Nasih Othman ——- د. ناصح قه‌ره‌داغى

Writings, research and lectures by Dr. Nasih Othman


تەلیسم

            تەلیسم بۆ د. مارف عومەر گوڵ

چی گەواڵەی ئاسمان هەیە

هەرچی “هەوری نەبان”1 هەیە

کۆبنەوە و هەموو بەسەر خاکا داکەن

قاسپەی شیعرت دڵی دامێن بێنێتە جۆش

گوێی شاخ کەڕ کا

فرمێسکی خەم کوێرەکانی بتەقێنێ

ئاهی ساردت وەکوو گەڵا بۆ روومەتی خاک سێبەر کا

زەحمەتە دی

جارێکی تر نێرگسەجاڕ مژدەی بەهار بە خاک بدا

گوڵاڵەی سوور هەواری عەشق بخەمڵێنێ

دەستی شنە گوڵە گەنم بلاوێنێ

پیرە بەڕوو بژێتەوە و گەڵا دەرکا

جادوویەکە لە خۆمان کرد

خۆمان دایە دەستی زریان

خاکمان تۆران

عەشقی رەنجبەرمان سەربڕی

ئاومان خنکان

!چیمان نەکرد

!پاکیمان کوشت، ناپاکیمان ناونا ویژدان

!ئەم تەلیسمی زوڵمە سا کەی بکرێتەوە

!ئەم “گریانی خوێنە “2 سا کەی ببڕێتەوە

داستانێکە سەرگەردانی ڕشتەیەتی

!جادووگەر ئامان، هیممەتێ

  ١١/٧/٢٠٢٠

 1،2: هەوێنی ئەم ڕامانە شیعرییە هۆنراوەی (هەوری نەبان) ی د. مارف عومەر گوڵە کە ساڵی ٢٠٢٠ بۆی ناردم و ئەو دوو چەمکەش لە هۆنراوەکەی ئەو وەرگیراون. یادی بەخێر. ***


نەفرین

نەفرین

بۆ ئەبوبەکر قەرەداغی

دەستی نازە یا قامچیی ر‌ق

خەزان لاسکی وشک هەڵاتووی

            گوڵانی تا دوێنی ڕەنگین،

ئەمرۆ بێتین،

ئەلاوێنێ!

گوڵێکی وشک

تۆوی لەسەر باڵی خەزان

کەوتە ئاسمان.

دەشتاو دەشت و چیا چیا

سوورایەوە

تا چاوی نێشت.

کاتێ تینی خۆری بەهار،

خوینی جمان

پێڵووی لاوازی هەڵهێنا

دی چواردەوری بەردەلانە

ژێری تاوێر

هەرچەند زەمین دەداتە بەر

تاسەی ڕەگی پاراو نابێ،

هەرچەند باڵای دەباتە سەر

هەتاو تێر تێر

پرچی گەلای شانە ناکا.

ئەی گولەکەی لەخەزان زاو

چارەنووسە یا نەفرینی خودایانە

وا شەوی تۆ تاریکترە؟

زەمینت رەق

زریانت سەخت،

مارو موری دەوروبەرت برسیترە؟

تۆ یەک گئڵ نیت،

تۆ یەک درەختی ئارەزووی

ناو گیاکەڵەی چارەنووسی

ریشەت لەناو دڵی بەردا داکوتاوە

زریان چۆکت پێ دانادا

بەفر پەنجەت ناتەزێنێ.

کام داربەڕوو

تینی رەگی لە رەگی تۆ بەهێزترە؟

کام سپیدار

باڵای لە باڵای ئارەزووی تۆ هەڵئەسوێ؟

کام گوڵاڵە وەک تۆ عاشق؟

کام نێرگسە وەک تۆ بۆنخۆش؟

کام وەنەوشە وەک تۆ پاک و بێ ئازارە؟

تۆ یەک درەختی ئارەزووی

ناو گیاکەڵەی چارەنووسی

دەمێ برسی

دەمێ تینووی

لق و پۆپت دادەپاچن

ئاگر لەباڵات بەر دەدەن

هەناوت رەش دادەگەڕێ

لەناو زاخاوی بریندا گینگڵ دەدەی

بەڵام هەرگیز چۆک دانادەی،

قەت ناکەوی

قەت نانەوی!

