Nasih Othman ——- د. ناصح قه‌ره‌داغى

Writings, research and lectures by Dr. Nasih Othman


تەلیسم

            تەلیسم بۆ د. مارف عومەر گوڵ

چی گەواڵەی ئاسمان هەیە

هەرچی “هەوری نەبان”1 هەیە

کۆبنەوە و هەموو بەسەر خاکا داکەن

قاسپەی شیعرت دڵی دامێن بێنێتە جۆش

گوێی شاخ کەڕ کا

فرمێسکی خەم کوێرەکانی بتەقێنێ

ئاهی ساردت وەکوو گەڵا بۆ روومەتی خاک سێبەر کا

زەحمەتە دی

جارێکی تر نێرگسەجاڕ مژدەی بەهار بە خاک بدا

گوڵاڵەی سوور هەواری عەشق بخەمڵێنێ

دەستی شنە گوڵە گەنم بلاوێنێ

پیرە بەڕوو بژێتەوە و گەڵا دەرکا

جادوویەکە لە خۆمان کرد

خۆمان دایە دەستی زریان

خاکمان تۆران

عەشقی رەنجبەرمان سەربڕی

ئاومان خنکان

!چیمان نەکرد

!پاکیمان کوشت، ناپاکیمان ناونا ویژدان

!ئەم تەلیسمی زوڵمە سا کەی بکرێتەوە

!ئەم “گریانی خوێنە “2 سا کەی ببڕێتەوە

داستانێکە سەرگەردانی ڕشتەیەتی

!جادووگەر ئامان، هیممەتێ

  ١١/٧/٢٠٢٠

 1،2: هەوێنی ئەم ڕامانە شیعرییە هۆنراوەی (هەوری نەبان) ی د. مارف عومەر گوڵە کە ساڵی ٢٠٢٠ بۆی ناردم و ئەو دوو چەمکەش لە هۆنراوەکەی ئەو وەرگیراون. یادی بەخێر. ***


نەفرین

نەفرین

بۆ ئەبوبەکر قەرەداغی

دەستی نازە یا قامچیی ر‌ق

خەزان لاسکی وشک هەڵاتووی

            گوڵانی تا دوێنی ڕەنگین،

ئەمرۆ بێتین،

ئەلاوێنێ!

گوڵێکی وشک

تۆوی لەسەر باڵی خەزان

کەوتە ئاسمان.

دەشتاو دەشت و چیا چیا

سوورایەوە

تا چاوی نێشت.

کاتێ تینی خۆری بەهار،

خوینی جمان

پێڵووی لاوازی هەڵهێنا

دی چواردەوری بەردەلانە

ژێری تاوێر

هەرچەند زەمین دەداتە بەر

تاسەی ڕەگی پاراو نابێ،

هەرچەند باڵای دەباتە سەر

هەتاو تێر تێر

پرچی گەلای شانە ناکا.

ئەی گولەکەی لەخەزان زاو

چارەنووسە یا نەفرینی خودایانە

وا شەوی تۆ تاریکترە؟

زەمینت رەق

زریانت سەخت،

مارو موری دەوروبەرت برسیترە؟

تۆ یەک گئڵ نیت،

تۆ یەک درەختی ئارەزووی

ناو گیاکەڵەی چارەنووسی

ریشەت لەناو دڵی بەردا داکوتاوە

زریان چۆکت پێ دانادا

بەفر پەنجەت ناتەزێنێ.

کام داربەڕوو

تینی رەگی لە رەگی تۆ بەهێزترە؟

کام سپیدار

باڵای لە باڵای ئارەزووی تۆ هەڵئەسوێ؟

کام گوڵاڵە وەک تۆ عاشق؟

کام نێرگسە وەک تۆ بۆنخۆش؟

کام وەنەوشە وەک تۆ پاک و بێ ئازارە؟

تۆ یەک درەختی ئارەزووی

ناو گیاکەڵەی چارەنووسی

دەمێ برسی

دەمێ تینووی

لق و پۆپت دادەپاچن

ئاگر لەباڵات بەر دەدەن

هەناوت رەش دادەگەڕێ

لەناو زاخاوی بریندا گینگڵ دەدەی

بەڵام هەرگیز چۆک دانادەی،

قەت ناکەوی

قەت نانەوی!

