Nasih Othman ——- د. ناصح قه‌ره‌داغى

Writings, research and lectures by Dr. Nasih Othman

وەک بڵێی

وەرگێران لە فارسییەوە: شیعری ئەحمەد شاملۆ

لەم ماڵە تارا ئەڵێی چی هەیە

لەگەڵ من ڕق و دوژمنیی هەیە

لەو قەلە رەشەی لەبان ئەخوێنێ

تا ئەو چرایەی با ئەی لەرزێنێ

ئەڵێی نائومێدی شەپۆل ئەدا

لەناو ئارامیی ئەم وێرانەدا

وەک بڵێی مەرغ گۆرانی بڵێ

لەناو بێدەنگیی ئەم غەمخانەدا

ئەڵێی بەردەوام لەناو ئەم ماڵا

چالاکییەکەم رائەکا لە من

ئەڵێی چی هەمە و نیمە لەم ناوا

سەراپا هەموو پۆشراوی غەمن

ئەڵێی دانە دانەی خشتەکانی

سەریان ها لەسەر ئەژنۆکانی غەم

کۆڵەکەکانی لێی درێژ کەوتوون

کەموزۆر لەبەر ئاگردانی غەم

ئەڵێی هەرچییەک لەم ماڵەدایە

لەژێر سێبەری غەما شاراوە

هەرشەو دایکی غەم لەکاتی خەوا

چیرۆکی مەرگی بەگوێدا داوە

لەهەیوانێکا ئەڵێی شەوانە

تارماییەکان پرسە دائەنێن

لە خۆراواوە بێوەژن ناچار

لەژێر ئەملاولای تاقا ئەچەقێن

ئەڵێی لە ڕوونی رۆژەکانیدا

تاریکیی شەوی ساردی پەنهانە

ئەڵێی سەرەتای شەو لەبەردەرگا

غەمی سبەینێ بۆی جاوەڕوانە

وێران بێ کە تێیدا حەسرەتی مەرگ

ئەک ئەرژێ بەسەر پەیکەری ژینا

وێران بێ کەوا هەرچی تێدایە

ژانی دوێنێیە و غەمی سبەینا

***

Comments are closed.