***

هاوینی 1994


بۆ جەمیل

بۆ جەمیل

جەمیل ئەی نەونەمامی پڕ شکۆفەی مێرغوزاری دڵ

جەمیل ئەی رەونەقی چەمەن، شاگوڵی لالەزاری دڵ

ئەی بە بۆنت موعەتتەر گوڵ، ئەی بە باست موفتەخەر جان

ئەی بە رەنگت موزەییەن هەر بیابانی بەیاری دڵ

بە شەمعی رووت مونەووەر هەر مەجلیس و مەحفەل و دیوان

بە شەمسی باوەرت مەعدووم شکوکی شەوی تاری دڵ

فەساحەت شەرمەزارە لە تەعابیری زمانی تۆ

کەلامت پەندی دانایە، نەوات نەغمەی هەزاری دڵ

دەستی خیلقەت چون دەستی تۆ مەحاڵە دی موسەووەر کا

کە نەخش و خەتت و خاڵی تۆ شەهیری شەهریاری دڵ

لە ئەو مەغزی بچووک هەڵدێ هەزاران فیکری بیکر و فەن

عولەما مات موشتاقن لە عیجزی شاهکاری دڵ

جەماڵت ئایەتی کەماڵ کەماڵت موجمەلە ئەمما

بە بێ ناصح فەنایی بێ سەلاحی کەسب و کاری دڵ

1991

***

بۆ سەلاح

تەعریفی جەمیڵ سەد ئەوەندە جوان

ژیری و هونەر و ئەدەب و ئیمان

هێشتا یەک قەترەن لە دەریای ئەوساف

بۆ سەلاحی دڵ، بۆ سەلاحی گیان

***


سروودی گۆڕان

سروودی گۆڕان

شەوبوو ئەوسا

جەنگەڵ تاریک،

زریان چاوی هەڵدەکۆڵی،

ئێمە گەش بووین

ئێمە دڵمان چراخان بوو

لەلابەلای شەوەزەنگدا،

پەلکەزێڕینەی هیوامان بەدی دەکرد

باخچەی دڵمان هەمیشە سەوز،

گوڵباران بوو

خەزان وەرزی پێشینیان،

ژاکان داستانی پیران بوو

بێزاری بێز، گریان شەرم،

کەنەفتی ئابڕووتکان بوو

بەرچاومان ڕوون، رێگەمان تەخت،

ئایندەمان وەرزی دروێنەی زەحمەتی ئەمڕۆمان بوو

ئێمە ئەوسا یەک پوورەهەنگ،

یەک پۆلە سوێسک، نەوای دڵچەسپی یەک ئاهەنگ،

ئاسمانی شینی ساماڵ بووین

یەک بازووی پڕ،

یەک شاباڵ بووین

راستی ئێمە چی بووین ئەوسا!

یا مناڵ بووین، یا خەیاڵ بووین

بەڵام ئەفسووس!

وەک پۆلەسوێسکی سەرکانی

دوای شریخەی راوچیی کەمین،

بنچک بنچک،

 بن بەرد بن بەرد،

پەرشیان کردین،

ئەژنۆی ترس و دەستی قەدەر

خولیای ئاوات و سەودای سەر

ئێستاش جارجار لەدوورەوە،

یا لەبرسا

یا لەترسا

یا لە بێزاریی تەریک بوون،

یان بەیادی رەوتی سەر سەوزەگیای ئەوسا

جارجار بۆ یەکتر ئەخوێنین

بەڵام قاسپەی ساردو بێ گیان

تەزوو ناهێنێ بە لەشدا وەکوو جاران

ئێمە ئێستاکە گۆڕاوین

کوانووی ساردی دامرکاوین

ئێمە ئێستاکە خۆمانین،

 یەکتری نین

ئێستاکە من

نەئەو دڵەم

کە بەخەیاڵ دڵی خۆش کا،

نەئەو چاوەم

کە چاو ببڕێتە هەزاس سآڵ دوای کوێربوونی،

نەئەو دەستەم کە مشت بکا بەرەو ئاسمان!

من ئێستاکە تەنیا خۆمم

ئەم و ئەو نیم

منی ئەمڕۆم

هی دوێنێ نیم

چاک ئەزانم دوێنێ چی بووم ئەمڕۆ چی هەم

بەڵام سبەی؟

نازانم چیم!