***

هاوینی 1994


بۆ جەمیل

بۆ جەمیل

جەمیل ئەی نەونەمامی پڕ شکۆفەی مێرغوزاری دڵ

جەمیل ئەی رەونەقی چەمەن، شاگوڵی لالەزاری دڵ

ئەی بە بۆنت موعەتتەر گوڵ، ئەی بە باست موفتەخەر جان

ئەی بە رەنگت موزەییەن هەر بیابانی بەیاری دڵ

بە شەمعی رووت مونەووەر هەر مەجلیس و مەحفەل و دیوان

بە شەمسی باوەرت مەعدووم شکوکی شەوی تاری دڵ

فەساحەت شەرمەزارە لە تەعابیری زمانی تۆ

کەلامت پەندی دانایە، نەوات نەغمەی هەزاری دڵ

دەستی خیلقەت چون دەستی تۆ مەحاڵە دی موسەووەر کا

کە نەخش و خەتت و خاڵی تۆ شەهیری شەهریاری دڵ

لە ئەو مەغزی بچووک هەڵدێ هەزاران فیکری بیکر و فەن

عولەما مات موشتاقن لە عیجزی شاهکاری دڵ

جەماڵت ئایەتی کەماڵ کەماڵت موجمەلە ئەمما

بە بێ ناصح فەنایی بێ سەلاحی کەسب و کاری دڵ

1991

***

بۆ سەلاح

تەعریفی جەمیڵ سەد ئەوەندە جوان

ژیری و هونەر و ئەدەب و ئیمان

هێشتا یەک قەترەن لە دەریای ئەوساف

بۆ سەلاحی دڵ، بۆ سەلاحی گیان

***


هەمووی تەڵەیە

ئەم وڵاتە هەمووی تەڵەیە، وریاری سەلامەتیی خۆتان بن
2007
پار بەیانیەکیان ئەچووم بۆ هەولێر. تازە خۆر کەوتبوو بەجادەی کەناری چەمچەماڵ دا رەت دەبووم لەپڕ گەڵابەیەک خۆڵی داکراو لە ناوەراستی جادەکەدا لێم تاین بوو کە پانتایی سایدەکەی گرتبوو و ناچاری کردم ئەوەندەی گوڕی کاردانەوە رێگە بدات، ئۆتۆمبیلەکە هێور کەمەوە و خۆم بگەیەنمە سەر خۆڵەکە. نەعلەتێکم لە بێخەمیی خاوەنی گەڵابە خۆڵ کردو پاش قەدەرێک هاتمەوە سەر قیرەکەو ئیدی لەبیرم چووەوە. ئێوارە لە گەڕانەوەدا کە گەیشتمەوە هەمان شوێن لە دوورەوە ئیحتیاتم وەرگرت بەڵام کە گەیشتمە جێ بینیم تەڵەی مڵۆزم نیچیری خۆی تەخت کردووە! ترێلەیەکی پڕ لە چیمەنتۆ (کە بە تەعبیری بێ شعوورانەی خاوەن تەڵە دیار بوو کوێرایی داهاتبوو! )لەم دیو خۆڵەکەوە لەسەر لا خەڵتانی خۆڵ بووبوو و شاگردەکەشی بە کزۆڵییەکەوە پاڵی دابوو بە تایەکانیەوە و دیاربوو نەفرەتی رەوانەی سەبەبکار دەکرد!. رەنگە ئەم خۆڵە تازەترین ئیبتیکاری خاوەنکارەکە بێ( نازانم شارەوانی بووبێ یا رێگاو بان یا بەڵێندەر!) بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەکان کاری پردی هەوایی سەر جادەکەی نێوان چەمچەماڵ و شۆرشی لێ تێک نەدەن. ئافەرین بۆ خۆت و سەلیقەت بە گەڵابەخۆڵ؟ بەڵام کێ بە کێیە، تەڵەی خۆت دانێ و ئیشی خۆت بکە

ئەمە رووداوێکی هاوشێوەی لە بەریتانیا بیر هێنامەوە. ئوتێلەکەمان لەسەر جادەیەکی سەرەکی بوو لە کانتەربێری، کەنت. بەیانییەک کە هاتینە دەرەوە پارچەیەکی بچووکیان لەشەقامەکە هەڵدەکەند بۆ ئیشی کیبڵ. ئەوەندە ئیحتیاتیان وەرگرتبوو بۆئەوەی کەسێک یا ئۆتۆمبیلێک تووشی کارەسات نەبێ هەموو سەیرمان لێ دەهات. چواردەوری چاڵەکەیان بە لاوانەی پلاستیکی گرتبوو، ئینجا قووچەکی هاتوچۆیان دانابوو. لە دووری زیاتر لە سەد مەتریش تابلۆی ئاگاداری و لەوەش زیاتر ترافیک لایتێکی کاتییان (سەییار) دانابوو بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەکان وریا بن و بەنۆرە بڕۆن!! ئەی خاکت بەسەر تاکی کورد بڵێی کەی ئەوەندە حسابت بۆ بکەن؟

ئەم بێخەمی و قیروسییاییە شتێکی ئاساییە لای خۆمان. کەسمان هەیە نەی بیستبێ خەڵک کەوتبێتە چاڵی ئاوو و زیراب و عەمود و بینا و هەزار جۆر چاڵی ترەوە کە هەڵکەندینان ئاسانە و پڕکردنەوەیان زەحمەت! بێجگە لە کوێرایی داهاتنێکیش هیچی لە پاداشت وەرنەگرتوە! هەر دوێنێ بوو ئۆتۆمبلێکم بینی کەوتە چاڵی ئاوەوە لە شەقامی سابوونکەران. باش بوو تەنیا تایەیەکی تێ کەوت و ئەو خاو رۆشتنەی جەنجاڵی ترافیکی ناوشاریش بۆی بوو بەخێر و زیانی پێ نەکەوت و چەند خێرومەندێکیش دەریان هێنایەوەَ

کەس شۆستەی بینویە مەترو نیوێک بەرز بێ و لاوانەشی نەبێ؟ ئەمەش ئیبتیکارێکی تری ئەم شارەیە. رۆژێکیان لە شەقامەکەی بەردەم ویلادەوە گەیشتمە سەر جادەی قەنات. لەپڕ گوێم لە زرمەو “یائەلڵا” یەک بوو. کە ئاوڕم دایەوە بینیم ژنێکی بەساڵاچوو لە عەباکەیەوە ئاڵاوە و تەختی ئەرز بووە. دەستم دایە دەستی و یارمەتیم دا هەستێتەوە سەر پێ. “بەخوا رۆَڵە چاوم نابینێ!” ژنی خۆڵاوی وتی، “ئەوە تازە لە لیجنە توبییەکەش دێمەوە!”. منیش پێم وت ” خەتای چاوی تۆ نیە، خەتای چاوی شارەوانیەیە ئەو تەڵەیە نابینێ بۆ ئەو خەڵکەی ناوەتەوە ! ئاخر ئەبوایە ئەو شۆستەیە موحاجەرەی هەبوایە، تۆ لە بن دیوارەکەوە دێیت چوزانی لە پڕدا شۆستە تەواو ئەبێ و مەترو نیوێکیش بەرزە!” کارمەندێکی گەنحینەکان لەو کاتەدا گەیشتە لامان و وتی “بە خوا کەم رۆژ هەیە خەڵکی لێوە نەکەوێتە خوارەوە!” زۆر کەس ئەزانن تەمەنی ئەم تەڵەیە چەند ساڵە بەڵام مەگەر بەس راوچییەکەی بزانێ گەلە لە چەندە، بۆیە تا ئەو کاتە کە بە جادەی قەناتدا دێنەوە وریای خۆتان بن

