Nasih Othman ——- د. ناصح قه‌ره‌داغى

Writings, research and lectures by Dr. Nasih Othman

بۆ سبەی

وەرگێران لە فارسییەوە: شیعری محەمەد زوهەری

لەسەیرانگای لاوێتییا

یادمان بکەن

ئەی هاوڕێیان!

ئێمە کەوا تاریکە شەو

لەژێر باڵێ ترسناکی شەمشەمەکوێرەی خوێنمژا

ئەم نقێمی بەربەیانی ڕووناکەمان

لە ئەنگوستیلەی سبەینێ هەڵبەستبوو!

خوێنی ئێمە

بە سووریی پەڕی گوڵاڵە

بە گەرمیی لێوی تاداری ئاشوفتەحاڵ

بە پاکیی جەستەی بێڕەنگی تکی ئاونگ

رأایە سەر دیواری هەرچی کۆڵانە

ڕەنگی کرد خاکی تینووی چی چیایە

بوو بە نەخشی فەرشی بەردی

مەیدانی هەرچی شارانە!

هەر ئەمەیشە ئەو ئاوریشمە نەرمە سوورەی

کە ئەی چنن

هەر ئەمەیشە ئا ئەو گوڵی ئاگرینی شەمدانییەی

کە لەباخی گەورەی شارا پێ ئەکەنن!

هەر ئەمەیشە ئا ئەو لێوی لەعلی ژنانەی

کە ئەخوازن!

گیانی ئێمە پەل ئەکوتێ

لە سروودی کۆڕی هەمیشەییتانا!

عەشقی ئێمە بەدی ئەکرێ

لە توێی پەڕی کتێبگەلی بەردەستانا!

هاوڕێیان ئێوە نازانن

چ تایەک بوو کە جەستەی لاوازی ئێمەی ئەتوانەوە

چ لێوانێک لە جێ بزە گڕیان ئەگرت

چ هیواگەل لە دڵێ خەڵتانی خوێنا ئەتوانەوە!

بەڵام ئێمە بەشی خۆمان بینیومانە

حەساری خامۆشی ڕەندان،

چۆن لە ناخا

بەستەی ژیان ئەخواتەوە

بە ژانەوە کە لەناو بۆتەی دەروونا

ئاسنی لەش داغ داغ ئەکا

تەلیسمی پیاوانی جادوو

بێ تەئسیر بوو

نە کەسێکمان کۆڵی لێ دا

نەکەسێکمان بە لاڕێگەی دوژمنا چوو

ئەم بەیانەش کە بەڕویی ماڵەکانتانا پێ ئەکەنێ

ئەم شەرابەش کە لەناو پێکەکانتانا قوڵپ ئەدا

شایەتمانن ئەی هاوڕێیان

گەواهیی نەبەزینمانن

شایەتی ورە و تینمانن

کە لە نەبەردەکانمانا گەرمتر ئەبوو!

***

Comments are closed.