14/12/1993

بۆهاورێی خۆشەویستم کاکە شێرکۆ: بەناوی هەموو ئەو برادەرانەوە کەجاران وەک یەک پۆلە سوێسک بەناو چیمەنی باخی گشتی و مامەیارەو سەرچناردا، قۆڵ لەناو ‌قۆڵ و دڵ لەپاڵ دڵ رۆژگاری درێژمان کورت دەکردەوە، ئەم سروودە دەخوێنم کە هیوادارم کەمێک لە مەشاعیری ئێوەشی دەربڕیبێ.  دڵسۆزت ناصح  14/12/1993


Leave a comment

سروودی رووخان

سروودی رووخان

هه‌نگاوم نا

به‌ناو ته‌ما

به‌به‌رده‌ڵان و گوێ چه‌ما

چاوم كرده‌ چراو تیشكی

پربه‌ تووله‌رێی شه‌وه‌زه‌نگ باڵی كێشا

دڵم كرده‌ به‌له‌مێك و

به‌ناو ده‌ریای شێتا بێده‌نگ وه‌ك مار كشا

باكم نه‌بوو له‌تاریكی

له‌ دووریی رێ

له‌هه‌زاران كۆسپ و چقڵی تیژی به‌رپێ

ساله‌های ساڵ رێگه‌ی سه‌ختم كوتایه‌وه‌

ئای كه‌ هاواری تاساوو ده‌ردی سه‌ریم

له‌هه‌گبه‌ی ره‌شی یادمدا پێچایه‌وه‌

له‌پێناوی رۆژانێكدا:

مێژوو پێی ده‌ڵێ داهاتوو

رووخێنه‌ری كۆشكی كۆن وته‌رمی رزیوی رابوردوو

به‌خه‌یاڵی پێكه‌نینێك ناخی دڵم بله‌رزێنێ

ژانی ساڵه‌های كه‌نه‌فتی و دڵشكانی به‌رده‌وامم بره‌وێنێ

هه‌نگاوم نا

هه‌نگاوم نا بۆ داهاتوو

ساڵێك ة دوو ساڵ ، سه‌د ساڵ هه‌زار

تاقه‌تم چوو

ئیستێكم كرد

بۆ رابودوو

كه‌تاو ئه‌و كاته‌ جێی نیگای یه‌كسه‌ریم بوو

ئاورێكی رقم داوه‌

چی ببینیم

دڵ داخورپا و ده‌ستی یه‌ئس

كه‌وته‌ بینم

ئه‌و رابوردووی له‌به‌رچاوم

رۆژگارێكی لێك جیاوازبوو

فلیمێك بوو،،  یه‌ك ره‌نگ و روو

شوێن پێكانم هه‌موودیاربوون

هه‌زاران جار هه‌مان هێڵییان په‌ستابۆوه‌

هه‌مان رێچكه‌یان جاره‌ها

پێچابۆوه‌

هه‌نگاوه‌كان بازنه‌یی بوون

به‌ده‌وه‌ری خاڵی رووخاندا سووریان ده‌خوارد

ئه‌وه‌ی لای من داهاتوو بوو

ته‌نیا خاڵیكی سه‌ربازنه‌ی زه‌مه‌نم بوو

چه‌نده‌ها جار لوولم دابوو به‌ رابوردوو

ده‌ریای فرمێسك به‌له‌می دڵی له‌رزانم

هه‌وری ره‌شی بێچاره‌یی

رووناكی چاوی خنكانم

تینی ئه‌ژنۆم شكاو ده‌ستم

كرده‌ دارعاسای رووخانم

بریارم دا:

كات له‌لای من بێئاراسته‌و ریگا بازنه‌ی داخراوه‌

جووڵان گیژه‌نه‌و سه‌ركه‌وتن

بلقی ئاوی دامركاوه‌

پاڵم داوه

به‌خاڵێكی وه‌ستاوه‌وه‌

ده‌فته‌ری یادم ده‌رهێنا

په‌ره‌كانیم هه‌موودراند

پاكی یاده‌كانم سووتاند

كارتۆنیكی گه‌وره‌ی ره‌شم

له‌چه‌قی ریگا هه‌لواسی

رووم كرده‌ خۆم

به‌پیتی گه‌وره‌ لێم نووسی

دوێنێ و ئه‌مرۆ و هه‌زار سبه‌ی-

-رووخان روووخانی په‌ی ده‌رپه‌ی

ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ سه‌ره‌تای سالی 1986 نووسراوه‌

****


Leave a comment

Ya’s

یاْس

چە گردبادى

مارا بە گردش وامیدارد

بى انکە حتی

کورەراهى درپیش باشد.