شۆستەکانی تر وەنەبێ زۆر لەمە باشتر بن. کام لە ئێمە لەسەر قادرمەکانی شەقامی پیرمێرد و ئەوانی تر کە بەناهەق پێیان دەوترێ شۆستە، سەرسمی نەداوە؟ خۆ ئەگەر یەک سات چاوت خافڵ بێ لەبەرپێت ئەوا ئەگەر زوو نەیەیتەوە هۆش رەنگە لە دوکانەکەی ئەولاتر بدەی لەزەوی! ئەگەر ناچار بوون بەسەر شۆستەکاندا برۆن، وریابن ئەو تەڵانە بۆیە دانراون قاچتان بگرێ و تووشی ئینزیلاقتان بکات! بۆ نەگبەتی شۆستەرەوەکان و کارایی تەڵەکانیش، هەندێ دوکاندار بەر دووکانی خۆیان داوە لە هەسان یا بڵێین بۆ جوانی مەڕمەریان کردووە!)

لەم بەینەدا ریپۆرتاجێک لە سەرهاتوچۆ بڵاوکرایەوەو ئەو تاسانەی کە لەسەر جادەکان دروستیان کردوون. هاووڵاتییەک دەستی بۆ تاسەیەکی قیری دەسکرد راکێشا و بە کامێراکەی هاتوچۆی وت ئەم تاسەیە بووەتە هۆی روودانی حەوت هەشت کارەساتی ئۆتومبیل!! تاسە کە بە حساب بۆ ئەوە دروستکراوە گیانی خەڵک بپارێزێ، خەڵکی تێدا سەرو ماڵ وێران دەبێ! ئەی ئەمە تەڵە نیە چییە؟ لەوباوەرەدام ئەم تەڵانە بەردەوام دەبن لە گرتنی قاچی نێچیرەکانیان چونکە بەراستی تەڵەن بەو بەڵگەیەی تا نەگەیتە سەریان پێیان نازانی. هەرچەندە هەندێ لەم تاسانە کەچە بۆیەیەک کراون (هەر بۆ دەفعی مەلامەت) بەڵام ئەگەر بگەیتە سەر تاسەیەک کە چلەی بۆیەکردنی چووبێ، لە ئۆتۆمبیلەکە سەر بەریتە دەرەوە و جوان لێی وردبیتەوە ئینجا رەنگە بتوانی بڵێی “بەمەزەنەی عەقڵم ئەمەیان بۆیە کراوە”

کە لەماڵەوەین، کە دێینە کۆڵان، کە بەسەر شۆستەکاندا دەرۆین، کە شتی بازار دەکڕین، کە ئۆتۆمبیل داژۆین، کە دەچینە سەیران، بەکورتی هەر ساتێک هەوای ئازادی ئەم نیشتمانە بێنازە هەڵدەمژین ئەبێ چلوەروانی ئەوەبین میردەزمەی بەڵایەک ملمان بگرێ و بەلایەکدا هەڵمان دێرێ. لەناو ماڵی خۆشماندا بەڵا هەر بەدوامانەوەیە. ئەوەتا هەموو بینیمان ئەم هاوینە ئاو چی پێکردین. رۆژێک ژەنگاو، رۆژێک زەرداو، رۆژێک خڵتەو لیتەو قوڕاو، یا حەسرەتی یەک قەترە ئاو! کۆلێرای دەم داچەقاویش نەک هەر شایەتی دا لە فەشەلی سیستەمی ئاو بەڵکو لە هی خزمەتگوزاریی هەڵوەشاو !

ئەی ئەم بوتڵە غازانە؟ ئەم داماوانە ئەوەندە پیرن سەریان لە گوێ قەبر ئەلەرزێ و ئەوەندەش لەسەر پیکاب و لۆریەوە فرییان داونەتە خوارەوە ئازای ساغیان نەماوە. زۆربەیان توانای ئەوەیان نەماوە لەسەر پێ راوەستن و گەلێکیشیان هەوایان پێ راناگیرێ. هەموو ماڵێک لەم بۆمبا کاتییانەی تێدایە و کەم رۆژ هەیە بە داماوێکدا نەتەقنەوە ! کەچی حکوومەت هەر مێشێکیش میوانی نیەَ! ئەگەر لە وڵاتی خواپێداواندا  بوتڵێکی سەقەت بکەوێتە بازارەوە ئەو دنیا نیشانی کۆمپانیای بەرپرسی دەدەن، بەڵام لە وڵاتی داماواندا ئەبێ شوکری خوا بکەی کە ئەم بەڵایەت بەهەزار منەت و کۆڵێ پارە لە لۆریەکەوە بۆ فرێ دەنە خوارەوە

