وەرگێران لە فارسییەوە: شیعری نادر نادرپوور
ئەمڕۆ هێشتا بریقەی پێکەنینی خۆر
لەودیو بانی ماڵانی دوور دییاری بوو
لە أوورەکەی منا ئەگڕا شەمعدانێ
شنەی مەست لەگەڵی خەریکی یاری بوو
پەخشی ئەکرد هەوا لە زەردەی هەتاوا
گوڵاوی هەور بەسەر گوڵ و گوڵدانانا
نەخشی ئەکرد پەنجەی باران پەیتا پەیتا
وێنەی تازە لەسەر تەمی لووتکەکانا
لەهەوادا نەوای کزی سازێ ئەیڕشت
ترپەی دڵی کەسێکی بە ژان ئاشنا
شنەی با لە کۆڵانێکی خامۆشەوە
هێشتا تەپەی پێیەکی دووری ئەهێنا
بۆ ئەو شەوە من چاوەڕوانی کەسێ بووم
کە لام وابوو چیتر سەردانم ناکا هەر
لەناو دڵما دەنگێکی ئاشنا ئەیوت
کە ئەو هەرگیز پەیمانەکەی ناباتە سەر
لەگەڵ مۆمی نیوەگیانا دڵ ئەسووتا
غەمێ ناڵەناڵی لە سینەما ئەکرد
سەدایەکی ئاگرینی دەڕشتە دڵ
هەزار نووکە دەرزیی بە جەستەما ئەکرد
شەوی بێ مانگ لەناو قڕا گیرۆدە بوو
زەمین و ئاسمان، شیرین خەولێکەوتوو
لە سینەما دڵ وەک تەپڵی بۆش لێی ئەدا
هاوئاوازی دڵی بێ ئۆقرەی سەعات بوو
هێشتا ئامێزی گوڵدانی بلووریی من
پڕاوپڕی گوڵی بۆنداری شەوبۆ بوو
دەنگی خەندەیەک لە پلیکانەوە هات
ئەی خودایە! ئەمە دەنگی خەندەی ئەو بوو!
***