وەرگێران لە فارسییەوە: شیعری نادر نادرپوور
تۆ ئەو باڵندە رەنگینەی ئاسمان بووی
کە لە کۆی نامۆوە هاتی بۆ لانەی من
وەک شەپۆلی با لە پەردەی ئاوریشم با
لەرەی باڵت خزایە ناو گۆرانیی من
لە نووەی سرکی بەیانی ، پەڕت گوڵرەنگ
جەستەت گەرمای هەتاوو بۆنی باران بوو
دیاریی شنەی باڵت عەتری گوڵ بوو بۆ من
کە وەک با فێری گەنجینەی بەهاران بوو
کە مژدەی دیداری خۆری لە تۆوە بیست
دڵم بزواو بوخۆی وادەی رزگاریی دا
چرایەک لە پشت قەرەمی ئاسمان ڕووا
کە بە لانەی من ڕەنگی ڕۆشنایی دا
ئەی باڵندەی بێشەی نامۆ، من تۆم ناسی
بەڵام چ کەڵک؟ هەروەکوو تیشک گوزەرت کرد
لەم لانەیە چی بوو هێندە ئۆقرەت نەگرت
بۆچی وا زوو لەم ئاسمانە سەفەرت کرد
کاتی کۆچت ئەی میوانی بێ خەمی من
خامۆش بووم و دەنووکم لەژێر باڵم نا
دەمی بەیان لە تاجی کاژ زەردە لێی دا
بەرەو دارە دوورترەکان پەنام هێنا
وای لەو غەمەی کۆچی تۆ کە وەک شوعلەیەک
فێری کردم لە ئاگری داغا بژیم
پەستیی دووریت ئەی هەڵفڕیو لە دڵی من
فێری کردم چۆن بە تاک و تەنیا بژیم
***