لەسەر خواردنیش قسە زۆرە! هەموو باسی خراپی ئازووقە دەکەن و دەوترێ خەتای ئێمە نیە، خەتای بەغدایە!! ئەی بازاری ناوخۆ؟ ئایا دڵنیانی لەو ئاوەی دەی خۆینەوە؟ ئایا شلەمەنی و شیرەرمەنی و ئەو گۆشتە بەستووانەی لەبازاردان و هەندێکیان لەوپەرَی دنیاوە دێن، مەرجی تەندروستییان تێدایە؟ رەنگە بەڵام کەس ئەتوانێ بە دڵنیاییەوە بڵێ. من خۆم قەناعەتم نیە، ناتوانم بەخۆم قایل کەم لەم سەردەمی نەبوونی کۆنترۆڵ و کێبەرکێی پارەو گەرمەی خاتروخۆترەدا، خواردنی سەقەت و گۆشت و مریشکی نەخۆش و تۆپیو نەکەوێتە بازارەوە! یا ئەڵێم لەم بێ کارەباییەدا قابیلە ئەگەر کابرا فرێزەریە گۆشتەکەی خاوبۆوە، فڕێی بدات؟ یا ئەگەر هەزار مریشک تۆپین فرێ بدرین؟ من تا گۆشتی زیندوو دەست کەوێ ئەڵێم حەیفە گۆشتی بەستوو بەکار بێنێ هیچ نەبێ زیندووەکە لەبەرچاوتەو و ئەزانی چییە و چۆنە! من خۆم مریشکی دەواجنێکی زۆر مەشهورم کڕیوە لایەکی رەش بۆتەوە و بردوومەتەوە بۆ دووکاندارەکە. بستەی زەردانەم کڕیوە کەچی کە لە سەیران کردوومەتەوە سەیر دەکەم لە بنەوە بە ئوستادانە یەکاڵایان کردۆتەوە و بستەیەکی سەقەتیان تێکردووە و دایان دووریوەتەوە! ئەگەر چاوی تیژو بێ باک و بێ خاتروخۆتری کۆنترۆڵ نەبێ قەت بازاڕ بەو شێوەیەی پێویستە مەرجی تەندروستی تێدا نابێ! تا ئەو کاتەی ئەم چاوە دەکەوێتە گەڕ، هەیهوو، ئەبێ خۆمان وریا بین، چار چییە؟

بەکورتی ئێمە وەک ئەوە وایە بە دەشتێکدا گوزەر بکەین کە موڵکی راوچییانە و چێنراوە بە تەڵە. کەس وەک خۆمان خەممان ناخوات و لەوەش ناچێ کەس بەتەمابێ بەم زووانە ئەم تەڵانە بچنێتەوە. خۆتان وریای خۆتان بن و تا ئەو کاتەی داودەزگا پەیوەندیارەکان ئەتوانن دڵنیاییەیەکی باشترمان پێ ببەخشن، چاوێک بکەن بە هەزار چاو و وریای بەرپێ و هەنگاوەکانتان بن. 2007 نووسراوە
***


ئابروو کە تکا

ئابڕوو کە تکـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــا
لە کۆمەڵگای بچووکی گوندنشیندا کە تاک بەستراوەتەوە بە تۆرێکی تێکئاڵاوی پەیوەندییە خزمایەتی و عەشایەریی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، پابەندبوون بە بەهاکانی ئەو کۆمەڵگا بچووکەوە بەشێکە لە پرۆسەی بەردەوامبوونی گوزەرانی نۆرماڵی تاک و کۆمەڵگا. ئەم بەهایانە گەرچی رەنگە هەندێکیان بە پێوەری شار و یاساکانی جێگەی گومان و قسەلەسەرکردن بن، بەڵام لە سەرەدەمێکدا کە یاسایەکی نووسراو نەبێ هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگا رێک بخات، ئەم بەهایانە دەورێکی گرنگ دەبینن لە هێشتنەوەی ریتمی (نۆرماڵی) کۆمەڵگا و تاکەکانیدا. سنوورەکانی ئەم بەهایانە گەرچی وەک یاسای نووسراو، روون و ئاشکرا نین، بەڵام هەموو تاکێک لەگەڵ گەورەبوندا، وردە وردە فێردەبێ ئەو سنوورانە بناسێتەوە و هەوڵ بدات لە چوراچێوەیان دەرنەچێ بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەر تانەو تەنانەت نەفرەتی کۆمەڵگا. ریشەی ئەم بەهایانە رەنگە لە مێژوو و ئایین کلتوور و ویژدانی تاک و کۆمەڵگادا داکوترابێ بێ. بە مانایەک ئەتوانین بڵێین قەڵەمرەوی بەهاکانی کۆمەڵگا بریتییە لە گۆرەپانی “ئابڕوو”، دەرچوونیش لەم قەڵەمرەوە تەسکە و بەزاندنی سنوورەکانی بە لای کۆمەڵگاوە بریتییە لە “ئابروو تکان”. لە کۆمەڵگای بچووکدا “ئابڕوو تکان” گەورەترین نەفرەتی گشتە بۆ ئەو تاکانەی کە بەشێوەیەکی زەق و ناشایستە و ئابرووبەرانە(هەڵبەتە لە دیدگای کۆمەڵگا خۆیەوە) بەهاکانی پیشتگوێ دەخەن. تاک بۆئەوەی لەم نەفرەتی ئابڕوو تکانە بەدوور بێ ناچارە، پێی خۆش بێ یان نا، کەم تازۆر لە چوارچێوەی تەوەقوعاتی کۆمەڵگادا بمێنێتەوە و کاری “ئابرووبەرانە” نەکات. کاری ئابرووبەرانە رەنگە شتی سادەی وەک “با لێ بەربوونەوەیەک بێ” تا کاری دژ بەکۆمەڵگای وەک فڕوفێڵ و دزی و بەدرەوشتی شتی تر. کۆمەڵگا هەر لە منداڵیەوە تاک لە مەترسی ئەم نەفرەتە وریا دەکاتەوە وەک پێشینان وتوویانە “ئابروو قەترەیەکە کە تکا تکا.” ویستوویانە بە تاکەکان بڵێن وریا بن لە بەهاکانی کۆمەڵگا لامەدەن ئەگینا یەک جار بەسە و کە ئەو هەڵەیەت کرد و بەر نەفرەت کەوتی ئیتر نابیتەوە بە کەسێکی (نۆرماڵ) لەناو کۆمەڵگادا. دیارە ئەم ئاگادارکردنەوەیە هەمیشە کاریگەر نەبووە و کەسانێک هەر هەبوون کە گوێیان بە نەفرەتی کۆمەڵگا نەداوەو ئابرووتکانیان بە (رۆحێکی ریازییەوە) قەبووڵ کردووە و لەسەر بەزاندنی بەهاکان بەردەوامبوون، بەڵام عادەتەن ئەمانە متمانەی تاکەکانی تریان لەدەست داوە و کۆمەڵگا هەرگیز بە هاوسۆزییەوە سەیری نەکردوون.