شبحوار درتاریکى

مثل سایە فانوسى

آویزان درمعـرض باد

میلرزیم و پنداشتی

شتابان،

بە پیش!

سکون عفریتی است ترسناک

گامهای ما گریزان

سوار بر اسب امید

بە پیش

زیر باران

زیر افتاب سوزان.

اما دریغ

شبح سفیدی بیش نیشت

کە مارا

از سکونی بە سکون دیگر میخواند.

پنداشتیم هر گامی

آیندەیست جدا

کە در ان

چراغ نو میسوزد و

هزاری دیگر ماخواند

ولی افسوس

گردبادی بیش نیشت

کە مارا بە گردش وامیدارد

بی انکە حتی

کورەراهی درپیش باشد

******

ناصح قرةداغى، مازندران 1373


Leave a comment

Azar

ئازار

هۆنراوه‌ی : فه‌ره‌یدون موشیری

نازانم و

-ئه‌مه‌ش مایه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی سه‌ختمه‌-

که‌ بۆ مرۆڤ، ئه‌م دانایه‌،

په‌یامبه‌ره‌

له‌ هه‌وڵیدا:

-که‌ له‌راده‌ی موعجیزه‌شی ره‌ت کردووه‌-

که‌چی په‌یی به‌ موعجیزه‌ی خۆشه‌ویستی نه‌بردووه‌،

له‌به‌ر چییه‌؟

***

له‌به‌ر چییه‌

که‌ هێشتاکه‌

میهره‌بانیی نه‌ناسیوه‌؟

وه‌ نازانێ له‌توێی زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کدا

چ شتگه‌لی سه‌رسورَهێنه‌ر شاراوه‌یه‌!

***

من لام وایه‌، له‌م دنیایه‌

چاک بوون –به‌ خوا- له‌ گشت شتێ ئاسانتره‌

وه‌ ناشزانم،

بۆچی مرۆڤ،

به‌م راده‌یه‌

له‌گه‌لڕ چاکی

بێگانه‌یه‌.

ئه‌مه‌ش مایه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی سه‌ختمه‌!

***


Leave a comment

Bawki Shehidm

بۆ باوكی شه‌هیدم

له‌ رۆژی 20/1/1987 دا رژێمی ئێران تۆپ بارانی ناو شاری سلێمانی كرد و ژماره‌كی زۆر هاووڵاتی شه‌هید بوون. ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ له‌گه‌رمه‌ی ئه‌و كۆسته‌دا نووسراوه‌ و پێشكه‌شه‌ به‌ گیانی باوكم و هه‌موو شه‌هیه‌ده‌كانی به‌رخانه‌قای ئه‌و رۆژه‌.

