‌

شوانی بێ پا و پاداره‌

مه‌ڕی سه‌ركزی هه‌ژار

ئه‌مڕۆش وه‌ك دوێ كۆڵه‌وار

ئه‌مباری گورگان، گورگانی چاوبرسی و بێ ئیمان، پڕبوو له‌نان، له‌گۆشتی كاوڕی جوان، له‌ ئاڵفی مه‌ڕان. مه‌رانی تادوێنێ ترساو، مه‌ڕانی تا دوێنێ برسی، مه‌ڕانی گورگ لێ نراو، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌ دیوه‌خانی پیر هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ قۆره‌ی سكیان گوێچكه‌ی ویژدانییانی كاس كرد و وه‌ك تازه‌ خوێ درابن و به‌رو چه‌م رایی كرابن، ئارامیان لێ هه‌ڵده‌گیرێ و به‌له‌سه‌ ده‌بن. ده‌گای ئه‌مبار ده‌شكێنن، ئه‌مبار ده‌ڕمێنن، ئالف ده‌ردێنن، تیكه‌ی ده‌می یه‌كتر ده‌رفێنن.

سه‌یرانه‌ براگه‌ل سه‌یرانه‌

سه‌یرانی دوای گورگ قڕانه‌

تاراجی میراتی گورگانه‌

ئه‌مبار بڕین و فڕان فڕانه‌

پادار شاییه‌ و بێ پا شێلانه‌

شاخدار دابه‌ستن، بێ شاخ خورانه‌

ده‌ڵێن پاش ئه‌وه‌ی ئاخوری گورگان فووی لێ ده‌كرێ و هیچ نامێنێ شه‌ڕی له‌سه‌ر بكه‌ن، مه‌ڕان ئارام ده‌گرن و ده‌گه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر سروشتی پاكی خۆیان. به‌‌ڵام ریوایه‌تێك كه‌ گوایه‌ له‌ ده‌می گورگانه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ ده‌ڵێ له‌م كه‌ین و به‌ینه‌دا گورگه‌ل فرسه‌ت دێنن و دووباره‌ كه‌ڵبه‌ له‌قوڕگی مه‌ڕان گیرده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌هاری 1993

******