بەم شێوەیە ئەم “ئابرووتکانە” لەگەڵ ئەوەشدا کە زوڵمێک بووە بەرامبەر بە تاک و لەگەڵ بنەمە هاوچەرخەکانی مافی مرۆڤدا ناگونجێ بەڵام لە شوێنێکدا کە یاسایەکی نووسراوی بەکار نەبێ بەو کارە هەستێ، ئەمە پێدەچێ میکانیزمێکی کاریگەرو بەسوود بووبێ بۆ سەقامگیری و مانەوە و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا. کاتێ کۆمەڵگا گەورەدەبێ و تاکەکان لە پێشینەی جۆراوجۆرەوە تێکەڵاو دەبن لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی فراوانتر و فرەبەهایی دا ئامێتە دەبن، ئەوا سنوورەکانی بەهای کۆمەلگا بچووکەکەی جاران کاڵ دەبنەوە و مەودای بزووتنی تاک و بەو مانایەش، ئازادیی رەفتارکرنی، فراوانتر دەبێ و بەهەمان ئەندازەش قەڵەمرەوی “ئابرووتکان” گەورە دەبێ، واتە تاک دەتوانێ لە گۆرەپانێکی گەورەتردا هەڵبسووڕێ بێ ئەوەی تووشی “ئابروو تکان” ببێ. لەم ژینگە شارنشینییەدا کە تەلبەنی ئابرووتکان ئەو دەورە گرنگەی نامێنێ بتوانێ رەوتی (نۆرماڵی) ژیانی کۆمەڵگا بپارێزێ، زەرورەتی یاسای نووسراو زیاتر هەستی پێ دەکرێ. تاکەکان ئەگەر وەک جاران لەبەها کۆمەڵایەتییەکان و نەفرەتی کۆمەڵگا نەترسن ئەوا پێویستە یاسایەکی نووسراو هەبێ سنوورێکیان بۆ دابنێ ئەگینا
ماویەتی بەس تاقەت نەماوە


مۆبایڵ

ئایا بەکارهێنانی مۆبایل کاریگەریی لەسەر تەندروستی هەیە؟

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەدەم ئاژانسی نێونەتەوەیی توێژینەوەی شێرپەنجەوە رایگەیاند کەوا ئەو کایە کارۆموگناتیسییەی لە مۆبایلدا بەکاردێت ئەگەری ئەوەی هەیە بۆ مرۆڤ شبَرپەنجەسازبێت. رێکخراوی ناوبراو مەترسیی تەندروستیی مۆبایلی لە ریزبەندی گروپی 2B داپۆلێن کردووە و ئەم ریزبەندییەش ئەوەدەگەیەنێت ئەو پەیوەندییەی لە نێوان هۆکارەکە و نەخۆشییەکەدا تێبینی کراوە جێگەی باوەرە بەلام ئیحتمالی چانس و هەڵەی تریش هەیە بۆ لێکدانەوەی ئەو پەیوەندییە.
لە هەندێ ناوچەی جیهاندا مۆبایل تەنیا هۆکاری پەیوەندی کردنی تەلەفۆنیە. لە کۆتایی ساڵی 2009 دا نزیکەی 4.6 ملیار ژمارەی مۆبایل لە جیهاندا تۆمارکراوە. هەر لەبەر ئەم ژمارە زۆرەی بەکارهێنەرانی مۆبایلە کە زانایان بەپێویستی دەزانن لیکۆلینەوە لەسەر مەترسییە ئیحتیمالییەکانی ئەم ئامێرە بکەن لەسەر تەندروستی مرۆڤ. مۆبایل لەرێگەی گواستنەوەی لەرەلەری رادیۆییەوە پەیوەندی دروست دەکات کە لەرێگەی ژمارەیەکی زۆر ئەنتێنای جیگیرەوە (وێستەگەی سەرەکی) رەوانەدەکرێن. شەپۆلە رادیۆییەکان بریتیتن لە کایەی کارۆموگناتیسی و بە پێچەوانەی تیشکدانەوەی ئایۆنسازەوە (وەک تیشکی ئێکس و گاما) ناتوانن بۆندە کیمیاییەکان بشکێنن یاخود لە لەشی مرۆڤدا ئایۆن دروستبکەن هەر لەبەر ئەوەشە وەک ئەو تیشکدانەوانە مەترسیدار نین.
مۆبایل پەخشکەرێکی لاوازی شەپۆلی رادیۆییە کە لە لەرەلەری نێوان 450 تا 2700 میگاهێرتز دا کاردەکات و هێزەکەشی لە نێوان 0.1 تا 2 واتدایە. مۆبایل تەنیا کاتێک کە داگیرساوە شەپۆل پەخش دەکات. هەتا ئامێرەکە دوورتر لە گوێچکەوە بگیرێت هێزی ئامێرەکەو و رادەی بەرکەوتنی بەکارهێنەریش بۆ لەرەلەری رادیۆیی کەم دەبێتەوە. بۆنموونە ئەگەر بەکارهێنەرێک لە دووری 30 سانتیمەترەوە مۆبایلەکەی بگرێت چ لە کاتی مێسەج کردندا یان تەلەفۆن کردن بە کردنەوەی بڵندگۆی ئامێرەکەی، بڕێکی زۆر کەمتر لەرەلەری رادیۆیی دەگاتە لەشی و کاری تێدەکات. بەهەمان شێوە کەمتر تەلەفۆن کردن و کەمکردنەوەی ماوەی هەر تەلەفۆنێک دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە شەپۆلی رادیۆیی. لەو شوێنانەشدا کە رادەی داپۆشینی تۆڕ بەهێزە بەرکەوتن کەمترە چونکە ئامێرەکە دەتوانێت بە بەکارهێنانی هێزێکی (واتیەیەکی) کەمتر سیگناڵەکان وەربگرێت.

