وەرگێران لە فارسییەوە: شیعری سوهراب سپیهری
چ دەشتانێکی بەرینن!
چ کیوگەلێکی بڵندن!
لە گوڵستان چ بۆنێک لە گیاوە دەهات!
لەو دێیە من بەدوای شتێکدا دەگەڕام:
ڕەنگە لە سۆراخی خەوێک
لەدووی نوورێک،
دەنکە لمێک، پێکەنینێک.
لەودیو درەختەکانەوە
بێخەیاڵییەکی پاک بوو بانگی لێم دەکرد
گەشتبوومە لای قەڕەمێک،
با دەهات و منیش گوێم گرت
کێ بوو لەگەڵم دەدوا؟
مارمێلکەیەک خشپەی بۆ کرد
کەوتمە ڕێ
کێڵگەی وێنجە بوو لەسەر ڕێم
ئنجا بێستانی خەیار و بنچکی رەنگاورەنگ
پاشان فەرامۆشیی زەمین.
***
لەکەناری جۆگەیاکا
کەوشم داکەند، دانیشتم و پێم لە ئاوا
ئەمڕۆکە چەند سەوزم ئەمن!
جەستەم تا چ حەد هۆشیارە!
نەبا غەمێ لە پشت چیاوە بمگاتێ.
کێیە لەپشت درەختەکان
نا هیچ نیە جووڵەجوولی مانگایەکە!
نیوەڕۆیەکی هاوینە
سێبەرەکان ئەزانن چۆن هاوینێکە
سێبەرەکان چڕ، بێ پەڵەن
پەنایەکی پاک و ڕۆشن
ئەهای ئەی منداڵانی هەست، لێرەدایە شوێنی یاری
بۆش نیە ژین
هەیە سێو و میهرەبانی، هەیە باوەڕ
بەڵێ هەتا،
گوڵاڵە سوورەیەک مابێ، ئەبێ بژین!
***
لەدڵی منا شتێکە، هەروەکوو دارستانی نوور
وەکوو خەوی دەمەو بەیان
هێند بێ ئۆقرەم، ئارەزوومە
تاکو ئەوپەڕی دەشت هەڵێم
هەتا سەری چیا بڕۆم
لەو دوورەشەوە ئاوایی بانگ ئەکا لێم !
***