وەرگێران لە فارسییەوە: شیعری سوهراب سپیهری
با ئاو لێڵ نەکەین:
رەنگە کۆترێ دابەزیبێ بۆ ئاو خواردنەوە
یا لە بێشەی دوور، بووکەسوورەیەک باڵ بشواتەوە
یا لە ئاوایی گۆزە پڕ بکەن!
با ئاو لێڵ نەکەین:
نەوەک ئەم ئاوە رەت ببێ بە بن دارچنارێکا و
کەسەری دڵێک بشۆرێتەوە
نەوەکا دەستی دەروێشێ نانی وشکی تێ ژەنێ
ها لەکەناری ڕوبار ژنێ جوان
با ئاو لێڵ نەکەین!
دەموچاوی جوان دووقات جوان بووە!
چ شیرینە ئاو!
چ سافە ڕوبار!
خەڵکی لای سەروو چەندێ بەسەفان
کانییان پڕ ئاو، مانگاکانیشیان یاخوا پڕ شیر بن
نەم دیوە دێیان
گومانم نیە پەنا چەپەریان شوێن پێی یەزدانە
مانگەشەو لەوێ هەموو شوێنێکی پێ چراخانە
گومانم نیە کە دێی لاسەروو دیواریان نزمە
خەڵکی ئەزانن گوڵاڵە سوورە گوڵێکی چۆنە
گومانم نیە ئەوێ شین شینە
لە پشکوتنی هەموو خونچەیەک، خەڵک خەبەردارن
چۆنە دێیەک بێ!
ناو باخەکانی پڕ مۆسیقا بێ
خەڵکی سەر روبار لە ئاو تێ ئەگەن،
لێڵ نەکردنیش!
کەواتە ئێمەش با ئاو لێڵ نەکەین!
***