کاریگەرە تەندروستییەکان
لەماوەی بیست ساڵی رابوردوودا ژمارەیەکی زۆر توێژینەوە ئەنجامدراون سەبارەت بە کاریگەرییە خراپەکانی بەکارهێنانی مۆبایل لەسەر مرۆڤ بەڵام تا ئێستا هیچ کاریگەرییەکی خراپی مۆبایل لەسەر تەندروستی نەسەلمێنراوە. میکانیزمی سەرەکی کارلێکردنی نێوان لەشی مرۆڤ و ئەو وزەیەی لە لەرەلەری رادیۆییدایە بریتییە لە گەرمبوونی شانەکانی لەش. لە مەودای ئەو لەرەلەرانەدا کە مۆبایل کاری پێدەکات زۆربەی وزەکە لەلایەن پێست و شانە رووکارییەکانی ترەوە دەمژ رێت و لەئەنجامدا گەرمبوونێکی ئەوتۆ لە مێشک و ئەندامەکانی تردا روونادات. چەند توێژینەوەیەک دەربارەی کاریگەریی لەرەلەری رادیۆیی لەسەر چالاکیی کارەبایی مێشک و فرمانی ئەقلی و خەو و ترپەی دڵ و پەستانی خۆێن ئەنجامدراوە لە کەسانی خۆبەخشدا. بەلام تا ئەمرۆ بەڵگەی دروست بەدەستەوە نیە نیشانەی ئەوە بێ بەکارهێنانی مۆبایل لەئاستی ئاساییدا کە نابێتە هۆی گەرمبوونی شانەکانی لەش ، کاریگەریی خراپی تەندروستیی لێبکەوێتەوە. بەڵگەش نیە بۆ راستی پەیوەندیی نێوان مۆبایل و ئەو نیشانە تەندروستییانەی خەڵک سەبارەت بە خۆیان باسی دەکەن و دەیبەستنەوە بە بەکارهینانی مۆبایلەوە (هەستیاریی کارۆموگناتیسی). بەکارهێنانی مۆبایل رەنگە کار لە چالاکی مێشک و کاتی کاردانەوە و ریتمی خەو بکات بەڵام ئەمانە کاریگەریی بچووکن و لەرووی تەندروستییەوە گرنگ نین.  سەبارەت بە رووداوی هاتوچۆش، توێژینەوەکان دەریان خستووە بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی ئۆتۆمبیل لێخوڕیندا مەترسی رووداوی هاتوچۆ زیاد دەکات بە رادەی سێ تا چوار جار.

ئەگەری کاریگەریی درێژخایەن
زۆربەی ئەو توێژینەوانەی کراون سەبارەت بە کاریگەریی درێژخایەنی بەکارهێنانی مۆبایل، بەدوای پەیوەندیی نێوان لووی مێشک و مۆبایلدا دەگەرێن. بەڵام زۆربەی لووە شێرپەنجەییەکان ماوەی چەندین ساڵیان پێویستە تا گەورەببن و دەستنیشان بکرێن و مۆبایلیش ماوەی بیست ساڵێکە بڵاو بۆتەوە، هەربۆیەش توێژینەوەکان زیاتر دەربارەی ئەو لووانەن کە لەماوەیەکی کەمتردا دەردەکەون. ئەو توێژینەوانەی لە ئاژەڵدا کراون نەیانتوانیوە هیچ زیادکردنێکی مەترسیی روودانی شێرپەنجە بسەلمێنن لەو ئاژەلانەدا کە خراونەتە بەر لەرەلەری رادیۆیی. چەند توێژینەوەیەکی گەورەی نێونەتەوەیی ئەنجامدراون و لەئارادان سەبارەت بە کاریگەریی مۆبایل لەسەر مرۆڤ. گەورەترینی ئەو توێژینەوانە بەناوی (ئینتەرفۆن) لەلایەن ئاژانسی نێونەتەوەیی توێژینەوەی شێرپەنجەوە لە 13 وڵاتدا ئەنجامدرا سەبارەت بە پەیوەندی مۆبایل بە شێرپەنجەی سەر وملەوە لە مرڤی گەورەدا. ئەنجامی گشتیی توێژینەوەکە هیچ پەیوەندییەکی دەرنەخستووە لەنێوان بەکارهێنانی مۆبایل بۆ ماوەی زیاتر لە دەساڵ و شێرپەنجەی مێشک لە جۆری گلایۆما و لووی پەردەی مێشکدا. بەهەرحاڵ، ئەو کەسانەی کە لەرووی کاتژمێرکانی بەکارهێنانی مۆبایلەوە لە ریزی 10% ی سەرەوەدا بوون، پێدەچێ کەمێ مەترسیی تووشبوونی شێرپەنجەی لەجۆری (گلایۆما)یان لەوانی تر زیاتر بێت. هەرچەندە لەلێکدانەوەی ئەم ئەنجامەدا توێژەرەوەکان دەڵین ئیحتیمالی هەڵە و بایەز هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاژانسی نێونەتەوەیی شێرپەنجە وای بەباش زانیوە کایەی کارۆموگناتیسی لەلەری رادیۆیی وەک شێرپەنجەساز بۆ مرۆڤ پۆلێن بکات بە شێوەی ئیحتیمالی نەک سەلمێنراو. ئەم پۆلینەش کاتێک دەکرێ کە زانیارییەکان دەربارەی پەیوەندی هۆکارێک و نەخۆشییەک بە توێژینەوە هەین بەڵام بێ چەندوچوون نەبن، واتە پەیوەندیەکە تێبینی کرابێن بەڵام نەسەلەمێنرابێت و رەنگە لێکدانەوەی تریشی هەبێ.