زرم دیسان ناله‌ی تۆپه‌ و په‌یامی مه‌رگ گه‌یشته‌ شار
راپێچی كرد به‌ره‌و ئاسمان خوێنی ئاوێته‌ی به‌رد و دار
فریشته‌ی مه‌رگ ته‌كان ئه‌دا هه‌تا نووكی قولاپ باشتر
گیركا له‌سه‌ر دڵی خه‌ڵكی له‌وانی تر به‌خت ره‌شتر
پیاوی له‌ مردن نه‌ترساو، ژنی هه‌میشه‌ راچه‌نیو
مناڵی هیشتا به‌خه‌ویش ده‌موچاوی مردوو نه‌دیو
په‌له‌یانه‌و موچڕكی ترس پساندوویه‌ هێزی ئه‌ژنۆ
ته‌كان ئه‌ده‌ن به‌ره‌و پێش و شه‌قام نایانگرێته‌ خۆ
تۆش له‌گه‌ڵ لێشاوی خه‌ڵكا شه‌قام شه‌قام هاتیته‌ خوار
گه‌یشتیته‌ به‌رده‌گاكه‌ی دووه‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شار
ویستت به‌ره‌و كۆڵان لاده‌ی هه‌نگاوت به‌گوێی نه‌كردی
راسته‌ رێگه‌ت گرته‌به‌رو ئه‌جه‌ل به‌ره‌و مه‌رگی بردی
ئه‌توت “یاره‌ببی ئه‌مجاره‌ش چه‌پۆكی مه‌رگ لێمان دوور بێ
ده‌ریای ره‌حمت بۆ ئه‌م عه‌بده‌ موسلمانه‌ت بێ سنوور بێ!”
ناڵه‌یه‌ك و چه‌خماخه‌یه‌ك شه‌قام له‌به‌رچاوت لوول بوو
رێبوار و ڕێ، خانوو و دووكان هه‌موو نوقمی گه‌رده‌لوول بوو
ویستت بڵیی چه‌رخی زاڵم گوناهی من چی بوو، كه‌ی بوو
به‌ڵام سه‌د داخ په‌پووله‌ی گیان بۆ به‌هه‌شت ئه‌فڕی په‌له‌ی بوو!
سا پێش ئه‌وه‌ی خاك به‌ خوێنی ده‌سته‌یه‌كی تر ره‌نگ بكرێ
پێش ئه‌وه‌ی خوا بۆ بینینی تاوانێكی تر ده‌نگ بكرێ
پێش ئه‌وه‌ی خه‌م له‌ناو دڵی چینێكی تر بگرێ سه‌نگه‌ر
پێش ئه‌وه‌ی شین له‌ناو ماڵ و مزگه‌وتێكى تر بێته‌ ده‌ر
جێمان بێڵه‌ بۆ فرمێسك و ده‌ردی سه‌ختی بی باوكیمان
به‌ دڵی پڕ حه‌سره‌ته‌وه‌ ماڵ ئاوایی بكه‌ لێمان
ماڵ ئاوایی له‌ دنیای رق، دنیای درۆ و پڕ مه‌ترسی
دنیای نوقمی زوڵم و ڕییا و ئه‌سیری گورگه‌لی برسی
ئه‌و دنیایه‌ی په‌نجا ساڵ بوو بۆ تۆ ره‌نج و نه‌داری بوو
هه‌ڵپه‌ی نان و خه‌می خێزان، هی ساتێ به‌ختییاری بوو
ئه‌تویست به‌ری دره‌ختی ره‌نج پشوویه‌ك بێ بۆ چه‌ند ساڵێ
ئاره‌قی نێو چاوی ماندوو به‌ شنه‌ی خۆشی راماڵێ
به‌ڵام ئه‌فسووس ده‌ستی پاك و دڵی پاك و زمانی پاك
كه‌ی هه‌ڵ ئه‌كه‌ن له‌ وڵاتی كاوه‌یه‌ك و سه‌د ئه‌ژده‌هاك!
ده‌سا بنوو له‌باوه‌شی سه‌یوانیكَا كه‌ ده‌ریای خوێن
له‌ ناخیایه‌ و په‌یتا په‌یتا میوانی خوێنینی بۆ دێن
بنوو له‌ دیوه‌خانی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی نه‌یانزانی
بۆچی كوژران یاخود چی بوو دوژمنیان ناوو نیشانی!

******
27/1/1987 به‌له‌كجاری قه‌ره‌داخ


Leave a comment

Krmi tawan

کرمی تاوان

هه‌ندێ ديمه‌ن ئه‌وه‌نده‌ ناشيرينه‌ نازانى چۆ‌ن باسى بكه‌ى!

په‌پووله‌یه‌ک
باڵی له‌ژێر پۆستاڵی زوڵما هه‌ڵوه‌ری
دڵی له‌ناو کووره‌ی رقا
له‌شیش درا.
هه‌ست وسۆزی
به‌شاڵاوی ئۆردووی گومان
ئه‌نفال کرا.
خه‌ونه‌کانی ناو قه‌فه‌سی هه‌ڤده‌ ساڵه‌ی
واخ به‌ بلۆک،
ئۆف به‌ له‌قه‌،
بمرم! به‌به‌رد
چه‌ند شێرانه‌، بێباکانه‌
پێما‌ڵ كرا!
****