هەر لەم روانگەیەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هانی توێژینەوەی زیانر دەدات سەبارەت مۆبایل و مەترسیی شێرپەنجەی مێشک لەبەرئەوەی بەکارهێنانی مۆبایل ئێجگار زۆر بەربڵاوە بەتایبەتی لە ناو گەنجەکاندا کە ئەمەش مانای وایە گەنجان بۆ ماوەی ساڵانێکی زیاتر دەکەوتە ژێر کاریگەریی لەرەلەری رادیۆییەوە و بەوهۆیەوەش ئەگەر کاریگەرییەکی خراپی هەبێ ئیحتیمالی دەرکەوتنی لەواندا زیاتر دەبێ.
****

:سەرچاوە: ئەم بابەتە لە سایتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی وەرگیراوە

http://www.who.int/mediacentre/factsheets/fs193/en/index.html ; https://www.who.int/news-room/q-a-detail/what-are-the-health-risks-associated-with-mobile-phones-and-their-base-stations


سروودی گۆڕان

سروودی گۆڕان

شەوبوو ئەوسا

جەنگەڵ تاریک،

زریان چاوی هەڵدەکۆڵی،

ئێمە گەش بووین

ئێمە دڵمان چراخان بوو

لەلابەلای شەوەزەنگدا،

پەلکەزێڕینەی هیوامان بەدی دەکرد

باخچەی دڵمان هەمیشە سەوز،

گوڵباران بوو

خەزان وەرزی پێشینیان،

ژاکان داستانی پیران بوو

بێزاری بێز، گریان شەرم،

کەنەفتی ئابڕووتکان بوو

بەرچاومان ڕوون، رێگەمان تەخت،

ئایندەمان وەرزی دروێنەی زەحمەتی ئەمڕۆمان بوو

ئێمە ئەوسا یەک پوورەهەنگ،

یەک پۆلە سوێسک، نەوای دڵچەسپی یەک ئاهەنگ،

ئاسمانی شینی ساماڵ بووین

یەک بازووی پڕ،

یەک شاباڵ بووین

راستی ئێمە چی بووین ئەوسا!

یا مناڵ بووین، یا خەیاڵ بووین

بەڵام ئەفسووس!

وەک پۆلەسوێسکی سەرکانی

دوای شریخەی راوچیی کەمین،

بنچک بنچک،

 بن بەرد بن بەرد،

پەرشیان کردین،

ئەژنۆی ترس و دەستی قەدەر

خولیای ئاوات و سەودای سەر

ئێستاش جارجار لەدوورەوە،

یا لەبرسا

یا لەترسا

یا لە بێزاریی تەریک بوون،

یان بەیادی رەوتی سەر سەوزەگیای ئەوسا

جارجار بۆ یەکتر ئەخوێنین

بەڵام قاسپەی ساردو بێ گیان

تەزوو ناهێنێ بە لەشدا وەکوو جاران

ئێمە ئێستاکە گۆڕاوین

کوانووی ساردی دامرکاوین

ئێمە ئێستاکە خۆمانین،

 یەکتری نین

ئێستاکە من

نەئەو دڵەم

کە بەخەیاڵ دڵی خۆش کا،

نەئەو چاوەم

کە چاو ببڕێتە هەزاس سآڵ دوای کوێربوونی،

نەئەو دەستەم کە مشت بکا بەرەو ئاسمان!

من ئێستاکە تەنیا خۆمم

ئەم و ئەو نیم

منی ئەمڕۆم

هی دوێنێ نیم

چاک ئەزانم دوێنێ چی بووم ئەمڕۆ چی هەم

بەڵام سبەی؟

نازانم چیم!

14/12/1993

بۆهاورێی خۆشەویستم کاکە شێرکۆ: بەناوی هەموو ئەو برادەرانەوە کەجاران وەک یەک پۆلە سوێسک بەناو چیمەنی باخی گشتی و مامەیارەو سەرچناردا، قۆڵ لەناو ‌قۆڵ و دڵ لەپاڵ دڵ رۆژگاری درێژمان کورت دەکردەوە، ئەم سروودە دەخوێنم کە هیوادارم کەمێک لە مەشاعیری ئێوەشی دەربڕیبێ.  دڵسۆزت ناصح  14/12/1993


نۆ بەشەکەی خۆم

چارەسەرەکانی حکومەتی هەرێم بۆ قەیرانی دارایی ئەم  حیکایەتە بیرپیاو دەخاتەوە. دەگێڕنەوە ئاغای گوندێک ئەوەندە باغ و عەیش و نۆشی دەبێت ئاو بەشی ناکات. پیاوەکانی بانگ دەکات و پێیان دەلێت بچنە سەرچاوەی کانیەکە و بیکەن بە دەبەشەوە. نـۆ بەشی داشکێنن بۆ من و بەشەکەی تری با بچێت بۆ ئاوایی. پاش ماوەیەک خەڵکی گوند بێئاوی پەرێشانیان دەکات و هاواریان لێ هەلدەستێت و دادیان دەبەنە لای ئاغا. ئاغا ش دەڵێ بەسەر چاو بۆتان چارە دەکەم. دیسان پیاوەکانی بانگ دەکات و دەلێََ بچن ئەم کێشەی بێئاوییەی ئاوایی چارە بکەن. دەلێن قوربان چۆن؟ دەسکاری سەرچاوەکە بکەین؟  دەڵێ  چی دەکەن بیکەن بەڵام دەسکاری نۆ بەشەکەی من مەکەن ، بزانن ئەوبەشەی خۆیان لەکوێ بەفیرۆ دەچێت رێکی خەنەوە بەڵکوو  بێدەنگ بن

!!!!