ئه‌ی قوربانيى هه‌‌زارداوى تازه‌و ره‌سه‌ن!
ئه‌و دڵانه‌ی
لێزمه‌ی قینیان به‌سه‌ر عه‌شقی تۆدا باران
کامیان به‌دوور له‌ غایه‌له‌ی عه‌شق و تاسه‌ن؟
ئه‌و مێشکانه‌ی
فتوای خوێنی تۆیان نه‌ڕان
که‌ی له‌ مێشکی پڕ خه يالَت رووناکترن!
ئه‌و ده‌ستانه‌ش چنگیان گیرکرد له‌ جه‌سته‌ی تۆ
کامیان له‌ ده‌ستی بێوه‌ی و بێنازکه‌وتووی تۆ پاکترن؟
***

ئه‌ی په‌پووله‌ی له‌ خه‌م ره‌خسیو
که‌ به‌هارت له‌ نه‌ورۆزا زستان کرا
گیانت له‌ لوتکه‌ی شادیا له‌دار درا،
تۆ داسه‌کنای
خه‌مت نه‌ما، ژانت نه‌ما
تاسه‌ و له‌رزی ژوانت نه‌ما.
به‌ڵام گیانت، مه‌رگ و ژانت
وه‌ک په‌ڵه‌ هه‌ور
به‌ ئاسمانی ئه‌م وڵاتا ده‌شتاو‌ده‌شت و چیا چیا،
له‌گه‌ڵ (دوعا)ی فه‌ڕ و پیتا
شه‌ما‌ڵ ده‌يبات و ده‌يهێنێ.
بارانی خه‌م، بارانی سۆز
به‌سه‌ر خاکا ئه‌بارێنێ.
تۆوی هیوا
به‌سه‌ر کێڵگه‌ی ناكاميدا ئه‌وه‌شێنێ .
****

من دڵنیام
ئه‌و بیر و دڵ و ده‌ستانه‌ی
په‌ڕه‌ی باڵی تۆیان وه‌ران
ئه‌گه‌ر ساتێ له‌ کونجی سۆز و عیرفانا
له‌ کتێبی دڵ بڕوانن
په‌شیمانن،
کرمی تاوان هه‌ڵئه‌هێنن
له‌وه‌ی به‌سه‌ر خۆیان هێنا!
له‌وه‌ی به‌سه‌ر تۆیان هێنا،
ئه‌ی په‌پووله‌ى كوشته‌ى هيوا!
30-04-2007
*****


Leave a comment

Zmani niga

زمانی نیگا

هۆنراوه‌ی هوشه‌نگ ئیبتیهاج(سایه‌)

که‌س په‌ی نابا به‌م سه‌رگوروشته‌ی نێوانی من و تۆیه‌

هه‌تا گۆڕینه‌وه‌ی نیگا نامه‌کانی من و تۆیه‌

گوێم لێ بگره‌ به‌ لێوانی خامۆشه‌وه‌ بۆت ده‌دوێم

وه‌ڵامم ده‌ به‌و نیگایه‌ی که‌ زمانی من و تۆیه‌

سه‌رده‌مێکه‌ که‌س ناوداری رێگه‌ی ئه‌وینی نه‌دیوه‌

وا ئێستاکه‌ چاوی جیهان چاوه‌ڕوانی من و تۆیه‌

گه‌رچی هیچ که‌س به‌ خه‌ڵوه‌تی رازی دڵمان په‌یی نه‌برد

له‌ گشت لایه‌ باس له‌ ئه‌وینی په‌نهانی من و تۆیه‌

وه‌ک به‌هاری دڵ و گیان به‌، وه‌کو خه‌زان به‌ ئه‌گینا

چه‌ند زۆره‌ باخ و به‌هاری که‌ خه‌زانی من و تۆیه‌

ئه‌م هه‌موو داستانی فیرده‌وس و ئاره‌زووی به‌هه‌شتانه‌

باس و خواس و خه‌یاڵێکی ئه‌م جیهانی من و تۆیه‌

با نه‌خشی ئێمه‌ نه‌کێشن له‌ سه‌ر ده‌روازه‌ی ئه‌قڵدا

له‌ هه‌رکوێ نامه‌یی ئه‌شقه‌ ناونیشانی من و تۆیه‌

سایه‌! شه‌وقی مانگ و هه‌تاو له‌ ئاته‌شکه‌ده‌ی مه‌وه‌یه‌

وای له‌م ئاگره‌ گڕاوه‌ی که‌ له‌ گیانی من و تۆیه‌!

1998

*****