Ideology

When thinking turns into an ideology, name it nationalism, communism, religion whatever, that believes it is the ONLY RIGHT solution for all situations and gives itself the right to judge people on that basis, human dignity and justice turn into wishes!


Leave a comment

یادكردنه‌وه‌ له‌ دڵه‌وه‌

ئه‌مرۆ كه‌سوكاری یه‌كیك له‌شه‌هیده‌كانی كیمیابارانی سێوسینان له‌ چاوپیكه‌وتنیكی ته‌له‌فزیۆنیدا وتی من له‌ ژیانمدا یه‌كجار چووم بۆ مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌…. ئه‌بێ به‌رپرسان ئه‌وانه‌ی ئه‌م یاده‌ ریك ده‌خه‌ن له‌خۆیان بپرسن بۆچی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌بووایه‌ له‌هه‌موو كه‌س زیاتر نزیك بوون به‌و رووداوه‌ و تیایدا ژیاون و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی قوربانییان داوه‌ ئه‌وه‌ها بێزارن له‌ یادكردنه‌وه‌ی یه‌كیك له‌ گه‌وره‌ترین رووداوه‌كانی ژیانیان!
تیگه‌یشتن له‌ هه‌ستی ئه‌وژنه‌ كاریكی سه‌خت نیه‌.. ئه‌و به‌هیچ جۆریك نه‌ ئه‌و رۆژه‌ی بیرچۆته‌وه‌ و نه‌ ده‌تونێت له‌بیری بكات.. ئه‌وهه‌تاهه‌تایه‌ وه‌ك پارچه‌یه‌ك له‌ په‌یكه‌ری وجودی خۆی ته‌ماشای ئه‌و رۆژه‌ ده‌كات و رۆژانه‌ یادی ده‌كاته‌وه‌ شانازی به‌ قوربانییه‌كانی كه‌سوكارییه‌وه‌ ده‌كات. به‌ڵام ئه‌و به‌هیچ جۆریك رازی نیه‌ چه‌ند (غه‌ریبه‌یه‌ك) كه‌ هه‌ندیكیان به‌راستی نامۆن به‌و رۆژانه‌ و و ته‌قدیریشی ناكه‌ن، هه‌ندیكیشیان كوری ئه‌و رۆژانه‌ن به‌ڵام نامۆكه‌وتوون به‌ هه‌ستو سۆزی قوربانیانی رووداوه‌كه‌، بێنه‌ سه‌ر سه‌كۆ و قسه‌ بۆ ئه‌م بكه‌ن و لاف و گه‌زاف لیبده‌ن. ره‌نگه‌
ناخۆشترین كاتی بیرهینانه‌وه‌ی ساته‌ كۆنه‌كانی ژیانی تۆ ئه‌و كاته‌ بێت كه‌ كه‌سیكی تر به‌ بێ گویدانه‌ هه‌ستونه‌ستی تۆ یادی بكاته‌وه‌ و خۆی پیوه‌ بابدات….
له‌ یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی وا مه‌زندا پیوسته‌ (ئه‌كته‌ره‌كانی) ئه‌و كاره‌ساته‌ قسه‌ بكه‌ن و بیره‌وه‌ری خۆیان بگێرنه‌وه‌ و خه‌لكی تر گوێ بكرن چونكه‌ هه‌موو قسه‌یه‌كی ئه‌وان له‌ قووڵایی دله‌وه‌ ئاوێته‌ به‌ گه‌رمترین هه‌ست و سۆز دێته‌ ده‌ره‌وه‌
نه‌ك به‌رپرس و كه‌سانی نامۆ به‌و رووداوه‌ بچنه‌ سه‌ر سه‌كۆ و په‌خشانی سیاسی بخویننه‌وه‌ و قسه‌ی بێگیان و بێسۆز دووباره‌بكه‌نه‌وه‌.هه‌ندێك له‌مانه‌ كه‌ باسی كیمیابارانی سیوسینان یا هه‌ر كاره‌ساتێكی تر ده‌كه‌ن و خۆیانی پیوه‌ باده‌ده‌ن ره‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ زه‌حمه‌تیان به‌خۆیان نه‌دابێت ئه‌و كه‌سانه‌ ببین و به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئازاریان چه‌شتووه‌، هه‌تیو كه‌وتوون، كه‌سوكاریان شه‌هید بوون، یان ئه‌وانه‌ی ژیانی خۆیان خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و كۆمه‌كی قوربانییه‌كانیان كردووه‌ و دووریان خستوونه‌ته‌وه‌، چاره‌سه‌ریان كردن یان به‌ته‌واوی ئاراسته‌ی ژیانیان گۆراوه‌.ئه‌وان زیاتر حه‌زده‌كه‌ن بچنه‌ سه‌رگۆره‌كان.، تاجه‌ گولینه‌یه‌ك دابنین یان سه‌یری
چه‌ند تابلۆیه‌كبكه‌نه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌مانه‌ بێده‌نگن و بێگیان.
وادیاره‌ ئه‌م یادكردنه‌وانه‌ به‌لای لایه‌نی ریكخه‌ره‌وه‌ ته‌نیا تۆماركردنی چالاكییه‌ك و له‌كۆڵكردنه‌وه‌یه‌ك بێت نه‌ك نیشاندانی دلسۆزی بۆ مسه‌له‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی تیدا زیانمه‌ند بوون یان كاریگه‌رییه‌كیان هه‌بوو له‌ كه‌كردنه‌وه‌ی زیانه‌كانیدا.
******